موراد قەرەیلان بە بۆنەی ٤٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە ڕایگەیاند، لە ٤٠هەمین ساڵیادی پەکەکەدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنن و جگە لەوەی سەردەکەون مرۆڤایەتش سەردەخەن. قەرەیلان ڕاشیگەیاند، هێرش لە دژی عەفرین هێرشە بۆ سەر هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
موراد قەرەیلان فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە مەراسیمی گەریلاکانی پەکەکەدا بە بۆنەی دامەزراندنی ٤٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو حزبەوە ڕایگەیاند “ئێمە سەردەکەوین و مرۆڤایەتی سەردەخەین. تیكۆشانی ٤٠ ساڵەی پەکەکە لە دژی کارە نامرۆڤانەکان بەردەوامە”.
قەرەیلان لەو مەراسیمەدا، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەریلاکان و فەرماندەکانی ئەو هێزە لە ناوچە شاخاوییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەدا بەڕێوەچوو، ڕاشیگەیاند “پەکەکە لە ٤٠ هەمین ساڵی دامەزراندنیدا سەرکەوتنی گەورە بەدەی دهێنێت”.
بەپێی قسەکانی قەرەیلان “٣٩ ساڵ بەرلە ئێستا تەنها بڕیاری دامەزراندنی پارتێک نەدرا، بەڵکو بڕیاری بەرخودان و خۆڕاگری درا. ئەو بڕیارە لە دژی لە ناوبردن بوو. خەباتکارەکانی پەکەکە لە زیندان، شار و چیاکان، داستانی قارەمانەیان تۆمار کرد. شەهیدانی ئەم دواییەی بەستای شەرناخ نموونەی بەرچاون”.
قەرەیلان لەبارەی دۆخی ئۆجەلانەوە وتیشی “دەوڵەتی داگیرکاری تورک، ئەمڕۆ لە ئیمرالی دژی رێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکی سەختیان دەستپێکردووە، لە جیهاندا نادادی وا نەبینرانەوە. هۆکاری ئەو گۆشەگیرییە لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی تورک لە فکر و ڕامانی رێبەر ئاپۆ دەترسێت، ئەگەر ئەردۆغان ویژدانی هەبوایە، لە بەرامبەر زیندانییەکدا ئەو کردەوەی پەیڕەو نەدەکرد”.
فەرماندەی نەپەگە لەبارەی ئەگەری هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەوەشی وت “هێرش لە دژی عەفرین، هێرشە لەسەر هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕەکەش تەنها لە عەفریندا نابێت و دەرەوەی عەفرینیش دەگرێتەوە، چونکە دەوڵەتی تورک دژومنایەتیی تەواوی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکات”.
ئەو مەراسیمەی گەریلاکانی پەکەکە بە ئەنجامدانی ژمارەیەک کاری هونەری کۆتایی پێهات.
پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا لە گوندی فیسی ناوچەی لیجەی پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیەوە دامەزرا. لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی سوپای تورکیا ڕاگەیاند و تا ئێستا ئەو شەڕە بەردەوامیی هەیە.
https://www.youtube.com/watch?v=W9vc9pixIDg