لەسەروبەندی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیەكی ئێجگار زۆر دەكرێت لەئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمیی و ناودەوڵەتییدا دەربارەی كاریگەرییەكانی ئەم پرسە لەسەر باوردۆخی ئاساییش و سیاسیی لەناوچەكەدا، بەڵام تا ئێستا ژن لەپڕۆسەی ریفراندۆمدا هیچ دەنگی نابیسترێت، بە واتایەكی تر، ژنی كورد تا ئێستا سەركردایەتیی سیاسیی كوردیی نەخستووەتە بەرپرسیار و دیبێیت كە ئایا سەربەخۆبوون مانای چی دەگەیەنێت بۆ پرسی ژن و مافەكانی ژنن؟
ئەگەر دەوڵەتی كوردیی لە 2 ی ئەیلول رابگەیەنرێت یان دەیان ساڵ دواتر، ئایا ژنانی كورد ئازادیی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و بەشداریی سیاسیی و سەربەخۆیی ئابووریی دەستەبەردەكەن لەو دەوڵەتەدا؟ ئایا دەوڵەتی كوردیی دەتوانێت ببێت بەمۆدێلێكی سەركەوتو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە تێیدا ژنی كورد ژیانێكی ئازادانە بژی دوور لە هیچ جۆرە پەراوێزخستنێك؟ یاخود پرس و مافی ژن ئەوەندەی تر گیرۆدەی نایەكسانیی رەگەزیی و پەراوێزخستن دەبێتەوە؟
دەبێت پەنجە بخرێتەسەر ئەم پرسیارانە لەم قۆناغەداو لەڕوانگەی پرسی ژنەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بخرێتە ژێر پرسیارەوە، كە بەداخەوە تا ئێستا دەستەڵاتی كوردیی، كۆمەڵگای مەدەنیی، رێكخراوەكانی سەر بەژنان و یەكێتییەكان ژنان دەستیان بۆ ئەم پرسە نەبردوە.
لەو ساتەوەختەوەی كە دەستەڵاتی كوردیی زەنگی ریفراندۆمی لێدا لە حەوتیی حوزەیراندا، یەك حیكایەت فەزای پرسی ریفراندۆمی داگیركردووە بەشێوەیەكی گشتیی، ستراتیژی یەك پارچەیی عێراق سەلماندی كە شكستیخواردوە و هەمیشە كاری لەسەر پەراوێزخستنی كورد كردوە وەكو وڵاتی، هەر بۆیە سەربەخۆیی، تاكە دەرەچەیە بۆ رزگاربون لەم عێراقە شكستخواردوە، وزەیەكی ئێجگار زۆر بەگەڕدەخرێت لەسەر نالەباری دۆخی هەرێم لەناو ئێستای عێڕاقدا، بەڵام كەمترین وزە دەبەخشرێت بەكوردستانی دوای جیابونەوە لەعێڕاق.
بانگەشەكانی گشتپرسی بەشێوەكی ئێجگار گەورە بەڕێوەدەچن لەناوخۆی هەرێم و لەناو كوردانی تاراوگە لەوڵاتانی ئەوروپا و و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، بە سپۆنسەری سەرەكیی پارتی دیموكراتییی كوردستان، بەڵام دەنگی ژن هیچ نوێنەرایەتییەكی نییە لەم بانگەشانەدا.
وێرای ئەوەی ژن لەكوردستاندا دەنگی زیاتر دەبیسترێت و نوێنەرایەتی باشتری دەكرێت لە ناو حكومەتدا بەگشتی بە بەراورد لەگەڵ عێڕاقدا، بەڵام نەیتوانیوە تاكو ئێستا ڕەنگدانەوەی جیاواز و خیتابی جیاوازی هەبێت دەربارەی پرسی سەربەخۆیی لەڕوانگەی مافەكانی خۆیی و ئازادییەكانیەوە.
بەڵام لەئەنجامی نەبوونی گفتوگۆیەكی رەخنەگرانەوە و ستراژییەكی ڕونی سەركردایەتیی كوردییەوە لەسەر ڕۆژانی دوای ریفراندۆم، كۆمەڵگای كوردیی هیچ زەمانێكی نەخراوەتە بەردەست كە دوچاری رۆژانێكی نائازادتر و نادادپەروەتر نەبێتەوە.
پرسی ناسیۆنالیزم لەئێستادا فەزای گشتیی داگیركردووە بەجۆرێك كە خیتابی ژن و پیاو بە جۆرێكی تەواو چونیەكن، بەبێ ئەوەی كە ژنانی كورد لە ڕوانگەی پرسی ژنەوە هەڵوێستیان جەمسەر بگرێت، خیتابیان هیچ جیاوازییەكی نییە لەخیتابی پیاو لەم پرسەدا، بە ژنانی ناو حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنییشەوە، ژنانی ناو حكەمەت داكۆكی و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی حیزبەكانیان دەكەن، هەروەكو پیاوەكان، لەبری خزمەتكردنی خودی ژن و پرسی ژن.
كێشەی ئەم بێ هەڵوێستییەی ژنان و نەبوونی خیتابی جیاوازیان لەوەوە جەمسەردەگرێت كە فێمینزمی كوردیی فۆرمێكی وەرگرتوە كە ناچاری كردوە هەمیشە لە خزمەتی ناسیۆنالیزمدا بێت وەكو لەپرسی خودی ژن خۆی، هەر بۆیە لەدەوڵەتی كوردییدا، ژن دەیێتەوە بەرپرسی یەكەم گەر زیاتریش دوچاری بچوككردنەوەو نایەكسانی و چەوساندنەوە و حوكمی پیاوسالاری نەبێتەوە.
ژنانی كورد ڕۆڵێكی ئێجگار مەزنیان گێڕاوە لەخەباتی نەتەوایەتییدا بۆ پرسە نەتەوەیییەكان، هەربۆیە ناسیۆنالیزمی كوردیی سەركەوتو بو لەیەكخستنی و بەگەڕخستنی ژنان لەدەوری پرسە نەتەوەیییەكاندا، بەڵام بوە مایەی لەبارخستنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ لەداییكبونی فیكری فێمینزمێك كە كار لەسەر بەرەو پێشبردنی پێگەی ژن بكات و بجەنگێت لە پێناو ئازادییەكانیدا.
بەهەزاران ژن دەبینین بەجلی ڕەنگاوڕەنگی كوردییەوە بانگەشەی سەربەخۆیی دەكەن، بەڵام بەرپرسیارێتیی ژنان دەبێت لەوەزیاتر بێت كە خۆی لە ناسیۆنالیزمدا تەسك بكاتەوە، ئێمەی ژن دەبێت دەنگمان دلێرانە بێت و بەدەنگی بەرز ئەم سەركردایەتییە بخەینە ژێر پرسیار و گفتوگۆی جدی لەسەر پرس و پێگەی ژن، دەبێت بە دەنگی بەرز داوای كۆمەڵگایەكی دیموكراتخواز و ئازاد بكەین كە تێیدا بتوانین شانازی بكەین بە ئازادیبون و یەكسانیبونمانەوە.