38
ئایا ئەم تێڕوانینەی من دژی بەهاناوە چوونە؟ نەخێر. ئەم وتارە دژی تۆڕەکانی هەرەوەزی، دروستکردنی نەخۆشخانە ودابین کردنی دەرمان بۆ نەخۆشیە درێژخایانەکان و خزمەتگوزاری هەرزان نیە، دژی دروست کردنی قوتابخانە یان یارمەتی تاکەکان نیە. بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە ستەمی ئابووری چینایەتی و داماڵینی بەرپرسیارێتی گشتی لە ئەستۆی حکومەت، ڕێگایان خۆشکردووە بۆ گەشەکردنی ئەم جۆرە لە بزنس.
ڕووداوەکە لە دیمەنێکی دووبارەو باودا چڕ دەبێتەوە: ڤیدیۆی گەنجێك بڵاودەبێتەوە کە دوای دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، کە تاکە هۆکاری پەیداکردنی بژێویە، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بە حەسرەت و گریانەوە دوعا دەکات.
دوای بڵاوبونەوەی زۆر خێرای ڤیدیۆی گەنجەکە، هەمان بنکەی ئەمنی ماتۆڕێکی نوێی بە مۆڵەتی پێ دەبەخشنەوە. پاشان، حاجی کاروان وەك بانگەوازخواز و خیرخواز و کەسایەتیەکی دیاری ئەم کایەیە، بەڵێنی دابینکردنی کرێی خانوو بۆ ماوەی ساڵێک و دابین کردنی خانویەکی هەمیشەیی پێ دەدات. تا ئێرە، سيناریۆی “دەستپێکردن” و “کۆتایهاتنی” زۆربەی ئەو تراژیدیا کۆمەڵایەتیانەی کە چانسی “ترێندبوون” وەردەگرن، وەکو یەك دووبارە دەبنەوە.
ئەم حاڵەتە دووبارانە، لە چاو وێرانی و ستەمە گشتیەکەی سەر جەستەی کۆمەڵگە، دڵۆپێکن لە دەریا؛ چونکە هەموو ڕووداوێك چانسی گەورەکردن وەرناگرێ.
هەندێك “پێوەری نەنوسراو” هەن کە دەبێت لە سیاقی ڕووداوەکەدا ئامادەییان هەبێت تا دۆسیەکە بخرێتە ئامادەباشی “چارەسەری تاکەکەسی” و پاشان دابخرێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگەکە نوقمی نادادیەکەیەتی کە لە هەر کۆڵانێکیدا سەدان چیرۆکی هاوشێوە هەن کە چانسی ناسراوبوونیان پێ نادرێت.
ئەم چالاکبوونە لە سۆشیال میدیادا، تراژیدیاکە دەگۆڕێت بۆ “سەرمایەیەکی ڕەمزی و مەعنەوی” کە کاراکتەرە خێرخوازەکان چ ئاینی بن، چ سیاسی یان گەنجانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بن، تەواو تینووی کڕینی ئەم کەیسانەن! لێرەدا پرۆسەی “بەخشینەکە” جۆرێکە لە کڕین و فرۆشتنی شاراوە؛ کاتێك خێرخوازەکە دەستێوەردان دەکات، هەموو ئەو هاوسۆزی و گرنگی پێدانە کۆمەڵایەتیەی بۆ قوربانیەکە دروست ببوو، بە یەکجار دەکێشرێتەوە و “دەگوازرێتەوە” بۆ سەر حیسابی خێرخوازەکە.
پرۆسەی گواستنەوەی سەرنج: ئەم گواستنەوەیە ڕێك وەک بەناوکردنی تاپۆی خانوو وایە. دوای گرێبەستەکە، چیتر قوربانیەکە لە “سێنتەر”دا نامێنێتەوە، بەڵکو خاوەنە نوێیەکە وەك موگناتیس هەموو تیشکەکان بەرەو ئاکشنی “بەخشندەیی” خۆی ڕادەکێشێت.
خێرخوازی، بە چاوپۆشین لە نیەتی پاك (ئەگەر هەبێت)، یان بە چاوپۆشین لە چڵێسیی خۆدەرخستن و وەبەرهێنانی مەعنەوی لەسەر پشتی ستەملێکراوان، بە تەواوی لەژێر یاسا ئابوریەکانی “بزنس”دا کار دەکات. ئەم بزنسە پێویستی هەیە بە:
• تێچووی واقیعی واتا دەبێ سەرف کردنی هەبێ،
• بەرهەم (دەستکەوتی مەعنەوی): کە وەکو ڕاپۆرتی چالاکی پێشکەشی ئەو سەرمایەدارو بازرگانە نادیارانە دەکرێت کە بودجەی بەردەوامی ئەم خێرخوازیە دابین دەکەن.
هەر داراییەك لێرەدا سەرف بکرێت، دەبێتە ڕاپۆرتێکی دارایی و سیمبولی بەهێز کە پێویستی بە مۆری هیچ ژمێریارێک نیە، چونکە لایك و فۆڵۆو و پیاهەڵدانەکان خۆیان مۆرەکەن. بە کورتی:
بزنسی خێرخوازی “شۆکی کۆمەڵایەتی” دەکرێت بەو مەرجەی ڕەواجێکی باشی هەبێت. پارەیەك کە لەم کڕینەدا سەرف دەکرێت، چەندین کەرەت زیاتر وەك سەرمایەی ڕەمزی و سیاسی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەم قازانجە نەبێت، ئەم چالاکیانەی خێرخوازی هەرگیز بەردەوام نابن.
ئایا ئەم تێڕوانینەی من دژی بەهاناوە چوونە؟ نەخێر. ئەم وتارە دژی تۆڕەکانی هەرەوەزی، دروستکردنی نەخۆشخانە ودابین کردنی دەرمان بۆ نەخۆشیە درێژخایانەکان و خزمەتگوزاری هەرزان نیە، دژی دروست کردنی قوتابخانە یان یارمەتی تاکەکان نیە. بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە ستەمی ئابووری چینایەتی و داماڵینی بەرپرسیارێتی گشتی لە ئەستۆی حکومەت، ڕێگایان خۆشکردووە بۆ گەشەکردنی ئەم جۆرە لە بزنس.بزنسێك کە بۆ ڕیکلامی خۆی پێویستی بە کۆمپانیا گرانبەهاکان نیە، بەڵکو تەلەفۆنەکانی ئێمە و سۆشیال میدیاکانی خۆمان ڕیکلامەکەی بۆ دەکەن.
ئێمە وێنەی تراژیدیاکان ناگرین بۆ گۆڕینی سیستمی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کاتی بۆ ئەکاونتەکانمان دەیگرین.
کاتێکیش ڤیدیۆکەمان دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بازرگانانی خێرخوازی و گەنجانی بنەماڵە سیاسیەکان، ئەوان دێن و لە ڕێگەی نمایشێکی نوێوە ئەنجامێکی ترسناکتری لێ بەرهەم دەهێنن، کە ئەویش: کولکردن و کوژاندنەوەی بەرهەڵستی و توڕەیی کۆمەڵایەتیە!
ڕزگار عومەر