لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا خواردنی پاستا و خوێندنەوەی کتێب

خواردنی پاستا و خوێندنەوەی کتێب

0 تێبینییەکان 52 بینینەکان

دلێر محەمەد نوری:

ڤا مو لا: ناوی ڕێستورانتێکی شاری “بۆلۆنیا”ی ئیتاڵیایە. کە سەر دەکەی بەم ڕێستورانتەدا، ئیتر بیرت دەچێتەوە بۆ چی ھاتووی.  تۆ کە ھاتووی تامی پاستای ئیتاڵی بکەی لە خودی وڵاتی زادەی پاستاوە، بەڵام دەکەویت بە سەر دیوارەکانی نێو ڕێستورانتێک کە بە تاقی کتێبخانە ڕازێنراوەتەوە. ھەر وەکو ئەوەی پێت بڵێت، برسێتی گەدە بە چەند ئیرۆیەک تێر ئەکرێت، بەڵام برسێتی مێشک تێچووەکەی زۆر زیاترە. یاخود بیەوێت پێت بڵێت کە ئامادەکردنی قاپێک پاستا ھێندە کارێکی ئەستەم نیە بەڵام تۆ وەرە کتێبێک بنووسە، ئاخۆ چ کات و تێچوو و قوربانییەکی ئەوێت. یاخود بیەوێت پێت بڵێ تەماشای ئەم ھەموو کتێب و ناونیشانەی دەوروبەری خۆت بکە، ھەر یەک لە ڕەنگ و لە تام و چێژێک. ھەزارەھا ڕەنگ و ھەزارەھا بیری جیاواز و ھەزارەھا چێژ. بەڵام دواجار تام و چێژی پاستاکان ژمارەیان ھەر ئەوەندەیە کە لە پەڕەی مینیۆیەکی چێشتخانەکەی ئێمەدا جێیان ئەبێتەوە. یان ھیچ نەبێت پێت دەڵێت کە سەرچاوەی دروستکردنی پاستا یەک شتە کە ئەویش ھەویری ئاردی گەنمە بەڵام چێژ و تامەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ زەوق و دەست و پەنجەی چێشتلێنەرەکەی. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە خراپ و لە چاک، تام و چێژی پاستا جیاوازەکان ناتوانن چەند دەیەک تێپەڕێنن. بەڵام کتێبەکان لە گەڵ ئەوەی کە مادە خاوەکەیان ھەمان شتە و پەڕی کاغەزە، سەرچاوەی بیر و ئاراستەو سەلیقەی نووسین و کاریگەری نووسەرەکانیان بە سەددان و ھەزارنن. دواجار خواردنی قاپێک پاستای ئیتاڵی بە تامی پەنیری پەرمێسان دەتوانێت  چێژێکی چەند کاتژمێری و گۆڕانکارییەکی کاتیت پێ ببەخشێت بەڵام ئاخۆ خوێندنەوەی کتێبێکی کاریگەر ئەتوانێ چ گۆڕانکارییەک لە ژیانتدا بخوڵقێنێت؟

ڕێستورانتی پاستاکان لە ئیتالیا بە ھەزارانن کە ڕەنگە پاستاکەی “ڤا مو لا” شازەکەیان نەبێت. بەڵام بەو ژینگە پڕ لە کتێبەی نێو ڕێستورانتەکە بێ گوومانم شازترین و نموونەییترین بێت. ئەوەی زیاتر لە ڕەفەی نێو ڕێستورانتەکە سەرنجی میوانەکانی ڕادەکێشێ ئەو بەرگی کتێبانەن کە لە شێوەی قاوەغی گڵۆپ و لە نێوان ھەر چەند کتێبێکدا دانران و ئەبریسکێنەوە. کاتێک ئەکەویتە خوێندنەوەی ناونیشانی ئەو کتێبە ڕووناکانە. ناونیشان لە دوای ناونیشان ھەم ئەتوانێ زەردەخەنەت پێ ببەخشێ گەر تیایاندا بێ و پێشتر خوێندبێتنەوە. ھەم تووشی تێڕامانت بکات ئەگەر ھەندێکیانت تا ئێستا نەناسیبێت. جا ھەندێک لەو ناونیشانەی کە کرابوون بە گڵۆپ و ڕووناکییان پەخش دەکرد: کۆمێدیاکەی دانتی، سزاو تاوانی دۆستۆفسکی، ڕۆمانی فەھرەنھایت ٤٥١ی ڕۆماننووسی ئەمریکی ڕای براندبری،   ڕۆمانی جیھانی نوێی ئازای  ئەلدۆکس ھکسلی،  ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆریول،  ڕۆمانی مەزرای ئاژەڵانی جۆرج ئورویل،  ڕۆمانی گەشتێک بۆ کۆتایی شەوی  لویس فرنیندیانی  فەرەنسی، ھەر وەھا ڕۆمانی لە ڕوسیاوە، لە گەڵ خۆشەویستی ئییان فلیمنگی ئینگلیزیدا. 

ھەڵبەت زۆر زیاتریش بوون لەم ناونیشانانەی کە ئەستەم بوو لە بەر زۆری میوانانی ڕێستورانتەکە تەماشای ھەموو ئەو کتێبە ڕووناکانە بکەیت. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە:

١-برسێتی کاریگەری گەورە لە سەر ھەستی بیرکردنەوە و ژیری مرۆڤ دادەنێت. ھەر وەکو چۆن کورد دەڵێت برسێتی ڕەگی ھاری بە دواوەوەیە. پێم وایە بیرۆکەی دامەزراندنی وەھا ڕێستونتێک و تێکەڵکردنی بە دونیای کتێب، بە دەم برسێتی و چاوەڕوانی خواردن و بە دەم خواردنیشەوە لە جێگەی تەماشاکردنی کتێبەکانی دەوروبەرت و ناونیشانە زەقکراوەکاندا، دونیای ژیریت بەدەم تێربوونی گەدەوە گرێدەدات بە برسێتی مێشکیش بۆ خوێندنەوە. 

٢-باوەڕ دەکەم دیزاینەر و دامەزرێنەری لەم جۆرە ڕێستورانت و شوێنە گشتییانە و تێکەڵکردنیان بە دونیای کتێب ھەم بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی میوانانە بۆ خواردنگەکە و ھەمیش ڕادەی ھوشیاری و ئاشنایی خودی خاوەن بیرۆکەکەش نیشان دەدات بە دونیای کتێب.

٣-ئەمڕۆ کەم نین فیستیڤاڵ و پیشانگاکانی کتێب لە کوردستاندا. ساڵ بە ساڵیش ڕاپۆڕتەکان نیشانمانی دەدەن کە کتێب فڕۆشی لە کوردستان لە برەودایە. بەڵام ئاخۆ کام جۆرە کتێب و بابەت پڕ فڕۆشە و کامانەش زۆرینەی خوێندەواری کورد ھەر لاشیان لێ ناکاتەوە؟ ئەوەی من بیستوومەو گوێم لێ بووە لە میدیاکانەوە کە تەنھا کتێبە ئایینیی و ئیسلامییەکان لە لوتکەی کتێبە پڕ فڕۆشەکانن. ئەو کتێبانەی کە ھەڵگری ھیچ فەلسەفە و گوومان و تێڕامان و وروژاندنی عەقڵ نین. ئەو کتێبانەی حەقیقەتی موتڵەق ئەفڕۆشن و پرسیار و گوومان قەدەغە دەکەن. ئەو کتێبانەی دونیای ئێمە لە چەقێکدا ڕائەگرن و بە دەوری ھەمان چەقدا لە بازنەیەکی داخراودا ئەمانخولێننەوە. 

ئەپرسم ئاخۆ کەی بێ، خوێنەری کورد دووبارە ئەو بازنەیە بپسێنێ و دەستێک بۆ ئەو کتێبانە بباتەوە کە لە بری بازنەی داخراو ھەزاران ڕێگەی جیاوازیان نیشان بدا و ھەزاران پەنجەرەی نوێیان بۆ بکاتەوە؟ 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە