بەکارھێنانی زمان بۆ ھەر پێڕەوێکی یاسایی یەکلاکەرەوەیی و حەتمییە، بەو مانایەی ئەو زمانە ئیدی دەبێتە زمانی حوکم و پەیڕەوکردن، بەجۆرێک بەھۆیەوە ھەم ژیان و رەفتاری تاک سنوداردەکرێت ھەم حوکم لەسەردراو وابەستەی حوکمی ئەو زمانە دەبێت، بێگومان ئەمەش جیاوازە لە یەکلاکەرەوەیی بەکارھێنانی زمان لە پێڕەوبەندی بابەتەکانی دیکەی بۆ نمونە وەک سیستمی سیاسیدا.
لەم روانگەیەوە یاسادانەرەکان Lawmakers زمان بۆ داڕشتنی یاسا و دروستکردنی دەقی یاسایی بەکاردەھێنن، بەجۆرێک ئەم یاسایە پێویستە چارەسەری کێشەکانی دەسەڵات بەھۆی کاریگەری بەکارھێنانی زمانەکەوە بخاتەڕوو.
لەم دیدەوە دەبێت ئەو جیاوازییە بەرجەستەبکرێت کە فەیلەسوفە رامیارییەکان بۆچی خۆیان بە بابەتەکانی فەلسەفەی زمانەوە سەرقاڵناکەن و پتر گیرۆدەی بابەتە سیاسییەکانن، وەلێ فەیلەسوفە قانونییەکان بەھۆی تایبەتمەندێتیان لە بەکارھێنانی زمان و کارپێکردنی بەردەوامیان بە فەلەسەفەی زمان لە ھەمانکات فەیلەسوفی رامیاریشن.
ئا لێرەوە دەگوترێت فەلەسەفەی یاسا بەھۆی فەلەسەفەیەکی بنەمایی بەکارھێنانی زمان و واتاوە، ھەروەھا بەھۆی فەلسەفەیەکی پوختی بەدامەزراوەکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان بەھۆی زمانەوە بەدەستدەھێنرێت، ھەر ئەمەشە وادەکات بنێسمان Bentham یاسا بە کۆمەڵێک ھێما پێناسەبکات.
شیلا ھیت Sheila Hyattدەڵێت: ئەگەر بمانەوێت لە یاسا بکۆڵینەوە، ئەوا زمان گرنگترین ئۆبجێکتی لێکۆڵینەوەکەیە، چونکە ھەموو بارە یاساییەکان بۆ ئەو واتایە دەگەڕێتەوە کە حوکمی پێدەکرێت، ھەر ئەمەشە وادەکات بوترێت ئەو کاتە فێری زمانێکی نوێ دەبیت، کە یاساکەت پشکنیبێت، بەو مانایەی فێرخواز فێری یاسای وڵاتەکە بووبێت.
شیلا ھیت زیاتر لەمە دەڕوات و دەڵێت: لەوانەیە تۆ بتەوێت فێری ھەندێ وشەی نوێ لە زمانی دووەمدا ببیت، کە ھەرگێز پێشتر رووبەڕووی نەبویتەتەوە، یان رەنگە واتای ھەندێک لە فرێزەکان بۆ تۆ ھێندە نوێ بن کە پێشتر بە ھیچ جۆرێک مومارەسەی بەکارھێنانت نەکردبێت، ھەموو ئەمانەش بریتین لە واتای زاراوەیی یاسای بەکارھێنانی ئەو وشە و فرێزانە، بۆ نمونە تۆ لە زمانی ئینگلیزیدا چی دەزانی دەربارەی واتای یاسایی وشەیەکی وەک impleader یاخود واتای یاسایی فرێزێکی وەک res judicata، ھەموو ئەم واتایانە وشەکانء بەکارھێنانیان دەبنە بنەمای تێگەیشتن لە چۆنێتی مامەڵەکردن و ھەڵسوکەوتکردن بەو زمانە لە ھەمانکات پێویستی و ناچاری فێربوونی یاسای ئەو وڵاتە.
ئەوەی لەمە ئاڵۆزترە ناسینەوەی واتای یاسایی ئەو وشانەیە کە واتایەکی جیاواز لە وشەکە خۆی یاخود ھەڵگری واتایەکی نوێیە، بۆ نمونە بەکارھێنانی وشەیەکی وەک maliceلە یاسادا بە واتای رق و پلەنزمی نایەت بەڵکو جیاواز لە واتا فەرھەنگییەکەی بە واتای (فەرامۆشکردنی راستی) بەکاردەھێنرێت.
ھەروەھا شیلا ھیت پێیوایە واتای وشەکان فراواندەکرێت، پابەندبوونء گۆڕانی واتاییان پەیوەستە بەو دەوروبەرەی تیایدا بەکاردەھێنرێت، بۆ نمونە وشەیەکی وەک divorce لە دەوروبەرێکدا بە واتای نیشتەجێبووی شوێنێک دێت، ئەمە ئەگەر ئەو کەسە بۆ ماوەی ٦ مانگ لە شارێکدا مابێتەوە، بەڵام لە دەوروبەرێکی تردا بە مانایەکی دیکەی جیاواز لەم واتا یاسایییە دێت.*
کەواتە پەیوەست بەم بۆچوونەی شیلا ھایت کە دەرخەری بەھای زمانی یاسایە، زمانی یاسا کۆپەیوەندییەکە لەنێوان ھەردوو توخمی زمان و یاسادا بەجۆرێک ئەگەر یاسا دیاریکردنی سنورێک بێت بۆ رێکخستن و پۆلێنکردنی رێکخستنی کۆمەڵایەتی، ئەوا زمان خودی ئامڕازو بەدیھێنەری ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیەیە، ئەمەش وەھا دەکات یاسا بەو پێڕەوە لە قەڵەمبدەین کە بەھۆی زمانەوە تەکنیکدەکرێت.
لەمبارەیەوە ھارتHart پێیوایە، یاسا بریتییە لە پێڕەوێکی یاسایی داخراو کە لە کۆدە زمانییەکان پێکھاتووە، خودی ئەم پێڕەوەش لەسەر ھەردوو بنەمای چۆنێتی داڕشتنی یاساکان و بابەتێتی یاساکان داڕێژراوە. بەمپێیە یاسا دوو پێڕەو لەخۆدەگرێت پێڕەوێکی داخراو کە پێڕەوێکی یاسایی لۆجیکی داخراوە لەگەڵ پێڕەوێکی کراوە کە پێڕەوی لۆجیکی کراوەی زمانە، پێکەوەبەندی و گرێدانی ئەم دوو پێڕەوە زمانی یاسا چێدەکات.
کەواتە بنەڕەتی جیاوازی فۆرمی یاسایی لە فۆرمە نوسراوەکانی دیکە، وەک Kelsenian ئاماژەی بۆ کردووە بریتییە لە چەمکی بابەتیبوون و لۆجیکی داخراوەیی پێڕەوەکە، ئەم تایبەتمەندێتییەش بە رای دانێت Danet چەند ئەرکێک جێبەجێدەکات ھەروەک سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پەیوەندییە مرۆییەکان، سەرلەنوێ بونیادنانەوەی فەرمانە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی نەشکاندن و دیاریکردنی چالاکی و کارە رێپێدراوو رێپێنەدراوەکان، ھەروەھا ئەرکی یاسابەندکردنی کۆمەڵ لە رێگەی دامەزراندن و خستنەڕووی ئەرکە ناچارییەکانەوە کە پێویستە جێبەجێبکرێن.
کاتێک باس لە زمانی یاسا دەکرێت، بەگشتی دوو چەشن دەگرێتەوە کە بریتیتن لە ئاخاوتنی یاسایی و داڕشتەی یاسایی، ئاخاوتنە یاساییەکان ئەو چەشنەیە لە ئاخاوتنن کە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بەدیدێت ھەروەک خوێندنگە، پەیمانگا، زانکۆ، یاخود لەلایەن پسپۆڕە یاساییەکانەوە گوزارشتدەکرێن وەک پارێزەر، دادوەر، قازی و لێکۆڵەر و …تاد، ھەرچی جۆری نوسینە ئەوا دەقە یاسایی و پرۆژەیاساکان دەگرێتەوە.
بەدەر لەم جیاکردنەوەیە، جۆرێکی دیکەی زمانی یاسا پەیوەستە بە کۆی بەکارھێنەرانی زمانەوە لە ئاخاوتنی ئاسایی رۆژانەدا، بە واتا خەڵک بە گشتی تاچەند ئاگاییان بە وشەو فرێزە یاساییەکان ھەیە و سنوری واتای یاساییان نەبەزاندووە، ھەروەک (دەستە، ئەنجومەن، لەناوبردن، سزا، دانپێدانان…تاد) بۆ نمونە ئەگەر لە دەزگایەکی فەرمیدا فەرمانبەرێک بە بەرامبەرەکەی بڵێت (لەناوت ئەبەم) تا چەند دەربڕەکە ئاگایی بە وشەی (لەناوبردن) وەک واتای فەرھەنگی و وەک واتای یاسایی ھەیە، لەلایەکی دیکە تا چەند لە دەربڕینی فۆرمێکی ھەڕەشەئاسای وەھادا لە رووی یاساییەوە بەئاگایە، لەم نمونەیەوە دەکرێت پرسی کۆی ئەم گوتارە دەربارەی بەئاگایی تاکی کورد بێت لەسەر:
١-بەکارھێنانی فۆرمە زمانییەکان لە رووی واتای یاساییانەوە، بەجۆرێک ئاخێوەرانی زمانی کوردی تا چەند ئاشنان بە واتای زاراوەیی بەکارھێنانە یاساییەکان بۆ نمونە رادەی ئاگایی بە گوتنی فۆرمێکی ھەڕەشە یان ھەڕەشەئاسا یان سوکایەتیپێکردن یان ناوزڕاندن یان …تاد چەندە، ھەڵبەت ئەم پرسیارەش لەلایەک لەو لێشاوی کۆمێنتانەوە سەرچاوەدەگرێت کە بەکارھێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ھەروەھا میدیاکاران و نوسەران وەک توانج وء تانە و تەشەر و…تاد بۆ لایەنی خواستراو بەکاریدێنن، لەلایەکی دیکە.
٢-پرسیارکردن بێت دەربارەی داڕشتنی بڕگە یاساییەکان، بەو واتایەی تا چەند ئەو بڕگانە کشانی واتایی لێدەکەوێتەوە و لێکدانەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کە ئەمە دەبێتە کەلێنێکی گەورە لە داڕشتنی بڕگە یاساییەکاندا، چونکە بەپێی ئەو پێناسەیەی سەبارەت بە زمانی یاسا پێشتر خرایەڕوو بڕگەی یاسایی دەبێت حەتمی و دیاریکراو بێت و بەھیچ جۆرێک دیدو لێکدانەوەی دیکە لەخۆنەگرێت. بۆ نمونە پێویستە لە بڕگە یاساییەکاندا ھەریەک لە (کاراو کارتێکراو وەک بابەت و کردە) بە تەواوی دیاریکراوبن، حوکمدان بە سزا لەرێی ئاوەڵکردارەکانی وەک (ھەر، تەنیا، جگەلە…) یەکلایبکرێتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە بەکارھێنانی ئەو وشە فەرھەنگیانەی لە زماندا فرەواتان یان لە ھەندێ دەوروبەردا مانایی دژواتایی دەگوێزێتەوە، یاخود جۆرێک لە ھاوواتایی بەشەکی لەخۆدەگرێت پێویستە لە یاسادا بە چەشنی زاراوە، مەودای بەکارھێنانی سنوردار بکرێتء دووربخرێتەوە لە لیڵی واتایی، لە تەک ئەمەش رێنوس دیوێکی دیکەی گەیاندنی واتایە، کە بەھیچ جۆرێک ناکرێت فەرامۆشبکرێت.
لەم مەودایەدا رۆشنبیری و ئەکادیمیانی کوردی، خاوەنی کەمترین لێکۆلێنەوەی زانستی و گوتاری زانستییە، وەلێ خۆشبەختانە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی خاوەنی توێژینەوەکە بەناونیشانی (داڕشتەی زمانی یاسایی لە زمانی کوردیدا)، بەو ئومیدەی ئەم بابەتە (زمانی یاسا) لە داھاتوودا ببێتە پنتی بایەخی ئاخێوەران و پسپۆڕان وء توێژەرانی زمانی کوردی کۆبوونەوە دوای کۆبوونەوە، بووەتە سیماى دۆخى سیاسى هەرێم، بەڵام بێ بەرهەمى و بێ ئەنجامى کۆبوونەوەکان وایانکردووە، نەبنە جێگای بایەخی خەڵک.