(14/7/2023)، (65)ساڵ به‌سەر ئەو روداوەدا تێدەپەڕێت کە سیستمى حوکمى لە عێراق گۆڕى کە تائێستا له‌سه‌ر ناوهێنانی ئه‌و روداوه ناكۆكی و مشت‌ومڕ هه‌یه، هه‌ندێك به “شۆڕش” و هه‌ندێكی دیكه به “كوده‌تا” ناوی ده‌به‌ن، بەڵام دواى ساڵانێک و گۆڕانکارییەکان کە عێراقییەکان باج و خوێنیان لە پێناویدا هێشتا سیستمەکە لەئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە و تائێستاش خەڵک داواى ماف و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکەن.
لە (14)ی ته‌مموزى ساڵى (1958)، هاوڵاتیانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی وه‌ك رۆژانی تر سه‌رقاڵی به رێكردنی ژیانی ئاسایی خۆیان بون، به‌ڵام دوچاری سه‌رسوڕمان بون كاتێك له رادیۆوه به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ ده‌ستكرا به بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگی (الله اكبر)و په‌خشكردنی سرودی نیشتیمانی و سرودی شۆڕشه‌كه‌ی ره‌شید عالی گه‌یلانی.
عێراقییه‌كان به تاسه‌وه له‌چایخانه و شوێنه گشتییه‌كان گوێیان بۆ رادیۆ هه‌ڵخستبو له‌نێو خۆیاندا مشتومڕیان بو، تا ئه‌و كاته‌ی بێژه‌ره‌كه په‌خشی بڕی و به‌ده‌نگێكی گڕ رایگه‌یاند “پاش كه‌مێكی تر هه‌واڵێكی گرنگ له رادیۆی عێراقه‌وه له به‌غدا بڵاوده‌بێته‌وه”.
بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا كێشا كه له‌شه‌قامه‌كاندا كۆببونه‌وه، دوای چه‌ند خوله‌كێك له‌چاوه‌ڕوانی جارێكی تر بێژه‌ره‌كه گه‌ڕایه‌وه و به‌ده‌نگێكی گڕو حه‌ماسییه‌وه وتی: “عه‌قید روكن عه‌بدولسه‌لام عارف به‌یاننامه‌ی ژماره یه‌كی شۆڕش ده‌خوێنێته‌وه”.
بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز به سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولسه‌لام عارف و عەبدولکەریم قاسم به‌ته‌واوه‌تی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان له عێراق خسته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی یه‌كه‌كانی لیوای بیسته‌وه له ژێر فه‌رمانیدا بون توانی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپا‌و رادیۆ و كۆمه‌ڵگه‌ی به‌داله‌ی ته‌له‌فۆنی ناوه‌ندی كۆنترۆڵ بكات، بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز به سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولسه‌لام عارف به‌ته‌واوه‌تی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی له عێراق خسته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه و كۆتایهێنانی به ده‌سه‌ڵاتی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دوه‌م و رژێمی پادشایه‌تی به‌یه‌كجاری راگه‌یاند.
به‌یاننامه‌ی ژماره (یه‌ك)
عه‌بدولسه‌لام عارف به‌ناوی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌یاننامه‌كه‌ی خوێنده‌وه و تێدا روخاندنی رژێمی پادشایه‌تی و دامه‌زراندنی رژێمی كۆماری له عێراق راگه‌یاند.
هه‌ر له‌به‌یاننامه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تی وڵات راده‌ستی ئه‌نجومه‌نێكی سه‌رۆكایه‌تی كرا كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆماری هه‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی راپرسی ده‌كرێت و سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێردرێت.
به‌بیستنی ئه‌م هه‌واڵه هاوڵاتیانی عێراقی و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نه‌یاری رژێمی پاشایه‌تی بون، ده‌ستیانكرد به هوتافكێشان و دروشمی “ئێمه سه‌ربازی تۆین ئه‌ی سه‌لام”یان ده‌وته‌وه، نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش دروشمیان به باڵای عێراقدا ده‌وته‌وه و داوای یه‌كگرتنیان ده‌كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتی عه‌ره‌بیدا كه به‌كۆماری یه‌كگرتوی عه‌ره‌بی ناوده‌برا، له‌كۆتایی رۆژه‌كه‌شدا گوێیان له ناوی سه‌ركرده‌كانی دیکەى بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز بو له‌نێویاندا (عه‌بدولكه‌ریم عارف).
شۆڕش یان كوده‌تا؟!
دواى (65)ساڵ، تائێستا له‌نێوان هاوڵاتیانی عێراقدا مشتومڕه‌كان له‌باره‌ی ناوهێنانی ئه‌و شۆڕشه یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ (14)ی ته‌مموز “شۆڕش” بوه یاخود ” كوده‌تا”؟!.
له‌فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا (شۆڕش) چه‌ند پێناسه‌یه‌كی هه‌یه، له‌پێناسه كۆنه باوه‌كه‌دا كه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین كڵپه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا دانراوه، شۆڕش به‌و جوڵانه‌وه‌یه ده‌وترێت كه تێیدا گه‌ل به‌سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌بژێر و رۆشنبیره پێشه‌نگه‌كانی رژێمی حوكم له وڵات‌دا له‌رێگه‌ی هێزه‌وه بگۆڕێت، ماركسییه‌كان گه‌شه‌یاندا به‌م تێگه‌یشتنه و ده‌سته‌واژه‌ی “ده‌سته‌بژێرو رۆشنبیره پێشه‌نگه‌كان” گۆڕی بۆ سه‌ركرده كرێكارییه‌كان كه ئه‌وان به “دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا” ناویان ده‌هێنا.
تێگه‌یشتنی هاوچه‌رخ بۆ شۆڕش بریتیه له‌و گۆڕانكارییه‌ی كه گه‌ل له‌رێگه‌ی ئامرازه‌كانیه‌وه وه‌ك “هێزه چه‌كداره‌كان” یاخود له‌رێگه‌ی “كه‌سایه‌تییه مێژوییه‌كانه‌وه” ئه‌نجامی ده‌دات، به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئاره‌زوه‌كانی بۆ گۆڕینی ئه‌و رژێمی حوكمه‌ی كه ناتوانێت ئاره‌زوه‌كانی به‌دی بهێنێت، به‌ڵام كوده‌تا به جوڵانه‌وه‌یه ده‌وترێت كه كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی به سه‌ركردایه‌تی یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان پێی هه‌ڵده‌ستن به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی خۆیان.
هه‌ندێك له خه‌ڵك به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی پشتوانی رژێمی پاشایه‌تی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز رویدا كوده‌تا بو، چونكه وەک ئەوان دەڵێن؛ رژێمی پاشایه‌تی عێراق رژێمێكی دیموكراتی بوه و بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز به‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌رگای له‌سه‌ر كوده‌تا و حوكمی سەربازیى له عێراق كردوه‌ته‌وه، هه‌ر به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستن‌و زۆرجار به‌رپرسیارێتی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه دواتر‌و له ماوه‌ی حوكمڕانی حزبی به‌عسدا به‌سه‌ر گه‌لی عێراقدا هات ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانەی پشتیوانی بزوتنه‌وه‌ی (14) ته‌مموز ده‌كه‌ن ده‌ڵێن؛ بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز بوه‌ته قوربانیی به‌عسییه‌كان و ئه‌و شۆڤێنیانه‌ی كه دواتر له ساڵی (1963) ده‌ستیان به‌سه‌ر شۆڕشدا گرت.
هۆكاره‌كانی ته‌قینه‌وه‌ی قه‌یرانی حوكمی پاشایی له عێراق
له شیكاریكردنی روداوه مێژوییه‌كان هه‌میشه ئاماژه بۆ دو هۆكار ده‌كرێت بۆ رودانی روداوه‌كان، هۆكاری راسته‌وخۆ و هۆكاری ناڕاسته‌وخۆ، روداوه‌كه‌ی (14)ی ته‌مموزی ساڵی (1958)ی عێراقیش بێ به‌ش نیه له‌و دو هۆكاره.
هۆكاره ناڕاسته‌وخۆكانی (14)ی ته‌مموز
ژماره‌یه‌ك هۆكار هه‌بون كه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌بو له‌سه‌ر دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز‌و روخاندنی رژێمی پاشایه‌تی له عێراق، له‌وانه له‌باربردنی شۆڕشه‌كه‌ی ره‌شید عالی گه‌یلانی و شكستهێنانی حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له‌جه‌نگی ساڵی (1948)ی فه‌له‌ستین و ده‌ركه‌وتنی ته‌وژمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی له‌دژی هه‌ژمونی به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نساو ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه‌دا.
له‌ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا له‌و كاته‌دا ته‌وژمی شۆڕشگێڕی له بره‌ودا بو، جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌كی چڕ پشتیوانیان له‌سه‌ركرده لاوه شۆڕشگێڕه‌كان ده‌كرد به‌تایبه‌تیش بزوتنه‌وه‌ی ته‌مموزی ساڵی (1952)ی میسر.
یه‌كێكی دیكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌وترێت به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رپابونی بزوتنه‌وه‌ی (14)ی ته‌مموز هه‌بوه، رێككه‌وتنی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری سه‌عید بوه له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا له چوارچێوه‌ی (په‌یمانی به‌غدا) كه له‌و كاته‌دا وه‌ك گرێبه‌ستێكی ستراتیژی بۆ هێنانی هه‌ژمونی به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نساو دواتر هێنانی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه مه‌ریكا بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سامانی نه‌وتدا له‌ناوچه‌كه وه‌سفده‌كرا، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌مه‌به‌ستی وه‌ستانه‌وه به‌ڕوی یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا.
هۆكاره راسته‌وخۆكان
زۆرێك له‌مێژونوسان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕان كه توڕه‌یی خه‌ڵك له داگیركاری به‌ریتانیا بۆ عێراق دوای روخانی شۆڕشه‌كه‌ی ره‌شید عالی گه‌یلانی له ساڵی (1941) و له سێداره‌دانی ئه‌فسه‌ره ئازادیخوازه‌كان كه به‌شدارییان له شۆڕشه‌كه‌دا كردبو هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رپابونی شۆڕشی (14)ی ته‌مموز بوه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ باس له چه‌ند هۆكارێكی تر ده‌كرێت، كه كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر به‌رپابونی شۆڕشی (14)ی ته‌مموز هه‌بوه، له‌وانه خراپی بارودۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش به‌هۆی شكستهێنانی رژێمی پادشایه‌تی له‌به‌دیهێنانی خواسته‌كانی خه‌ڵك‌و ده‌ركه‌وتنی وه‌ك رژێمێك كه به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌ریتانیاوه له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل.
هه‌ژمونی كۆمپانیا بیانییه‌كان به‌سه‌ر ئابوری عێراقدا یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌تایبه‌تیش له‌بواری نه‌وتدا كه ده‌وترێت بوه‌ته هۆی داكشانی ئابوری عێراق‌و هه‌ڵاوسانی نرخ و گرانبونی كاڵا له وڵات‌دا.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌و كاته‌دا رژێمی عێراق له‌ژێر هه‌ڵمه‌تێكی توندی راگه‌یاندنی میسر‌و سوریادا بو به‌هۆی به‌شداریكردنی له (په‌یمانی به‌غدا) رادیۆكانی قاهیره‌و میسر كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بیری خه‌ڵكی عێراق دانا بو سه‌باره‌ت به حكومه‌ته‌كه‌یان كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی خۆرئاوا رێككه‌وتنی كردبو.
دوای روخاندنی رژێمی پادشایه‌تی‌و راگه‌یاندنی یه‌كه‌مین كۆماری عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم بو به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند له ساڵی (1963)دا حزبی به‌عس كوتاده‌ی به‌سه‌ردا كرد و عه‌بدولسه‌لام عارف بو به سه‌رۆكی وڵات.
دوای ئه‌م قۆناغه ئیدی سه‌رده‌می كوده‌تاكردن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له عێراق ده‌ستیپێكرد‌و تا ئه‌و كاته‌ی سه‌دام حسێن له‌ساڵی (1979) هات و تا ساڵی (2003) جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌بو.
رۆژی (14)ی ته‌مموز جه‌ژنی نیشتیمانی ره‌سمی عێراق بو تا ئه‌و كاته‌ی له‌ساڵی (1968)دا حزبی به‌عس ده‌سه‌ڵاتی به‌ته‌واوه‌تی گرته‌ده‌ست، لە دواى روخانى رژێمى بەعس، وه‌ك یادێك بۆ ئه‌و رۆژه (14)ى تەمموز کراوەتە پشوی فەرمی له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات.