جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو سەرۆككۆماری پێشوی عێراق لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
ژیاننامەی جهلال تاڵهبانی
* مام جەلال، کوڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ نوری کوڕی شێخ غەفور. ھاوینی ساڵی ١٩٣٣ لەگوندی “کەلکان”ی قەتپاڵی چیای کۆسرەت لەدایکبووە، کە دەڕوانێتە دەریاچەی دوکان.
* چەند ساڵێک تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوکی بووە بەرێبەری تەکیەی تاڵەبانی لەکۆیە، لەوێ چووەتە قوتابخانەی سەرەتاییو بەسەرکەوتویی خوێندنی تەواو کردووە، خوێندکارێکی زیرەکو لێھاتو بووە.
* لەساڵی ١٩٤٦دا لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی خوێندکارو بەئامۆژگاری یەکێک لەمامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاریی نھێنی دامەزراند بەناوی “کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە” ( k.p.x )و مام جەلال بەسکرتێری ھەڵبژاردرا، ئامانجێکی کۆمەڵەکە ھاندانی خوێندکاران بو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.
* لەھەمان ساڵداو دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ١٦ / ی ئابی ١٩٤٦ کەوتە ژێر کاریگەریی بەرنامەی پارتیو لەچوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکیی خوێندکارانە.
* دوای چونە ناو کاری سیاسییەوە، رۆژنامەی رزگاری کە پارتی دیموکراتی کورد بەنھێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی “ئاگر”دا بۆ بڵاودەکردەوە.
* ساڵی ١٩٤٧ بو بەئەندام لەپارتی دیموکراتی کوردو چالاکو لێھاتو بو لەو ئەرکو فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.
* ساڵی ١٩٤٨ خوێندنی سەرەتایی تەواوکردو لەناوەندی کۆیە بو بەخوێندکار، ئەو ساڵە بەساڵی “وەسبە” “راپەڕین” ناسرابو، کە گەلی عێراق توانی پەیماننامەی “پۆرتسماوس” ھەڵبوەشێنێتەوەو حکومەتی “ساڵح جەبر” بڕوخێنێو حکومەتی “محەمەد سەدر” دابمەزرێنێو لەو کەشوھەوا ئازادیەدا کە لەسایەی ئەم “راپەڕینە” ھاتە کایەوە، ھەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ ھەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی.
ئەوە بوو جەلال تاڵەبانی بەنوێنەری خوێندکارانی کۆیە ھەڵبژێردراو بەشداری لەیەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عێراقدا کرد کە لەنیسانی ١٩٤٨ لەگۆڕەپانی “السباع”ی شاری بەغداد بەسترا.
* لەم کۆنگرەیەدا بۆ یەکەمینجار گوێی لەشاعیری مەزن محەمەد مەھدی جەواھیری بو کە شیعرە بەناوبانگەکەی “رۆژی شەھید”ی خوێندەوە، کە بۆ جەعفەری برایو بۆ شەھیدانی وەسبە وتبوی. ئەو ساتانە لەژیانی تاڵەبانیدا مێژویی بونو وایکرد ببێتە یەکێک لەموریدەکانی شیعری ئەوو دواتریش بو بەئازیزترین دۆستیو ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەکانی ژیانی شاعیر بەردەوام بو.
* ساڵی ١٩٤٩و لەسایەی حوکمی عورفیو تۆقاندن کە کوردستانو عێراقی گرتەوە، تاڵەبانی لەحزبدا سەرکەوتو بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.
* لەشوباتی ١٩٥١داو لەکۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بەئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەکانی پارتی پلەکەی خۆی بەھەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچونی لەزیندانی بەشداری لەکۆنگرەدا کردبو.
* لەساڵی ١٩٥١دا لەگەڵ چەند ھەڤاڵێکدا گیراو بۆ شاری موسڵ دور خرایەوە، لەوێش لەخەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو دواتر چووە کەرکوک بۆ تەواوکردنی خوێندنو سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێکخستنەکانی حزبو بووە بەرپرسی رێکخستنەکانی کەرکوک. لەھەمان ساڵیشدا ئەرکی چاپو بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی بەشێوەیەکی نھێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.
* ساڵی ١٩٥٢ چووە کۆلیژی ماف (حقوق) لەبەغداد کە ئەو دەمە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێکخستنەکانی حزب تۆکمە بکاتەوە.
* لەکانوونی دووەمی ١٩٥٣دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراو لەمانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کردو لەکۆنگرەیەدا بەسکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردراو لەھەمان ساڵیشدا یەکێک بو لەدامەزرێنەرانی (یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان)، ھەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بو لای زۆربەی حزبە نھێنێو ئاشکراکانی عێراقی.
* ساڵی ١٩٥٤ بەئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
* ساڵی ١٩٥٥ سە فەری دەرەوەی عێراقی کردو لەفیستیڤاڵی لاوانو قوتابیانی جیھانی لەوارشۆ بەشداری کرد لەوێوە سەردانی یەکێتی شورەوی ئەوساو چینی کرد.
* ساڵی ١٩٥٦ لەبەر چاوان ون بو، کەوتە خەباتی ژێر زەمینیو ناچاربو لەپۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبھێڵێت.
* ساڵی ١٩٥٧ سەفەری سوریاو مۆسکۆی کردو لەفیستیڤاڵی لاوانو قوتابیانی مۆسکۆ بەشداری کردو ھاتنی بۆ سوریا بەفرسەتزانی بۆ پەیوەندی بەکوردەکانی ئەوێوەو پەیوەندیەکی سیاسی دروستبو. لەھەمان ساڵیشدا گەڕایەوە عێراقو بەشداری لەکارەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکگرتو کردو بو بەبەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی کوردستان) کە لەسلێمانی بە نھێنی دەریان دەکرد.
* لەیەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤/ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کردو بەھاوکاری ھەڤاڵانی حزب لەنێو شاردا، پاشان چووە بەغدادو بەشداریی لەکاروباری مەکتەبی سیاسیو دەرکردنی گۆڤاری (رزگاری ) ( التحریر )دا کرد، ھەروەھا ئەرکی ئەو خەباتەی لەئەستۆ گرت کە لەنێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبو، وەک پێویستییەکی بونی حزبێکی پێشڕەوی کوردستانیو رێکخراوە پێشەییەکان بەرھەڵستکاری کردنی ئەو ھەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی.
* ساڵی ١٩٥٩ جارێکی تر بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانو مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراو لەھەمانکاتدا ئەفسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بو، ھەروەھا بەشداری لەدەرکردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەکرد کە بەزمانی عەرەبی دەردەچو، وە بەناوی (پیرۆت)وە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.
* ساڵی ١٩٦٠ بەرپرسی لقی سلێمانیو ئەندامی مەکتەبی سیاسی بو کە خولێکی ھۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە.
* ساڵی ١٩٦١ بووە سەرنوسەری رۆژنامەی (کوردستان)و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دوچاری راونان بو لەبەغداد، بەڵام لەشەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لەبارزانی خوالێخۆشبوو کرد کە ئەو سەردەمە قاسم کۆمەڵێک تاوانی دابۆوە پاڵ لەئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو بەنھێنی گەڕایەوە سلێمانیو خۆی شاردەوەو بەشداری لەرێکخستنی مانگرتنی گشتیدا کرد کە لەشەشەی ئەیلولدا کرا.
* لەئەیلولی ١٩٦١دا کە شۆڕش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بو، یەکەمین بنکەی شۆڕشی لەچەمی رێزان کردەوەو سەرپەرشتی کردو فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی کرد تا وای لێھات زۆر فراوان بو بووە ھێزێکی گەورە، ئەوە بو کرا بەلێپرسراوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
* لەنەورۆزی ١٩٦٢دا، سەرکردایەتی ئەو ھێڕشە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕو لەماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسوتەو چوارتادا گیراو ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.
بەمشێوەیە ھەردو ناوچەی شارباژێڕو پێنجوین بونە دوو ناوەندی شۆڕشو سەرکردایەتی. لە ١٩٦٢ ـ ١٩٦٣ زۆربەی ناوچەکانی قەرەداغو قەڵاسێوکەو گەرمیانو سەنگاو ئازاد کران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی ھێزی رزگاری بو، لەھەمانکاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەکانی بەمۆو ھەڵەبجەو تەوێڵەو بیارەی دەکرد.
* ساڵێ ١٩٦٣ و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆکی وە فدی کوردی دەستنیشان کرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تازەدا کە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوای کورد نیشاندا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسری و جەزائیری کرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕشی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکرا کردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.
* ساڵی ١٩٦٤ گەڕایەوە کوردستان و ئەرکی خۆی لە فەرماندەیی کردنی ھێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.
* ساڵی ١٩٦٧ بەشداری لە کۆڕی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) کرد لەجەزائیرو لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردو دۆستایەتی نێوان کوردو عەرەب پێشکەشکرد.
* ساڵی ١٩٧٠ رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو.
* ساڵی ١٩٧٢ سەفەری دەرەوەی عیراقی کردو ماوەیەک لە لوبنان و میسرو سوریا مایەوە و دوای روخاندنی شۆڕشی کورد کە لەئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری ١٩٧٥ لەجەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی ھەر لەو ناوچانەدا مایەوە.
* لە ٠١ / ٠٦ / ١٩٧٥ لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا کە لە ٠١ / ی حوزەیرانی ١٩٧٦ راگەیەنرا و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.
* لەساڵانی دوای دامەزراندنی یەکێتی لەسەر چالاکی سیاسی و سەرکردایەتی حزب و شۆڕش بەردەوام بوو لەگەڵ ھەڤاڵەکانی لەچیاو ئەشکەوتەکانی کوردستاندا دەژیا.
* بە گەواھی زۆر لە چاودێرە سیاسیەکان یەکێک بووە لە بزوێنەری سەرەکی بۆ لێک نزیک کردنەوەی بۆچوونەکان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە کۆنگرەکانی نیویۆرک و لەندەن و سەڵاحەدین و ھەموو دانیشتنەکانی دوای ئەوانەش کە پەیوەندی بە رێکخستن و نزیکبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە ھەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری ھێزە عیراقیەکانی کردەوە لە کوردستان و پشتگیری ھەمە جۆرەی کردوون.
* لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش، تاڵەبانی بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆبونەوەی ئیشتراکی نێودەوڵتی کردەوە و چاوی بە سەرکردە سیاسیە نێو دەوڵەتیەکانی زۆر وڵاتانی جیھانی کەوتووە.
* جگە لەوەی کە کەسایەتیەکی سیاسییە خەباتگێرێکی ھۆشمەندو نوسەرو یاساناسە، وەک رۆژنامەنووسێکیش لە رۆژنامەی نھێنی و ئاشکرادا نووسیویەتیو لەساڵی ١٩٥٩ بەئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراقی ھەڵبژێردرا کە شاعیری مەزن محەمەد مەھدی جەواھیری نەقیبی بوو.
* تاڵەبانی جگە لەوەی یەکێکە لەسیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنوسەرە دیارەکان، نووسەرێکی ناوداریشەو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لەتیشک خستە سەر تێکڕای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەکەو بزووتنەوەی سیاسی کوردی کردەوە، لەم بوارەشدا چەندین کتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە کە کتێبخانەی عەرەبی و کوردی دەوڵەمەند کردەوەو بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لەبواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی کوردی و عیراقیدا.
* دوای ئازادکردنی عیراق بەئەندامی ئەنجومەنی حوکم ھەڵبژێردراو لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٣ دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کردو لەم ماوەیەدا کارامەیی خۆی لەھەڵسوڕاندنی کاروباری حوکم نیشاندا.
* لە ٠٦ / نیسانی ٢٠٠٥، مام جەلال ٢٢٧ دەنگی لە کۆی ٢٤٨ دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بەدەستھێنا و بە ھەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بەیەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عیراق ھەڵبژێردرا، بەم جۆرە تاڵەبانی لەفراوانترین دەروازەکانەوە چووە ناو مێژووی کوردو ھەروەھا لەجوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراقو لەناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموکراسی جیھانەوە، ئێستاش بەردەوامە لەسەر ھەوڵی بێوچانو شەودەخاتە سەر رۆژ بۆ ھێنانەدی ما فەکانی کوردو گەشەکردنی عیراقو بیاتنانەوەی و قەڵاچۆکردنی تیرۆریستانو پەیوەندی فراوان پەیداکردن لەگەڵ دەرو دراوسێو دەوڵەتانی عەرەبیو ئیسلامیو رۆژئاواو ھاوپەیمانان.
تەندرووستیی تاڵەبانی
زۆر کات تەندروستی تاڵەبانی جێگیر نەبووە دوایین نەخۆشیشی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ بو کە دوچاری جەڵتە بو لەچاودێریی توندا بو لەبەغدا سەرئەنجام پاش ڕاپۆرتی جێگیربونی تەندروستی ناوبراو گەیەندرایە وڵاتی ئاڵمانیا.
لەڕۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٤ دوای نزیکەی ١٩ مانگ مانەوە لەنەخۆشخانەکانی ئاڵمانیا جەلال تاڵەبانی لەئهڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانیو لەماڵباتەکەی خۆی نیشتەجێبوو لەدوای گەڕانەوەشی چەندین کەسایەتی سیاسی باڵا لەئاستی ھەرێمو عێراق ھاتنە پێشوازیکردنی.