ئاژانسى رۆژنامه‌وانى فه‌ره‌نسى بڵاویكردوه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ى 4 مانگدا 200 حاڵه‌تى خۆكوشتن له عیراقدا تۆماركراون، كه چه‌ند حاڵه‌تێكى له په‌خشى راسته‌وخۆی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بوه.
ئاژانسه فه‌ره‌نسییه‌كه له‌راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه، حاڵه‌تى خۆكوشتن له‌عیراقدا له‌زیادبوندایه و چه‌ندین هۆكارى له پشته له‌دیارترینیشیان بارودۆخى ده‌رونى و عاتیفییه، به‌جۆرێك ته‌نها له 24 كاتژمێرى ئه‌م مانگه‌دا، سێ حاڵه‌تى خۆكوشتن تۆماركراون، كه دوو پیاو و ژنێك بوون، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى هه‌وڵى خۆكوشتنی داوه رزگارى بوه و ته‌مه‌نى 22 ساڵه و ره‌گه‌زى مێیه.
له‌باره‌ی ههوڵهكهیهوه ئه‌و كچه وتویه‌تی “هیچ روناكییهك له‌ژیانمدا نه‌بوه و ده‌یان جار هه‌وڵى خۆكوشتنم داوه و یه‌كه‌مجار له ته‌مه‌نى 12 ساڵیدا بو”.
یه‌كێكى دیكه له‌و كه‌سانه‌ى هه‌وڵى خۆكوشتنى داوه گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵی دیكه بوه و وتویه‌تی “رێگه‌یان نه‌دا كچى خه‌ونه‌كانم بكه‌مه هاوسه‌رم، هیچ رێگه‌یه‌كى دیكه‌م له‌به‌رده‌ستدا نه‌بو، كه‌سوكارى ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت هاوسه‌ره‌كه‌شى به بژارده‌ى ئه‌وان بێت”.
به‌پێى هه‌مان راپۆرت، هۆكاره‌كانى خۆكوشتن و هه‌وڵدان بۆ ئه‌و كاره ته‌نها له‌چوارچێوه‌ى خۆشه‌ویستى و ره‌تكردنه‌وه‌ى هاوسه‌رگیریدا ناوه‌ستێته‌وه، به‌ڵكو هۆكارى دیكه‌ی وه‌ك نه‌خۆشى ده‌روونى و كێشه‌ى ئابورى و بێكارى-یش هه‌ن، به‌جۆرێك 20%ى عیراقییه‌كان بێكارن و ئه‌وه‌ش له‌دیارترین هۆكاره‌كانى خۆكوشتنه.
محه‌مه‌د ره‌بیعى، كه فه‌رمانده‌ى پێشووى پۆلیسى روباره‌كان بوه له‌عیراقدا، ده‌ڵێت “36 كه‌س له‌نێوان مانگى یه‌ك بۆ چواری ئه‌مساڵ هه‌وڵى ئه‌وه‌یان داوه خۆیان هه‌ڵده‌نه روباره‌وه و خۆیان بكوژن، به‌ڵام رزگاركراون، هه‌ندێكجاریش كه‌سانێك خۆیان هه‌ڵداوه و فریاى رزگاركردنیان نه‌كه‌وتوین”.
باسى له‌وه‌شكردوه، یه‌كێك لهحاڵهتهكانى خۆكوشتن كه زۆر جێگه‌ى داخه، ئه‌وه بوو ژنێك منداڵه 5 ساڵانه‌كه‌ى هه‌ڵداوه‌ته روبارى دیجله‌وه و دواتریش خۆى هه‌ڵداوه، كه منداڵێكى دیكه‌ی له‌باوه‌شدا بوه، هه‌رچه‌نده توانیویانه ژنه‌كه و یه‌كێك له‌منداڵه‌كانى رزگاربكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه منداڵه‌كه‌ى دیكه‌ی گیانى له‌ده‌ستدا.
به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤى په‌رله‌مانى عیراق، له‌ساڵى 2016دا ژماره‌ى خۆكوشتن 383 حاڵه‌ت بووه، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌به‌رزبونه‌وه‌دا بووه‌و له‌ساڵى 2018دا گه‌یشتوه‌ته 519 حاڵه‌ت، هه‌روه‌ها له 4 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا ژماره‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى تۆماركراون 199 حاڵه‌ت بووه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كى دیكه‌ش حاڵه‌ت هه‌ن، كه له‌ناوچه شیعییه عه‌شایه‌ریه‌كان و هه‌رێمى كوردستان و له‌خۆرئاواى ناوچه سوننیهكاندا تۆمارنه‌كراون و خێزانه‌كانیان ئاشكرایان نه‌كردوه، چونكه پێیان شه‌رمه و وا ده‌زانن شه‌رمه‌زارى بۆ خێزانه‌كانیان ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خۆكوشتن پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانى ئایینى ئیسلامه.
پزیشكێكى ده‌روونى به‌ئاژانسى فرانس پرێسى وتوه، به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ ده‌ربازبون له تیرۆر هه‌موومانى سه‌رقاڵكردبوو، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك سه‌رقاڵى كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه وه‌ك خۆكوشتن و ماده‌ى هۆشبه‌ر، كێشه‌كه زیاتر بڵاوبوه‌ته‌وه كاتێك چه‌ندین گه‌نج له‌په‌خشى راسته‌وخۆى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا خۆیان هه‌ڵده‌واسن یاخود گولـله ده‌نێن به‌خۆیانه‌وه یان خۆیان ههڵدهدهنهخوارهوه.
لاى خۆیشیه‌وه عه‌بدولمنعم شویلى لێكۆڵه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى عیراقى ده‌ڵێت “هۆكارى سه‌ره‌كى له‌پشت خۆكوشتنه‌وه كێشه‌ى ئابورییه، هه‌روه‌ها لاوازى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌بوونى خۆشه‌ویستی له‌هۆكاره‌كانى دیكه‌ن، كه ده‌بنه‌هۆى بێهیوایى له داهاتودا”.
زیادبوونى دیاره‌ى خۆكوشتن چه‌ندین كه‌سایه‌تى و به‌رپرس و سیاسى هێناوه‌ته ده‌نگ و باس له‌هۆكار و چاره‌سه‌ره‌كانى ده‌كه‌ن، هه‌وڵه ئه‌منیه‌كانیش بۆ رێگریكردن چڕتركراونه‌ته‌وه و به‌ربه‌ستى به‌رز له‌سه‌ر پردى سه‌ر رووباره‌كان دانراون، به‌ڵام تائێستا هه‌وڵه‌كان بۆ باشتركردنى بارودۆخى ژیانى عیراقییه‌كان لاوازه و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانى پشت خۆكوشتن چاره‌سه‌رنه‌كراون.