بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌باره‌ی پشوی ڕۆژانی شه‌مه له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كاندا
ناڕه‌زایی له‌لای مامۆستایان دروستكردوه، مامۆستایه‌ك ده‌ڵێت “پێویست بو له‌گه‌ڵ پشوی ڕۆژی شه‌مه به‌شه وانه‌كانیشیان كه‌م بكردایه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی په‌روه‌رده منداڵه‌كانیان له‌قوتابخانه‌ی تایبه‌تن بۆیه هه‌ست به‌وه ناكه‌ن كه له‌قوتابخانه‌ی دو ده‌وامی حه‌وت وانه چۆن ده‌خوێنرێت”.
ئا: سروه جه‌مال
(بۆ ڕێكخستنی شێوازی ده‌وام له‌هه‌مو قوتابخانه‌كان و نه‌بونی جیاوازی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕیاریدا ڕۆژانی شه‌مه پشوی فه‌رمی بێت له‌قوتابخانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ،به‌ڵام ئه‌و وانانه‌ی كه له‌ڕۆژانی شه‌مه‌دان پێویسته له‌خشته‌ی ڕۆژه‌كانی تردا جێگایان بكرێته‌وه و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وانه‌كانی ڕۆژی شه‌مه بفه‌وتێنن و سه‌رپه‌رشتیاران و به‌ڕێوه‌ری قوتابخانه‌كان به‌رپرسن له‌ڕێكخستنی خشته‌كه تا هیچ كاریگه‌ریه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاستی زانستی نه‌بێت) ئه‌مه ئه‌و نوسراوه‌یه كه له‌په‌یجی فه‌رمی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و به‌ڵام به‌شێك له‌مامۆستایان ئه‌م بڕیاره‌یان پێ باش نیه،عادل حه‌سه‌ن،یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌و له‌وباره‌یه‌وه به‌ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند “داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌واممان نه‌كردوه ئێمه داوای گێڕانه‌وه‌ی موچه دزراوه‌كانمان ده‌كه‌ین،وه ئه‌گه‌ر به ئه‌ندازه‌ی موچه‌كانمان ده‌وام بكه‌ین ده‌بێت دو ڕۆژ ده‌وام بكه‌ین،بۆیه حكومه‌ت و یه‌كێتی مامۆستایان وانه‌زانن كارێكی زۆر گه‌وره‌یان كردووه‌و بیانه‌وێ به‌و كاره منه‌ت به‌سه‌ر مامۆستایان‌دا بكه‌ن ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت له‌ناچاریدا دراوه،چونكه ئه‌گه‌ر بڕیاریشی نه‌دایه مامۆستایان شه‌مان ده‌وامیان نه‌ده‌كرد و ویستیان بیكه‌ن به‌ده‌سكه‌وت بۆ خۆیان و به‌و هۆیه‌وه منه‌ت به‌سه‌ر مامۆستایان‌دا بكه‌ن بۆ هه‌ندێ هه‌نگاوی تر”.
عادل حه‌سه‌ن پێی وانیه ئه‌و بڕیاره زیان له خوێندكار بدات وتی “خوێندكاری پۆلی دوانزده‌ی ساڵی پار له‌وه كه‌متر ده‌وامیان كرد‌و خوێندكارانی سلێمانی یه‌كه‌م بون ئه‌و قسه‌یه ته‌نها بۆ منه‌تباركردنی مامۆستایان ده‌وترێت”.
ڕزگار سابیر،كه‌ماوه‌ی پانزده ساڵه مامۆستای وانه‌ی كوردیه به‌ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند “زۆرینه‌ی مامۆستایان له‌گه‌ڵیدان،به‌ڵام هه‌موی به‌زیان ئه‌شكێته‌وه به‌سه‌ر خوێندكارانیش و خودی مامۆستایان، چونكه ده‌بێت به‌شه وانه‌كانی ڕۆژی شه‌مه بچێته ڕۆژه‌كانی تر‌و به‌مه‌ش په‌ستان له‌سه‌ر مێشكی خوێندكار دروست ده‌بێت و ناتوانێت وانه‌كان باش هه‌زم بكات،هه‌روه‌ها به‌زیانیش به‌سه‌ر هه‌ندێك له مامۆستایان‌دا ده‌شكێته‌وه به‌تایبه‌تی مامۆستای بیركاری له‌پۆلی دوازده‌یه‌می زانستیدا كه‌له‌هه‌فته‌یه‌كیشدا شه‌ش به‌شه وانه‌ی هه‌یه ئه‌گه‌ر خوێندنگایه‌ك پێنج یان شه‌ش پۆلی دوازده‌یه‌می زانستی هه‌بێت ئه‌وا چۆن جێگای ئه‌و شه‌ش وانه‌یه‌ی بیركاری ده‌كاته‌وه له پێنج ڕۆژی خشته‌ی هه‌فتانه‌دا،بۆیه واباشتره كه‌ئه‌م بڕیاره پۆلی دوانزده‌یه‌می زانستی نه‌گرێته‌وه یان ئه‌گه‌ر ڕۆژێك پشو بێت به‌زۆر بسه‌پێنرێت ئه‌وا با ئیداره‌ی خوێندنگاكان ئازادبن كه چ ڕۆژێك ده‌كه‌نه پشوو له‌نێوان ڕۆژی شه‌مه یان پێنجشه‌مه”
هونه‌ر ئیبراهیمی مامۆستاش ده‌ڵێت “ئه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌یان داوه به‌وردی بیریان لێنه‌كردۆته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌فته‌ی شه‌ش ڕۆژ ده‌وام بێت ده‌بێت ڕۆژانه شه‌ش وانه بخوێنرێت ئه‌گه‌ر پێنج ڕۆژبێت ده‌بێت بكرێته هه‌فت وانه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و قوتابخانانه نابێت كه دو ده‌وامن كه‌له 75%ی قوتابخانه‌كانه،وه ئه‌گه‌ر قوتابی حه‌وت وانه‌ش بخوێنێت زۆر ماندو ده‌بێت و مێشكی وه‌ری ناگرێت هه‌روه‌ها دره‌نگیش ده‌گاته‌وه‌و به‌ئه‌ركی ماڵه‌وه ڕاناگات،بۆیه پێویست بو له‌گه‌ڵ پشوی ڕۆژی شه‌مه به‌شه وانه‌كانیشیان كه‌م بكردایه‌ته‌وه،به‌ڵام به‌رپرسانی په‌روه‌رده منداڵه‌كانیان له قوتابخانه‌ی تایبه‌تن بۆیه هه‌ست به‌م شتانه ناكه‌ن له قوتابخانه‌ی دو ده‌وامی حه‌وت وانه چۆن ده‌خوێنرێت”.
هونه‌ر ئیبراهیم نیگه‌رانه له ڕه‌وشی په‌روه‌رده‌و وتی “كاتی خۆی قسه‌یه‌ك كرا گوتیان سیاسه‌ت به كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار ناكرێت فه‌رمو ئه‌وه ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی له‌و كاته‌وه خه‌م له‌و بابه‌ته ئه‌خۆم،وینستۆن چه‌رچڵ ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر ویستت وڵاتێك داگیربكه‌یت ئه‌وا په‌روه‌رده‌كه‌ی تێك بده) ئێمه‌ش په‌یتا په‌یتا وا په‌روه‌رده‌كه‌مان به‌ره‌و نغرۆبون ئه‌ڕوات،كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو نابینم”.
هونه‌ر ئیبراهیم باس له چاره‌سه‌ر ده‌كات”باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌وامی فول و مه‌عاشی ته‌واو به‌درێت به‌مامۆستایان ئه‌مه قسه‌ی مامۆستای خه‌مخۆره به‌ڵام مه‌حاڵه”
فه‌ره‌یدون عه‌لی مامۆستاش ده‌ڵێت “ئه‌و بڕیاره به‌حساب بۆ له‌به‌رچاوگرتنی باروگوزه‌رانی مامۆستایه‌و زۆرێكیش له‌مامۆستایان به‌دیاری وخه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی ده‌زانن تا راده‌یه‌ك خه‌ریكه نیوه موچه‌و پاره‌ی پاشه‌كه‌وت كراویان هه‌ر له‌بیر بچێته‌وه،له‌كاتێكدا باسكردنی وه‌ها بڕیارێك له ئێستادا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌وه‌رده‌و جێبه‌جێكردنی مانای وایه پاشه‌كه‌وتی زۆره ملێی موچه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و نیازی هه‌ڵگرتنیان نیه،كه‌به‌داخه‌وه نابێت چیتر قبوڵ بكرێت وه له‌ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌دا بارگرانی ژیانی مامۆستایان به‌ڕۆژێك پشو كه‌م نابێته‌وه،به‌ڵكو بگره له‌وانه‌یه بۆ زۆرێك له‌مامۆستایان ئه‌ركیان قورستربێت،چونكه به‌شه وانه‌ی هه‌فتانه بۆ زۆرێك له‌بابه‌ته‌كان كه‌مده‌كرێته‌وه واته مامۆستایان ده‌بێت پۆلی زیاتر وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه وانه‌ی خۆیانی پێ ته‌واو بكه‌ن، هه‌روه‌ها دوڕۆژ پشوش قوتابیان سارد ده‌كاته‌وه له‌خوێندن و گرنگی پڕۆسه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه لایان،بۆیه گرنگه سوربین له‌سه‌ر داوا ڕه‌واكانمان”.