لە دواین بەرنامەی ڕووبەڕوو”هێد تو هێد”ی جەزیرەدا کە بە میوانداری “پۆڵ برێمەر” نوێنەری تایبەتی “جۆرج بۆش” لە عێراق ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووخانی “سەدام حسێن” بەڕێوە چوو، باس لەوەکرا هەڵەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بوونە هۆی دروستبوونی چەندین گروپی تیرۆریستی.
لەسەرەتای بەرنامەکەدا پێشکەشکارەکە “مەهدی حەسەن” باسی لەوەکرد کە “پۆڵ برێمەر” دەستنیشانکرا بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بەڵام “برێمەر” لەلایەن سیاسیەکان و عێراقیەکانەوە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەوەی نەک هەر نەیتوانی عێراقێکی نوێ بونیاد بنێت بەڵکو عێراقی بەتەواوی وێرانکرد.
یەکەم پرسیاری حەسەن بۆ برێمەر ئەوە بوو “ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەڵێن بڕیارەکانی تۆ لە عێراقدا ساڵی ٢٠٠٣ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بوونە هۆی زۆربوون و دروستبوونی چەندین گروپی تیرۆریستی وەک داعش، دەشڵێن تۆ ژیرترین باوکی داعشیت؟” چیت هەیە بۆ ئەم بۆچونانە؟
برێمەر لە وەڵامدا وتی نەخێر بەهیچ جۆرێک وانیە، من باوکی داعش نیم وداعش من دروستم نەکردووە.
حەسەن ئاماژەی بە لێدوانێکی سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتوەکان “کۆفی ئەنان” کرد کە وتویەتی ” ئەمڕۆ ئێمە ناتوانین لە بارودۆخی عێراق تێبگەین بەهۆی دەست تێوەردانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا”.
حەسەن ئاماژەشی بە لێدوانێکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا “تۆنی بلێر”کرد کە وتویەتی “ئێمە و ئەوانەشی کە سەدام حسێنمان لابرد لە ٢٠٠٣، ئەبێت بەرپرسیاریەتی ئەو ڕووداوانەش هەڵگرین کە لە ٢٠١٥ لە عێراقدا ڕوودەدەن”.
برێمەر لەبەرانبەر بەڵگەکانی حەسەنەوە وتی داعش لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووە بەڵکو ڤێرژنی سێهەمی قاعیدەیە لە عێراقدا،وتیشی ناتوانین بڵێین گەر سەدام ئێستا سەرۆک بوایە ئەمانە ڕوویان نەئەدا و باوەڕیشم وایە عێراقی ٢٠١٥ زۆر لە عێراقی سەردەمی سەدام باشترە.
حەسەن بەڵگەی زیاتری خستەڕوو بەوەی کە دیموراتەکانیش لە ئەمریکا ڕەخنەی توندیان لە بڕیارەکانی برێمەر گرتووە بەجۆرێک وتەبێژی ئەوکاتەی کۆشکی سپی “نیوتن گینگریج” وتویەتی ” بڕیارەکانی برێمەر کارەسات ترین بڕیاری تاکڕەوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوون لە سەردەمی نوێدا”. حەسەن دەپرسێت بۆ گینگریج وای وت؟
برێمەر وەڵامێکی ئەوتۆی پێنابێت و دەڵێت ئەوە بۆچوونی خۆیەتی.
پێشکەشکارەکە باس لە ڕابردووی برێمەر دەکات و دەڵێت ڕابردووی تۆ لە عێراقدا وایکردووە چەندین ڕەخنەت ئاڕاستە بکرێت بەڵام مەهدی سێ سەرەکیترین ڕەخنە ئاڕاستەی برێمەر دەکات کە بەهۆیانەوە داعش و گروپە تیرۆریستیەکان دروست بوون لە عێراقدا. ئەوانیش:
١- ڕیشەکێشکردنی “بەعس” و بەعسیەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هۆکارێک بوو بۆ دروستبوون و زیادبوونی گروپە تیرۆریستییەکان لە عێراقدا بەجۆرێک بە هەزاران بەعسی لەسەر کارەکانیان لادران لەوانە “مامۆستا، پزیشک، ئەندازیار، فەرمانبەر” ئەم بێکاریەش وای لە بەعسیەکانکرد بیرلە دروستکردنی گروپی چەکداری بکەنەوە دژی عێراقی سەردەمی ئەمریکا.
٢- بڵاوەپێکردن و نەهێشتنی سوپای عێراق
ئەم بڕیارەی برێمەر وایکرد بە هەزاران سەربازی عێراقی بەدەست بێکاریەوە بناڵێنن بۆ هەلێک دەگەڕان تاکو تۆڵەی خۆیان لە ئەمریکا بکەنەوە بەجۆرێک بەسەدان سەربازی عێراقی چوونە ناو “ئەنسارئیسلامە”وە کە ٢٠٠٩ ئەمریکا بە هاوبەشی عێراقی نوێ لەناوی بردن. هەروەها ئێستاش چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی سەلماندویانە لەسەدا ٢٥ سەرکردە سەربازیەکانی سوپای عێراقی لادراو، سەرکردایەتی داعش دەکەن لە عێراقدا.
٣-دانانی سیستمێکی سیاسی ناجێگیر لە عێراقدا بەجۆرێک ناکۆکی خستە نێوان کورد و شیعە و سوننەوە.
لە وەڵامی ڕەخنەکاندا برێمەر تەرکیزی سەرەکی کردە سەر بڵاوەپێکردنی سوپای عێراق، برێمەر ڕوونیکردەوە بڕیاری نەهێشتنی سوپای عێراق بڕیارێکی تاکڕەوانە نەبووە بەڵکو زۆرینەی عێراقیەکان کەلە شیعە پێکهاتوون لەگەڵ بڕیارەکەدا بوون، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد هێزە کوردیەکان وتوویانە گەر بێتوو سوپای عێراقی سەردەمی سەدام بمێنێت ئەوا ئێمە داوای جیابوونەوە ئەکەین و پەیوەندیمان بە عێراقەوە نامێنێت.
برێمەر دانیشی بەوەدانا کە ڕیشەکێشکردنی بەعسیەکان لە عێراقدا بڕیارێکی ژیرانە نەبووە.
حەسەن پرسیار دەکات و بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە برێمەر ویستویەتی سونیەکانی عێراق لەناوبەرێت ئەویش بەوەی ڕۆژێک برێمەر لەگەڵ شەریف عەلی گفتوگۆدەکات کە ڕاوێژکاری بووە بۆ گوفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە سونیەکان، عەلی برێمەری ئاگادارکردووەتەوە لە ناڕەزایەتیەکانی سونەکان لە سیستەمی نوێی عێراق.
برێمەر لە وەڵامی ڕاوێژکارەکەیدا دەڵێت عەلی “پێویست ناکات نزا بکەیت بۆ سونیەکان گەربێتوو پەنابەرنە بەر توندوتیژی ئەوا لە عێراقی نوێدا جێگەیان نابێتەوە”. ئەم وتەیەش لە کتێبەکەی خۆیدا “ساڵێکی من لە عێراق” برێمەر ئاماژەی پێکردووە.
لەوەڵامدا برێمەر حاشا لە نوسینی کتێبەکەی خۆشی دەکات بەجۆرێک پێشکەشکارەکە تووشی سەرسوڕماندەبێت. واتە گوێنەگرتنی برێمەر بۆ خواستی سوننەکان بووە هۆی ئەوەی سونیەکانیش پەنابەرنە بەر دروستکردنی گروپی تیرۆریستی لە عێراقی نوێدا.