وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: سەلاح رێبوار
لە ماوەی کارکردنم لە کەناڵی ٤ی تەلەفزیۆن بۆ پرۆگرامی (سوپەرمان و گوڵەباخی کێوی)١. سەبارەت بە پیاوانە و ژنانە قسەم لەگەڵ زۆر خێزان کرد. لەیەک حاڵی نەبوون و یەکتری سەخڵەتکردن دەبنە هۆی ناکۆکی و دەمەقاڵی.
بەداخەوە ئەو ناکۆکییەش بە تەنیا بە دەورەی یەک پرسدا دەسووڕێتەوە. ئەویش ئێمە هەرگیز فێری ئەوە نەبووین کە لە هەندێ جیاوازی ڕەگەز تێبگەین. ڕاستییەکەشی قسەکردن سەبارەت بەو جیاوازییانە نەگونجاو بووە.
کەس لە ژێر زەبری ترسدا بە ئێمەی نەگوتووە زەوی پانە، یان ئەوە لەق لەقە لەگەڵ منداڵان دێ. یان ئەوە شتێکی میرات نییە، بەڵکوو ژینگەیە کە ئێمە دەکاتە دوو جەندەری جیاواز و بووەتە ڕەوای سەردەم. ئێمە زۆرین کە هەمیشە دەممان کردۆتەوە و دنەمانداوە و ئازارمان لەسەر هەر وەڵامێکی پێچەوانەی بۆچوونی ئەوان کێشاوە. لەمەوبەر ئەو جیاوازییە بە مایەی نایەکسانی لێکدراوەتەوە و خواش ئەو جیاوازییەی دروست کردووە.
قسەکردن سەبارەت بە جیاوازییەکانی ڕەگەز قەدەخە بووە. چەندە نەزانی ئازاری لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەوەندەش لە یەکحاڵی بوون و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی ڕەگەز، هێمنی و خۆشی بۆ ژیانی هاوسەری هێناوە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرنگاربوونەوەی کولتوور، نەتەوە و دینەکان دەگرێتەوە.
بەڵام تەنیا ئەوەندە بەس نییە. ئەو لەیەکچوونە کە ماوەی چەندین ساڵە لە سوێد خۆی لە خاڵی هەرە بەرزی داوە، هەرگیز بە مانای تەواوی یەکسانی ماف لە نێوان ڕەگەزەکان نەبووە، بەڵکوو پیاوی کردۆتە شتێکی ئاسایی و وەک پێوەرێک بۆ گشت شتەکان: کاری پیاوانە، ڕەفتاری پیاوانە و نەخۆشی پیاوانە.
ئەمەش ژنانی لەگەڵ خۆیدا ڕەکێش کردووە، بۆ ئەوەی نرخیان بگاتە هی پیاو. ئەو بیرۆکەش لە پرۆسێسی یۆنانییەوە هاتووە. کە خاوەن ماڵ تەواوی میوانانی شەوی ناچار کردووە لەگەڵ قەوارەی تەختی خەوی بگونجێن. بۆ لێگەڕان وای لێ بێ؟ بۆ ئێمە نایەکسانییمان بە یەکسانی گۆڕییەوە؟ بۆچی وا هەست دەکەین کە دەستکاری نارنجۆکێکی نادڵنیا دەکەین، لە سوێدی چمکی ئازادی ١٩٩٤ دا؟
لە گشت گیانلەبەرە بڕبڕەدارەکاندا جیاوازی ڕەگەز هەیە. هەندێ ڕەفتار لای ژنان ئاسایی ترە، هەندێکی تریش لای پیاوان. گشت ئەوانە بۆ بەردەوامی هەڵومەرجی ژیان دروستبوون کە تا دەکرێ گونجاوتر بێ. بۆچی ئەوە شتێکی ترسناک بێ؟
بێگومان زۆر لێبواردن (استپناو) هەیە، زۆر جیاوازی گەورەش لە نێوان ڕەگەزەکان دا هەیە. ژن هەیە لە پیاوان پیاوانەترە …… و هتد. بەڵام ئەوە بەر لە ڕاستی ناگرێ. جیاوازییەکانی ڕەگەز ئەوەندە گەورەن کە بەڕاستی خیانەتە ئەگەر نکۆڵییان لێ بکرێ، نکۆڵییەک کە نرخەکەی هەست و سۆزە، هاوسەرییە، خۆشی ژیانە.
بە گشتی ژن و پیاو جیاوازن، هەندێک بەشی مێشک لەیەک جیاوازن، پێگەیین و کارکردنی مێشک لە هەردوو ڕەگەزدا وەکوو یەکە. ئەمەش کاریگەری قوتابخانەیە کە کاردەکاتە سەر ژیان. بەڵام قەدەخە بووە قسەی لە بارەوە بکرێ
رێگە بدە با سێ نموونەی گونجاو بێنمەوە
نموونەی یەکەم: نموونەیەکی سادە بینینەوە. سەدان هاوسەر لەناو ئۆتومبێل یان بەلەم دەمەقاڵیان دەبێ.
مێشکی پیاو لە بیرکردنەوەدا باشترە، واتە زۆر جار نەخشەی ئاڕاستەی دەریا لە ناو مێشکی دا هەڵاوگێڕ دەکا و پێویستی بە سەیرکردنی نەخشە نییە و بە دروستی کەشتیڕانی دەکا. لە بەرامبەر ئەوەدا ژن زیرەکی زیاتر لە خوێندنەوە دایە تا بیرکردنەوە، ئەو پێویستی بە یارمەتی هەیە بۆ کەشتیڕانی، دەبێ نەخشە بە دروست سەراوگێڕ کا. ئەمە مانای وانییە کە ژن دەبەنگە، یا گیروگرفت بۆ پیاو دروست دەکا. بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ژن شێوەی زیرەکی هەندێ لە هی پیاو جیاوازە
نموونەی دووەم: یان بگرە شێوەی جیاوازمان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت.
باشترین شێوە بۆ ژنان ئەوەیە، قسە بکەن، قسە بکەن، قسە بکەن. لە بابەت گیروگرفتی خۆیان و هی خەلکی تر، یا ئەو گیروگرفتانەی کە دێن. ئەمە قوڕسی گیروگرفتەکەی بۆ سووکتر دەکا. بۆ ژن تەنیا یەکێک هەبێ گوێی لێ بگرێ، و هاو هەستی بێ بەسە بۆ هێزی بەردەوامی لە ڕۆژ بەڕێکردندا. بەبێ چارەسەری پێویست.
بەڵام پیاو بۆ قسەی ژنان سەبارەت بە گیروگرفت زۆر جار دوو شێوە کاردانەوەی هەیە، یەکەم دەستبەجێ پشێوییەکەی پەنا دەدا و ( ئەوەش تەنیا باوەڕ بە خۆی دێنێ). (کچێ، گوێ مەدەیە، هەرچی دەڵێن با بڵێن)، یان (دە لێگەڕێ خۆ جیهان نەڕوخاوە). شتێ کە ژن هەست بە کەمی دەکا، یا لە ڕێزی دادەبەزێندراوە. دووەم کاردانەوەش پیاوەکە دەستبەجێ، دەست دەداتە بەر خۆی و بە دوای چارەسەری گیروگرفتەکادا دەگەڕێ.
هەردوو کاردانەوەکە، شێوەی پیاوانەن لە چارەسەرکردنی گیروگرفت. بەڵام ئەوەی ژنە پێویستی بوو، تەنیا یەکێک گوێی لێ بگرێ و وا پیشان بدا کە حاڵییە و بەڕاستی سەختە. بە بێ پەنادانی پشێوی یان چارەسەرکردنی دەستبەجێ، ئەگەر نا بە ئاسانی دڵیان لە یەکتری دێشێ.
نموونەی سێیەم: سەبارەت بە شێوەی جیاوازمان لە بەڕێوەبردندا. پیاو دەستبەجێ پیرامیدەکانی بەڕێوەبردن ڕێک دەخا و دەسەڵاتی لە سەرەوە بۆ خوارەوەش پەسەند دەکا، کە فەرماندەرە و دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بکرێ. هەرچی ژنە زیاتر بیر لە شێوەکانی پراکتیکی تۆڕی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتی دەکاتەوە
لە تاقیکردنەوەیەکدا بۆ پەروەردەکردنی بەڕێوەبەرایەتی ژن و پیاو سەرئەنجامەکەی بەم شێوەیە بوو. قوتابییەک لە پڕ دێتە ژووری دەرس و بە هاوبەشانی کۆرس ڕادەگەیێنێ (بەیانی ژەمەکانی نانخواردن لە کاتی جیاوازدا دەبێ، ژەمی نیوەڕۆ کاتژمێری ١١،٣٠ و ئێوارە ١٧،٤٥ و بەبێ وەستان دەڕواتە دەرەوە). مامۆستای دەرس بە هاوبەشانی کۆرسەکە ڕادەگەیێنێ کە هەرکەس لەلای خۆی بەبێ بیرکردنەوە پرسیارێک سەبارەت بەو گۆڕانکارییە یاداشت کات.
پرسیاری ٧ لە ٩ پیاوەکان ئەوەبوو (کێ ئەو بڕیارەی داوە) و ٧ لە ١٠ی ژنانیش (لەبەرچی گۆڕدراوە).
پیاوان دەیانەوێ بزانن ئایا ئەو نرخەی هەیە کە گوێڕایەڵی فەرمان بن. ژنانیش بە دوای ئەوەوەن کە ئایا ئەو گۆڕانە شتێکی پراکتیکییە. بۆ حاڵی بوون لەو جیاوازییەکانی ڕەگەز کە لە ژیانی هاوبەشیماندا هەن، هەر ڕۆژە لە ژوورەکانی پشوودان و شوێنە گشتییەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ، بەڵام لە گفتوگۆ فەرمییەکان گۆزە بەدەرخون کراون.
ئەگەر یەکێک جورئەت بداتە خۆی و بڵێ مرۆڤ کتومت وێنەی خوا نییە، بەڵکوو گیانلەبەرێکی بڕبڕەدارە و هەندێ ئاکاری گیانلەبەری هەر تیایە، ئەوە بەلای کەمی بە کافر دادەنرێ.
با سەیرێکی ووڵاتی ( سەربستان) بکەین کە هەوڵی هەرە سەرەتایی ترین نامرۆڤایەتی پیشان دا، کە چۆن مرۆڤ بەرگری لە ئاقاری خۆی دەکا. با سەیری منداڵێکی ساوا بکەین کە هەر لەگەڵ لەدایک بوونیدا بە دوای گۆپکەی مەمکدا دەگەڕێ. با سەیری مرۆڤێکی تەنگەتاو بکەین لە ژووری کارگێڕی، کە هەمان تەنگەتاوی باپیرانمان پیشان دەدا کە لە دەست قەپاڵی بە هەڵمەتی پڵنگ ڕایاندەکرد.
لە زۆربەی ڕەفتارەکانماندا ئێمە لە گیانلەبەر بەرزترین و لە هەر بەراوردێک دەسڵەمینەوە (بیۆلۆژی شتێکی خراپ و لە نرخ دابەزینە) بە تایبەتی دەربارەی ژیانمان. ئەو هاوکێشەیە دووپاتە دەکاتەوە، کە ئێمە سیاسی و ئایدیۆلۆژی ڕاستین و دەتوانین گەرەنتی کۆمەڵێکی ئایدیال بدەین، کە ژینگە بە تەواوی ئەو میراتە ڕەشدەکاتەوە. هەڵبەتە نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ژینگە کاریگەرییەکی زۆر و لە بن نەهاتووی لە سەرمان هەیە و چەندین ڕێبازی کاریگەریش هەیە کە بتوانێ ڕەفتارەکانمان دیاری بکا و بیکاتە مرۆڤانەتر.
ڕەنگە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێ کە بە شێوەی فەرمی بناخەی بایۆلۆژی جیاوازییەکانی ڕەگەز دیاری بکرێ. کە کار دەکەنە سەر ژیانمان بۆ ئەوەش پێویست بەوە ناکا بیسەلمێنین کە هەموومان یەک ڕەگەزین بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادوەری.
ئەگەر چاومان لە دیاردە تایبەتییەکانی ژن نوقاند، ئەوە چاوپۆشی لە چەوساندنەیەک دەکەین کە سەختربێ لەو چەوساندنەوەیەی کە لەلایەن پیاوانەوە دەکرێ. (بە ڕەچاوکردنی هێشتا کەم وکووڕی لێکۆڵینەوەی نەخۆشییەکانی ژن، بە هەڵە لەگەڵ ژن ڕەفتار کردن، بە سەختی لێحاڵی بوون و دڵتەنگی و خەمۆکی). ئێمە زۆر چاوپۆشیمان لەو کولتوورەی دوژمنی ژنان کردووە. بە شێوەیەکی ڕاست و ڕەوان ژنمان کردۆتە خزمەتکارێکی هەمیشە.
ئەوەش تەنیا ژنانی نەگرتۆتەوە، ئێمەش زۆر جار تانە و توانجمان لە پیاوان گرتووە و گاڵتەمان بە زۆر لە ڕەفتاریان کردووە، بۆ نموونە شێوەی پیاوانە کە هەر جارەی لە خاڵێکی دیارکراو وورد دەبنەوە، یان پشوو درێژیان لە خۆ خەریککردن بە زانیاری لابەلا و سەخڵەتکەرەوە. ئێمەی ژن بە زۆری ئەمە بە نەزانی و ترسناکی و هەست بە لێپرسینەوە نەکردن دادەنێین. بەڵام ئەوە لە بنچینەدا پەیوەندی بە قووڵی جیاوازی ڕەگەزەوە هەیە لە مێشکدا. لە هەمان کاتدا مەبەست و چەژ لێوەرگرتنی پیاوانەیە کە یەکتری تەواو دەکەن.
بیر لە زۆر ژن و مێرد بکەوە کە هەموو تەقەلایان بۆ داپۆشین و چاوەدێری جیاوازییەکانی یەکترییە، کەچی هەرگیز لە ڕوانگەی لە یەکحاڵی بوونەوە یەکتریان تەواو نەکردووە و زۆر جار ناکۆکی نابەجێ هاتۆتە پێش من وەکوو دۆستێکی ژینگە هەرگیز مرۆڤ، بێجگە لە بەشێکی سرووشت بە شتێکی تر نابینم، زیرەک و هوشیار، بەڵام نەک شتێکی ئاسمانی، وەک شتێکی تەزویرنەکراو جورئەتی لێکۆڵینەوەی بدەین، پشتیوانی شتە ئاڵۆزەکان بکە و هانیان بدە (هەست لە خۆت ڕابگرە) هەروەکوو یۆنانییەکان وەکوو ئەرکی ژیان پێشنیاریان کرد، باشە چی لەوە قازانج دەکەین؟
یەکەم ڕەنگە پێش ئەوەی جیاوازییەکان بەدی بکەین و بە ڕاستی لێشیان تێبگەین و بیانگۆڕین، دەبێ بزانین کە ئێمە تەنیا نین. ئێمە ئاسایین و حەشاماتی خەڵکی هەمان گیروگرفتاین هەیە. هەوڵ بدەین بزانین کامە تایبەتە بە ڕەگەزی ئێمە و ڕەگەزی هاوسەرەکەمان. بێ ئەوەی خۆمان بە تاوانبار بزانین. ئەوەش تەنیا دەبێتە هۆی حەسانەوە. ئەو کاتەی ئێمە ئەو گیروگرفتە وەک پرسی تاکە کەسی وەرناگرین و تێدەگەین کە ئەوە جیاوازی ڕەگەزە و بەشێوەی جیاواز کار دەکەن، بەمە زۆرمان قازانج کرد. ئەوەش تەنیا پێویستی بە جورئەت هەیە، بۆ وەدەستهێنانی زانیاری نوێ. بەبێ ئەوەی هەڵیسەنگێنێ یا تاوانباری بکەی.
_______________________________
تێبینی:
ئەنیکا دوپینگ٢ ژنە ڕۆژنامە نووسێکی سوێدییە، لە ساڵانی ١٩٩٠ لە کەناڵی چواری تەلەفزیۆن کاری دەکرد. ئەنیکا وەک پسپۆرێک لە بواری پرسی ژنان لە ڕۆژی ١٣- ٤ ١٩٩٤ پرۆگرامی (سوپەرمان و گوڵەباخی کێوی) پێشکەش کرد. ئەو ووتارە دەربارەی هەمان پرس کە لە ڕۆژنامەی داگێنس نیهێتەری٣ رۆژی ١٤-٤-١٩٩٤ لە لاپەڕەی ٤ بڵاوکرایەوە.
وەرگێڕانە کوردییەکەشی لە گۆڤاری ڕابوون ژمارە ١٢ سالێ ١٩٩٤ دابڵاوکرایەوە.
ئەوەش دووبارە بڵاوکردنەوەی هەمان تێکستە، لەگەڵ بەسەرداچوونەوە و گۆڕینی هەندێ زاراوە کە ئێستا لە نووسین بەکارنەین.
ڕاستە ئەو نووسینە هی ساڵانی ١٩٩٠ە، بەڵام لەبەر گرنگی پرسی ژن و خەبات بۆ یەکسانی دەبێ، لە لایەنی گۆشەنیگای جیاواز لێی بکۆڵینەوە و ژن وەک ژن ببینین نەک وەک کۆپییەکی پیاو.هەر بۆیە شارەزایی لە زۆر بوار پەیدا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەڕاستی کۆمەلگەیەکی یەکسان کەسەر بنچینەی ڕێزنان لە جیاوازییەکان دروست بکەین.
_______________________________
1. Stålmannen och Törnrosa
2. Annika Dopping
3. Dagens Nyheter