ئەو ڕۆژەی دەنگی گریانی هاتنە دونیای ئەو کۆرپە کوردە؛ لە شاری(ڕەشت)ی ئێران بەرز بوویەوە؛ بەروار؛ ڕۆژی ۲ی مانگی سەفەری ساڵی ۱۹۷۹ بوو۰
ڕەنگە ئەوکات خانەوادەی ئەو منداڵە؛ وە هیچ کوردێکیش نەیانزانیبێت؛ کە هاتنە دونیای ئەو منداڵە؛ هاتنە دنیای منداڵێک نەبووە بە تەنیا؛ بەڵکو هاتنە دونیای ڕووداوێک بووە کە بۆ سەدەیەک دوای خۆی؛ ببێتە ڕیوایەتی ئازادی و چاوی تاریکی و دیکتاتۆرەکانی نەتەوەکەی خۆی(کورد) کوێر بکات۰
ڕەنگە ئەو ڕۆژەی لە شاری ڕەشتی ئێران؛ ئەو کوڕە کۆرپە کوردە لە دایک بوو؛ هەر لەو ڕۆژەدا؛ ئەم شیعرەی “فایەق بێکەس” ی شاعیر؛ لە خوێنی ئەو کۆرپەلەیە و دەنگی گریانیدا بەرجەستە بووبێت:
داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ؛ قەت بەرناگرێ
سەربەخۆیی بێ فیداکاری؛ ئەبەد سەرناگرێ
بەڵام ئەو هێشتا هەر کۆرپەلەیەک بوو بە تەنها و لە ماناکانی ئازادی و ستەمکاری تێنەدەگەیشت و؛ نەیدەزانی ڕۆژێک گەورە دەبێت و؛ تەمەنی گەنجی خۆی دەبەخشێتە بەهای ئازادی و؛ تاریکی پێ ڕاودەنێت لە سووچی هەر کوچەیەکی نیشتیمانەکەیدا و؛ ستەم و سەرکردەکانی دەخاتە مەترسییەوە۰
ئەو منداڵە؛ ” کاوە ئەحمەد محەمەد”ە؛ ناسراو بە “کاوە گەرمیانی”۰
کاوە؛ لە ساڵی ۱۹۸٤ دا؛ خراوەتە بەر خوێندن و لە خوێندنگەی “نیزال”دا؛ کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بە خوێندنگەی “مرواری” لە شاری کەلار؛ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە۰
تاوەکو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە؛ بەڵام پاش ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات؛ ئیتر هەژاری و خراپی گوزەرانی ماددی؛ وەک گێژەڵۆکەیەک ژیانی خانەوادەکەی کاوە بەرنەدات و؛ کاوە ناچار دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و ئەرکی بەخێوکردنی دایک و خوشک و براکانی دەکەوێتە گەردن۰ بە دوای ئیشکردندا ڕۆژ تا ئێوارە شەکەت و ماندوو و لەم ئیش بۆ ئەو ئیش ڕادەکات؛ تا ژیانی خانەوادەکەی بژی ومەمرە لە برسێتی ڕزگار دەکات۰
کاوەی هیمەت بەرز؛ هەر لە ساڵی نەوەدەکاندا؛ لەبەر هەژاری خانەوادەکەی و بۆ باشترکردنی گوزەرانیان؛ چەندین جار ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکات ؛ بەڵام وەک ئەوەی خوداوەند کاوەی بۆ ڕاوەدوونانی ستەمی سەرکردەکانی وڵاتەکەی خۆی(کوردستان)خەلق کردبێت؛ تا وانەی ئازادییان پێدابدات و؛ ببێتە وانەی ئازایی و ئازادیخوازیش بۆ نەوەکانی دوای خۆی ؛ بۆیە لە هەموو جارەکاندا سنوورداش دەکرێت و دەگەڕێنرێتەوە!
کاوە بە پێچەوانەی کوڕی بەرپرسەکانەوە؛ کە بە عەقڵێکی بۆش و بەتاڵەوە لە نێو تەلاری نێو هەورەکان دەژین؛ ئەم لە نێو خانووە قوڕینەکەی خۆیاندا؛ هەمیشە خەمی مەعریفە و هۆشیاری بوو۰ بۆیە جگە لەوەی شارەزاییەکی باشی لە هەردوو زمانی فارسی و عەرەبیدا هەبوو؛ بۆیە بەر لە کارکردنی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا؛ هۆنراوەی دەنووسی و؛ شیعر و ئەدەب تاکۆتایی ژیانی هاوڕێیەکی نزیکی کاوە بوون۰ ئەو درەختەی شیعر؛ کە هیچ سەرکردە و سیاسییەک؛ هەرگیز نەیانوێراوە لە ژێر سێبەرەکەیدا دابنیشن؛ چونکە سیاسییەکان هەمیشە لە شیعر و ئەدەب ترساون و؛ بە مەترسییان زانیوە بۆ پێگە ناشرینەکەیان!
کاوە دواتر دەستی بە کاری ڕۆژنامەگەری کرد و؛ سەرەتای کاری ڕۆژنامەگەری ئەو؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۰۲؛ کە بە ڕۆژنامەگەری فۆتۆگرافەری دەستی پێکرد و؛ دەیویست لەو ڕێگەیەوە؛ وێنەی شوێنە وێران و کاولبووەکانی وڵاتەکە بێخاوەنەکەی خۆی بگرێت و پیشانی کۆمەڵگاکەی بدات؛ بەناوی”وێنەکان خۆیان دەدوێن”۰
دواتر دەستی کرد بە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و بابەت بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و؛ لەگەڵ زۆرینەیاندا کاری ڕۆژنامەگەری دەکرد۰
کاوەی نەمر؛ لە ساڵی ۲۰۰۷دا؛ وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ؛ بوو بە پەیامنێری هەردوو ڕۆژنامە و سایتی “ئاوێنە” و “ڕادێۆی ئازادی”۰
کاوە جگە لەوەی ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بوو؛ بەهۆی کارە ڕۆژنامەنووسییە پرۆفیشناڵەکانییەوە؛ پلەی ئەندامێتی؛ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیشی پێبەخشرا۰
دواتر وەک پەیامنێری سایتی “ئاوێنە” و “ئاوێنەنیوز” کاری کردووە۰ هەروەها پەیامنێری هەریەک لە ڕۆژنامەی”کوردستان ڕاپۆرت” و ڕۆژنامەی “ڕێگای کوردستان”بووە۰ دواتریش بووە بەپەیامنێری ڕۆژنامەی”گەرمیانی ئەمڕۆ”۰
کاوەی قارەمان؛ وەک ئەوەی ویستبێتی هەرگیز ڕێگە نەدات؛ بەرپرسە گەندەڵەکانی وڵاتەکەی؛ یاری بە بەها و کەرامەتی هاونیشتیمانییەکانی بکەن و پێیان بێژێت ؛ یەقینتان هەبێت هەرگیز کۆڵنادەم لە ئاشکراکردنی ڕووی ناشرینتان؛ بۆیە لە ئەنجامی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانیدا؛ لە ساڵی۲۰۱۱دا کێبێکی بڵاوکردەوە؛ لەژێر ناونیشانی”گەرمیان لە نێو بەڵگەنامە ڕەشەکاندا”۰
کاوەی ئازادیخواز؛ لە نیسانی ساڵی ۲۰۱۲دا؛ بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری”گەڕان”۰
کاوە چاونەترسانە؛ بەردەوام بوو لەسەر پرۆژەکانی لە بواری ڕۆژنامەگەری و بەگژاچوونەوەی گەندەڵیدا؛ ئەوە بوو لە بەرواری ۱۰/۹/۲۰۱۲ دا؛ گۆڤاری “ڕایەڵ”ی بڵاوکردەوە؛ بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی بەرپرسانی سنوورەکە؛ کە خودی خۆی خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەری بوو؛ زۆرینەی ڕاپۆرتەکانیش دیسان خۆی ئامادەی دەکرد۰ تا ساتی تیرۆرکردنیشی؛ بەردەوام بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ڕایەڵ؛ کە کۆتا ژمارەی گۆڤاری ڕایەڵ بەر لە تیرۆر کردنی؛ ژمارە ۱٤ بوو۰
کاوەی نەمر؛ لە بەرواری ۱۲/۱۲/۲۰۱۲دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا لەگەڵ خاتوونی ڕۆژنامەنووس و کەسوکار ئەنفالکراو” شیرین ئەمین”دا۰ بەڵام دووژمنانی ئازادی و جوانی؛ نەیانهێشت ساڵێک بەسەر هاوسەرگیرییەکەیانداتێپەڕ ببێت و؛ بەر لەیادکردنەوەی ساڵیادی هاوسەرگیرییان؛ کاوەیان تیرۆر کرد و؛ ئەویان لە شیرین و شیرینیان لە ئەو جیاکردەوە! بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش کوڕێک بوو بە ناوی “ئامەد” کە بەر لەهاتنە دنیای؛کاوەیان شەهید کرد و هەرگیز نەیانهێشت؛ بۆ یەکەمین جار؛ ئەو کۆرپە و باوکە بە دیداری یەکتر بگەن!
کاوە چونکە بەهەژاری ژیا؛ بە پێچەوانەی بەرپرسە بێباکەکانەوە؛ هەمیشە خەمی هەژارانی هەبوو؛ بۆیە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی خێرخوازی گەرمیان۰
ئەو کوڕە نەمر و کۆڵنەدەرە؛ وەک ئەوەی هەرگیز نەیویستبێت کۆڵ بدات لە کوێرکردنی چاوی گەندەڵکاران؛ بۆیە کەمپینێکی ڕاگەیاند بەناوی” دادگایی کردنی ئەو بەرپرسانەی کەتێوە گلاون لە گەندەڵی” و؛ لەسەر هەمان پرسیش ئیمزایەکی زۆری کۆکردەوە۰
کاوە؛ سەرپەرشتی و بەشداری چەندین خۆپیشاندانی کردووە و؛ چەندین جار لێی دراوە و؛ تەنانەت لووتیشی لەلایەن دەزگاد ئەمنییەکان و ئاسایشەوە شکێنرا۰ ئەمە جگە لەوەی؛ چەند جارێک دەست بەسەر کراوە و هەروەها کامێرا و مۆبایلەکەشیان شکاندووە۰
ئەوە بوو سیاسییە ترسنۆک و بەرپرسە نابەرپرسەکان؛ وەک ئەوەی لە ناشرینییە زۆرەکانی خۆیان دڵنیابووبن و ترسیان لە ئاشکرابوونی زیاتریان هەبێت؛ بۆیە لە هەوڵە ڕۆژنامەنووسییە کۆڵنەدەر و سەربەخۆکانی کاوە زیاتر ترسان و؛ لە شەوێکی زستان و باراناوییدا و؛ لەبەرواری ۱۲/٥/۲۰۱۳ و لە باوەشی دایکیدا و لەنێو حەوشەی خانووە قوڕەکەی خۆیاندا لە لایەن ئاسایشێکی یەکێتی و چەند کەسێکی نەناسراو تیرۆریان کرد!
ڕەنگە ئەو ساتەی کاوە ئامادەبوو؛ لە پێناو ڕاستیدا سنگی خۆی بداتە بەر گوللە؛ ویستبێتی بە بەبەرپرس و سیاسییە قێزەونەکان بڵێت؛ قەڵەم هەمیشە شاد و گەردنکەشە و لە پێناو ڕاستیدا لە مردن سڵ ناکاتەوە؛ْ بەڵکو ئەوە ئێوەن ترسنۆکانە تەنیا گوللە شک دەبن!
ئەو دەمەی کاوە تیرۆرکرا؛ ڕەنگە ویستبێتی لە تانەلێدانێکدا لە دەسەڵات و سیاسییەکان؛ بە خۆی و ؛ بەڕۆژنامەنووسە ماستاوچیی و ترسنۆک و کۆیلەکانی دەوروبەری حیزب و دەسەڵاتیش” نیمایوشیج” ئاسا بێژێت: “ئەگەر مەردی ڕێگایت؛ بزانە ڕێگات لەو گەمژانە جودایە؛ کە گەرەکیانە خۆیانت بەسەردا بسەپێنن۰”
ڕەنگە هەر ئەو ساتەش؛ کە ئەو کۆرپەی شاری ڕەشتی ئێران و ئەو کوڕە کوردە شەهیدکرا؛ لەنێو فیشکەی خوێنەکەیدا؛ ویستبێتی لەگەڵ شیعرەکەی “فایەق بێکەس” ی شاعیردا؛ بە ڕۆشنبیرە ناراستگۆ و ڕۆژنامەنووسە درووشمبازەکانی کورد بێژێت:
پیاو ئەمڕۆ؛ بۆ سەندنی حەققی؛ لە مردن سڵ ناکا
هەر(بڕووخێ)بەس نییە؛ تاکــو نەســەنرێ نادرێ