هەڵبژاردنی ١ی نۆڤەمبەر ئەنجامدرا و ئەنجامەكانی ئاشكرابوون، ئاكەپە توانیی جارێكیتر دەنگەكانی ٢٠١١ بە دەست بهێنێتەوە و زۆرینەی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لە هەمان كاتدا پارتی دیموكراتی گەلانیش (هەدەپە) توانیی پارێزگاری لەبوونی خۆی لەپەرلەمانی توركیا بەلیست و ناوی كوردەوە بكات بۆ چوار ساڵی داهاتوو، سەرەڕای كەمبوونەوەی كورسییەكانی.
هاووڵاتییانی توركیا ئەزموونێكی تاڵ و پڕ ناسۆریان لەگەڵ حكومەتی هاوپەیمانی هەیە، ئەوەی ئەزموون كراوە حكومەتی تاك حزبی بەهێزترە وەك لەحكومەتی كوالیسیۆنی. لێكەوتەكانی حكومەتی هاوپەیمانی لە هەموو ئاستەكانی ئاسایشی وڵات و ئابووری و سیاسی و سەنگی نێودەوڵەتی بەخراپ دەكەوێتەوە. بۆیە دەنگدەری توركیا ئەوەی گرنگی پێ دەدات و لەكاتی دەنگدان بە بنەما دەگرێت دوو خاڵی سەرەكییە، كە كاریگەریی تەواوى لەسەر بڕیاری دەنگدەر دەبێت، ئەوانیش لایەنی ئابووری و سەقامگیری ئاسایشی وڵاتە.
لە دوای هەڵبژاردنی حوزەیرانی ڕابردوو توركیا لەو دوو ئاستەی دەنگدەر گرنگی پێدەدات پاشەكشەی كرد، شەڕی دەوڵەت لەگەڵ پەكەكە و ڕوودانی چەندین تەقینەوەی وەكو پرسوس و ئەنقەرە، گەمارۆی چەندین شاری كوردی و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و دوای سێ ساڵ جارێكیتر پرسە و تەرمەكان گەڕانەوە بۆ شارەكانی توركیا و دابەزینی نرخی لیرە و كەمبوونەوەی گەشەی ئابووری و دابەزینی داهاتی تاكە كەس و بەرهەمی ناوخۆ جارێكیتر هاووڵاتییانی تووشی دڵەڕاوكێ كرد، بەشێوەیەك ئەو بارودۆخەی كە خودی ئەردۆغان و حزبەكەی لەماوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردنەكەدا خولقاندیان و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاگرەكە زیاتر پەرەی دەسەند، بەجۆرێك كاریگەری لەسەر دەروون و بیركردنەوەی تاكی توركیا دانا سەرەڕای بوونی دەیان تێبینی لەسەر شێوازی حوكمڕانی ئەردۆغان لەهەموو ئاستەكاندا دەنگدەری ناچاركرد دەنگی پێبدەن بۆئەوەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی دروستی كردووە خاوی بكاتەوە بیگەڕێنێتەوە بۆ باری ئاسایی، لەبەر ئەوە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی توركیا دەنگی نەدا بە سیاسەت، واتە دەنگیان نەدا بە ئاكەپە وەكو ئەوەی سیاسەتەكانیان بەرامبەر بە سوریا و پرسی كورد و گەندەڵی و دژایەتیكردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد و دەستگیركردنی سەدان چالاكوان و … ڕازی بن. نا ئەوان بۆ ئەوە دەنگیاندا ئاكەپە جارێكیتر وڵات لەو قەیرانانە ڕزگار بكات كە خۆی هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانیان بووە.
لە ئەنجامیشدا توانیی بەشێك لەئامانجەكانی بپێكێ، چونكە بەهەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی و هێرشكردنەسەر قەندیل و گەمارۆدانی شارە كوردییەكان سەرنجی زۆرێك لەدەنگدەرە نەتەوە پەرستەكانی بۆ حزبەكەی ڕاكێشا، هەر ئەوەش وایكرد حزبی نەتەوە پەرستی توركیا مەهەپە نیوەی كورسییەكانی لەدەست بدات، لەگەڵ بەشێكی زۆر لەو دەنگدەرانەی كە هەڵبژاردنی پێشتر دژی تاكڕەویی ئەردۆغان و سیستمی سەرۆكایەتی دەنگیان بە هەدەپە دابوو.
بەڵام ئەوەی ماوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەوەیە ئایا ئاكەپە دەتوانێ جارێكیتر ئاسایشی وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش شكاندنی ئاگربەست؟ ئایا دەتوانێ جارێكیتر شەقامەكانی توركیا نەبن بەگۆمی خوێنی تەقینەوەكانی داعش؟ ئایا ئەتوانێ ئابووریی توركیا و داهاتی تاكە كەس بەرزبكاتەوە؟
وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بەندە بە پرسی كورد و دانوستان لەگەڵ ئیمرالی و پەكەكە، ئەگەر نا ئاسایشی وڵات هەرگیز جێگیر نابێ، ئاسایش جێگیر نەبێ ئابووری هەرگیز پێش ناكەوێ، داهاتی تاك زیاد ناكات، هەناردەی وردە وردە كەم دەبێتەوە، نرخی لیرە زیاتر دادەبەزێ، وەبەرهێنی بیانی پارەكانیان دەكشێننەوە و وەبەرهێنان ناكەن كەرتی گشتی و تایبەت زیانی زۆر دەكەن، كە هەموو ئەوانەش رووبدات هیچ حكومەتێك ناتوانێ بەردەوامی بەخۆی بدات ئەگەر نەتوانێ ئاسایش و ژیانێكی باش و خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش نەكات. بۆیە دەبێ بەناچاری جارێكیتر گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد دەست پێ بكاتەوە، بۆ ئەوەی وڵات لەوە زیاتر بەرەو هەڵدێر نەڕوات، بەوەش دەتوانێ لەگەڵ هەدەپە رێكکەوتن بكات بۆ ئەوەی دەستووری نوێ بخاتە ڕاپرسییەوە.