لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی سەلەفییەكان خەریكە زانكۆكان كۆنتڕۆڵدەكەن

سەلەفییەكان خەریكە زانكۆكان كۆنتڕۆڵدەكەن

0 تێبینییەکان 34 بینینەکان

salafyakan“سەلەفییەت‌ لەكوردستان حیزب نییە، بەڵام كاری رێكخراوەیی دەكەن”

راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید

ئەحمەد كوڕێكی تەمەن ٢٥ ساڵانە‌و خوێندكاری زانكۆی سلێمانییە، ئەو ریشێكی پڕی بێ سمێڵی هێشتووەتەوە‌و بەهۆی ئەوەی رۆژانە بە رۆن چەوری دەكات، تاڵەكانی لەبەر رۆشنایی رۆژدا دەبریسكێنەوە ئەوە نیشانەیەكی زەقی ئەو كەسانەیە كە دەبنە سەلەفیی، ئەحمەد رۆژانە لەزانكۆ بێجگە لەدەوامی خۆی چەند وانە بەكۆمەڵێك خوێندكاری دیكە دەڵێتەوەو لەگەڵ هاوڕێكانی گفتوگۆ لەسەر پرسە ئاینییەكان دەكات.

مامۆستایەكی ئەو زانكۆیەی ئەحمەد لێی دەخوێنێ دەڵێ، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو كچ‌و كوڕە خوێندكارانەی دەبنە شوێنكەوتەی سەلەفییەكان زیاد دەكەن، بە شێوەیەك كە ئەو مامۆستا بە «دیاردەیەكی ترسناك» وەسفی دەكات.

ئەحمەد لەگەڵ كچێكدا ژیانی هاوسەریی پێكهێناوە كە ئەویش لەسەر رەوتی سەلەفییەكان هەڵسوكەوت‌و دینداریی خۆی دەكات. ئەو خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێ كە «رێگەی راستیی و ئەهلی سوننەی دۆزیوەتەوە» بە شانازییەوە دەڵێ: «من لەسەر رێڕەوی راستەقینەی سەلەفیی ساڵح‌ ئیمانداریی دەكەم‌و بەردەوامیش دەبم لەبانگهێشتكردنی خەڵكی بۆ سەر ئەو رێگەیە».

ئەو لەپێناسەی سەلەفییدا دەڵێت: باوەڕو كاركردن بەقورئان‌و سوننەت بەتێگەیشتنی سەلەفیی ئوممەت، كە بەوتەی خۆی سەلەفییەت تەنیا لەسەر ئەو پێناسەیە دەڕوات.

شارەزایانی ئیسلامیی پێیانوایە سەلەفییەت زیاتر چەمكێكی زەمەنییی‌و دەروونییە، بەرلەوەی شەرعیی بێ، لەڕووی زەمەنیی‌و كاتەوە هەر نەوەیەك بەدوای نەوەیەكی ترهات، ئەوە بەشێوەیەكی حەتمی ئەوانەی پێشوو دەبنە سەلەف‌و بەراییەكانی ئەوانی دواتر بەپێی رەوتی زەمەنیی، ئەوەش هیچ هونەرێكی بۆ كەس تێدا نییە، بەڵكو یاسای بەڕێوەبردنی بوونەوەرە.

لەمێژووی ئیسلامدا یەكەم دەركەوتنی رەسمی سەلەفییەت لەسەردەمی عەباسییەكاندا بوو، وەك كاردانەوەیەكی رەشۆكی‌و عەوامیانە لەدژی مەنهەجی ئەوانەی رێزیان بۆ عەقڵ دادەنا بەرانبەر چیایەك لەنەقلی زۆروبۆر، شارازایان هەروەها پێیانوایە یەكەم دامەزرێنەری سەلەفییەت (ئەحمەدی كوڕی حەنبەل) ١٦٤ -٢٤١ هیجری)یە كە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر كرانەوەی جیهانی ئیسلام بەسەر جیهان‌و زانستی خەڵكانی ترو بزووتنەوەی وەرگێڕان.

قۆناغی دووەمی دامەزراندنی سەلەفییەت لەسەر دەستی ئیبن تەیمییە بوو، كە لەكۆتایی خەلافەتی عەباسیی دەركەوت پاش رووخانە بەناوبانگەكەی بەغدا ساڵی ٦٥٦ هیجری.

لەگەرمەی ئەو ساتەدا (ئیبن تەیمیە) دەركەوت‌و زۆر بەگەرمی كەوتە دەستنیشانكردنی ئەوانەی ببوونە هۆی رووخانی بەغدا‌و خەلافەتی ئیسلامیی عەباسیی، ئیبن تەیمیە ئەهلی بیدعە بە سۆفی‌و جەهمیە‌و موعتەزیلە‌و قەدەری‌و باتینییەكان‌و فەیلەسوفەكانیش بەهۆی سەرەكی ئەو رووخانە دەستنیشان كرد‌و توانی بەو خیتابە حەماسی‌و عاتیفیەی، كاربكاتە سەر بیركردنەوەی خەڵكێكی زۆر.

بەپێی لێدوانی شارەزایانی ئیسلامیی لەكوردستان، سەرەڕای نامۆیی ئەو كەلتوورە وەهابیەتە بەكۆمەڵگەو هەستی ئاینیی خەڵك، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەلەفییەت توانیوییەتی تاڕادەیەك شوێنپێی خۆی بكاتەوە.

ئێستا لەبەشێكی زۆری ناوچەكانی باشووری كوردستان بەشێوەیەكی رێكخراو، سەلەفیییەكان توانیوییانە كەسانی زۆر لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە بە تایبەتی لەسلێمانی‌، چەمچەماڵ‌، چوارقوڕنە، زەڕایەن‌و كەلار. ئەوان خاوەنی مزگەتی تایبەت بە خۆیانن كە رۆژانە دەیان كۆڕو كۆبوونەوەیان لەناو مزگەوت‌و شوێنە جیاجیاكانی تر هەیە لەو شارانە.

بەپێی بەدواداچوونێكی گۆڤاری «شار»، كاروباری رەوتی سەلەفییی لەكوردستان لەڕێی چەند كەسێكەوە بەڕێوەدەبرێن‌و رەوتەكەش خاوەنی داهاتێكی ئابووریی زۆرن كە تائێستا سەرچاوەی داهاتەكەیان بە تەواوی نەزانراوە، بێجگە لەوە خاوەنی قوتابخانەی ئاینیی تایبەت بە خۆیانن‌و كەناڵی ئاسمانییان هەیە كە لەلایەن (مەلا عەبدوللەتیفی سەلەفیی) بەڕێوەدەبرێ.

ئەحمەد یەكێكە لە«بانگخوازانی» رەوتی سەلەفیی رەتیدەكاتەوە ئەوان بەڕێی رێكخراوەیی كاربكەن‌و دەڵێ: «هەموو ئەو كارانەی دەكرێن لەڕێی ئەو كەسانەوەیە كە خۆیان باوەڕیان بە سەلەفیەت هەیەو هیچ كەسێكیش سەرپەرشتیمان ناكات، ئەوە نەبێ كە كار بۆ بنەما راستییەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەكەین لەسەر رەوتی سەلەفی ساڵح.»

بەشێكی زۆر لەشارەزایانی ئیسلامی ئەوە رەتدەكەنەوە كە بتوانرێ كارێكی لەو شێوەیە بەبێ‌ رێكخراوەیی بكرێت، ئەبوبەكر كاروانیی شارەزای فیكری ئیسلامی لەو باوەڕەدا نییە كە بزووتنەوەیەكی فیكری هەروا لەخۆوە بێ كارنامەی سیاسی هەڵبسووڕێ.

كاروانیی بۆ «شار» وتی: «ئەوەی كە دەوترێ كاری سەلەفیەت‌و ئەو فیكرە لەكوردستان بەڕێكخراوەیی ناكرێ راست نییە، چونكە ناتوانرێ بوترێت كە سەلەفیەت حزبە، بەڵام لەڕێی كۆمەڵێك كەسەوە كاری رێكخراوەیی دەكەن‌و شوێن‌و مەكان‌و سەریشیان هەیە.»

ئێستا رەوتی سەلەفیەت لەناو دەزگا پەروەردەییەكانیش بە تەواوەتی گەشەی كردووە بە تایبەتی لەناو زانكۆكاندا، بە شێوەیەك ئەگەر رۆژانە سەردانی بەش‌و كۆلێژە جیاجیاكانی زانكۆی سلێمانی بكەی، دەیان كۆبوونەوەی ئەو خوێندكارانە دەبینی كە سەلەفین‌و خۆیان بە سەلەفیی دەدەنە قەڵەم.

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە ئاماژە بەوە دەدات كە لەیەك دوو ساڵی دواییدا رەوتی سەلەفیی لەناو زانكۆكان بە تەواوەتی گەشەی كردووە، بەشێوەیەك رۆژ بەڕۆژ ژمارەی پێڕەوانی ئەو رەوتە روو لەزیادبوونە.

ئەو مامۆستایە وتی: «رۆژانە بەدەر لەو كۆبوونەوانەی كە لەناو زانكۆ دەیكەن، ئەو خوێندكارانە لەبەشە ناوخۆییەكانیش سەرقاڵی جموجوڵی خۆیانن‌و گەیاندنی فیكرەكەیانە بە خوێندكارانی دیكە، بە راستی ئەوە جێی مەترسییە.»

بەڵام ئەحمەد ئەوە رەتدەكاتەوە كە ئەوان بە مەبەست جموجوڵەكانیان لەناو زانكۆ چڕكردبێتەوەو ئەوە بە «دەركەوتنی راستییەكان بۆ خەڵك» ناودەبات. ئەحمەد دەڵێ: «ئەوە سوپاسی خودای دەوێ كە خەڵكێكی زۆر لەگەڵماندا كار دەكەن‌و رەوتی سەلەفیەت تابێ گەشە دەكات بەمە دەكرێ شۆڕشێكی سپی كۆمەڵایەتی بە پێوەری ئاینی هەڵگیرسێنین.»

ئەبوبەكر كاروانیی لەگەڵ مامۆستاكەی زانكۆ هاوڕایە كە جموجوڵی رەوتی سەلەفیی لەكوردستان مەترسیدارە چونكە دەزانێ بۆ داهاتووی كوردستان ئەو رەوتە وەك جوڵانەوەیەكی توندڕەوانە، حزبێكی تری توندڕەوی لێدروستدەبێ.

ئەو وتی: « ئێستا گەشەیەكی ئەوتۆیان نەكردووە، بەڵام ئەو بەرەوپێشچوونەی ئێستا هەیانە كەم نییەو هۆكاری تایبەت بە خۆی هەیە.»

لاوازی هەڵوێستی بزووتنەوە ئیسلامییەكان دەربارەی تەشەنەكردنی سەلەفیەت، هۆیەكی سەرەكی بڵاوبوونەوەی ئەو رەوتەیە، هەروەها هۆكاری تری گەشەكردنی سەلەفیەت دەسەڵاتی سیاسی كوردستانە بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەپێی زانیارییەكان پارتی‌و یەكێتی بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانی كوردستان ببنەوە، هاوكاری‌و رێگەخۆشكەرن بۆ ئەو رەوتە.

كاروانیی لەو بارەیەوە زیاتر قسەی كرد «چەند هۆكارێك هەن بۆ گەشەكردنی سەلەفیەت هەندێكیان خودین‌و هەندێكیشیان بابەتی، هۆكارە خودییەكان بوونی بۆشاییە لەتاكی كورددا، هۆكارە بابەتییەكانیش رێگەخۆشكردنە بۆ رەوتەكە لەلایەن دەسەڵاتەوە.»

لەتێڕوانین‌و هەڵوێستی سەلەفیەت بەگشتی لەدەسەڵاتداران، بە هەموو شێوەیەك «دژی هەر دەرچوون‌و خروجێكن لەدژی دەسەڵاتدارو سەرۆك بەوەلی ئەمری خۆیان دەزانن‌و باوەڕیان بە سیاسەت نییەو دەست ناخەنە سیاسەتەوە، بۆیە پارتی‌و یەكێتی پێیانخۆشە ئەم رەوتە گەشە بكات.

بێجگە لەكوڕان، ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەكچانیش روویان لەرەوتەكە كردووە، بەشێوەیەك بەگوێرەی قسەی مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی، ساڵ بە ساڵ ژمارەی كچانی لەچك بەسەر كە لەژێر كاریگەریی سەلەفییەكاندا دەیپۆشن زۆر زیادیكردووە كە جێی باوەڕ نییە.

سەبارەت بە هۆكاری سەرهەڵدان‌و گەشەكردنی رەوتی سەلەفیی لەناو زانكۆ، سەڵاحەدین سەعید عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، هەلومەرجی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی شاری سلێمانی بە هۆكاری گەشەكردنی رەوتی سەلەفیی دەزانێ. ئەو دەڵێ لەبنەڕەتەوە شاری سلێمانی شارێكی فرە رەنگ‌و فرە بیركردنەوە بووە، هەر ئەوەش هۆكار بووە بۆ گەشەكردنی ئەو رەوتە.

سەڵاحەدین بۆ گۆڤاری «شار» وتی: «ئێمە ئاگامان لەچالاكیی‌و جووڵانەوەكانی ئەندامانی ئەو رەوتەیە، بەڵام یاسایەك نییە بۆ رێگریی لەو كەسانە یاخود سانسۆر بخرێتە سەر هەڵوسكەوت‌و جلوبەرگیان. ئێمەیش لەترسناكی ئەو گەشەكردنە تێدەگەین، بەڵام ئەركی سەرۆكایەتی زانكۆ نییە چاودێریی جموجوڵی ئەوان بكات بەڵكو كاری دەزگا ئەمنییەكان‌و ئاسایشە.»

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەزانكۆی سلێمانییەوە دراونەتە گۆڤاری «شار»، لەماوەی رابردوودا چەند خوێندكارو فەرمانبەرو مامۆستای زانكۆی سلێمانی، هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو چوونەتە ناو ریزەكانی داعش، كە بەشێكی زۆریان باوەڕیان بە رەوتی سەلەفیەتی جیهادیی هەبووە، بەڵام تائێستا دەزگا ئەمنییەكان رێوشوێنی ئەمنییان نەگرتووەتەبەر.

لەو بارەیەوە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی نەیشاردەوە كە چەند كەسێك لەناو زانكۆكەیانەوە چوونەتە ناو ریزەكانی داعش، بەڵام رەتیكردەوە كە دەزگای ئاسایش لێكۆڵینەوەی لەو رووداوانە نەكردبێ‌و ئاشكرایكرد لەماوەی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ چەند كەسێكدا كراوە.

هیچ كەسایەتییەكی ناسراوی سەلەفیی ئامادە نەبوو بۆ ئەم راپۆرتە قسە بكات، ئەگەر ئەم رەوتە بەمشێوەیەی ئێستای بەردەوامبێ لەگەشەكردن، ئەوا لەداهاتوودا هەر هەنگاوێكی سیاسی یان ئابووریی بنرێ لەلایەن حزب‌و حكومەتەوە، ئەوا رەوتی سەلەفیی دەتوانن كاریگەریی گەورە دابنێن بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی، بۆیە دەبێ گرنگی بەو ترسەی سەرۆكی زانكۆ بدرێ كە هەیەتی لەگەشەكردنیان.

سەرچاوە: شارپرێس

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە