ساڵانە لە فینلاند بە شێوەیەکی شەفاف داهاتەکان بڵاودەکرێنەوە. لە ماڵپەڕەکاندا هەموو کەس دەتوانێت لیستی جیاوازی داهاتەکان ببینێت، بۆ نمونە هەزار کەسی سەرەتا کە زۆرترین داهاتیان هەبووە، یان لیستی ئەکتەران، وەرزشوانان، لاوان و بەرپرسان. ئەم زانیارییانە لە ڕیگەی فەرمانگەی باجەوە وەردەگیرێت، کە تێیدا داهاتی مووچە و داهاتی سەروەتەکانی جودا کردۆتەوە بە ئێورۆ بەیانی کردووە.
چوارشەممەی ڕابردوو داهاتەکانی ساڵی 2016 بڵاوکرانەوە، کە تێیدا جۆن دێڕۆم، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای سوپێرسێل (یارییە ئێلێکترۆنییەکان) زۆرترین داهاتی هەبووە، کە داهاتی مووچەکەی بریتی بووە لە نزیک 13,5 ملیۆن ئێورۆ و لە ڕێگەی کۆمپانیاکەشییەوە 60,5 ملیۆن ئێورۆ داهاتی بووە و کۆی داهاتەکانی دەکاتە 74 ملیۆن ئێوۆر. تێکڕای داهاتەکانی کەسی دووهەم لە ساڵی ڕابردوودا بریتییە لە 70 ملوۆن ئێورۆ و لیستی دە کەسی سەرەتا هەموویان داهاتیان لە سەرو 15 ملیۆن ئێورۆوە بووە.
لە لیستی بەرپرساندا داهاتی یورکی سیپیلا سەرۆک وەرزیران بریتی بووە لە 375801
ئێورۆ، کە 162023 ئێورۆ مووچەکەی بووە و 213778 ئێورۆش داهاتی سەروەت لە سەرمەیاگوزارییەکانیدا. سەرۆکی پارتی کۆکۆمیس پێتێری ئۆرپۆ، کە هاوکات وەزیری داراییشە، تەواوی داهاتەکانی ساڵی ڕابردووی لە ڕێگەی مووچەکەیەوە بووە، کە بریتی بووە لە 146418 ئێورۆ. پێککا ڕیننێ سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان داهاتی 99903 ئێورۆ بووە و سەرۆکی پارتی سەوزەکان 75073 ئێورۆ بووە. ئەم دوو سەرۆک پارتەش کە هەردووکیان لە ئۆپۆزیسیۆنن، تەواوی داهاتەکانیان لە ڕێگەی مووچەکانیانەوە بووە. داهاتی سەرکۆمار لە ساڵی ڕابردوودا بریتی بووە لە 126هەزار ئێورۆ، بەڵام باجی لێ نادات. شایەنی باسە کە سەرکۆمار لەسەر داوای خۆی مووچەکەی کەم کراوەتەوە.
لە فینلاند گفتوگۆی گەرم لەسەر ئەو کەسانەیە کە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە دەرەوەی ولاتە و باج نادەنە فینلاند، وێڕای چەرخاندنی سەرمایەگوزاری و بارزگانیان لە فینلاند. بۆ نمونە چەندین ملیۆنەر شوێنی نیشتەجێ بوونیان وپاتێکی ترە، یان پارەی خانەنشینیان بۆ دەچێتە وڵاتێکی تر، لەبەر ئەوەی باجەکەیان لەوێ کەمترە. ئەم حاڵەتی خۆدزینەوەیە لە دانی باج بۆتە مایەی نیگەرانی و هەروەها ڕێزگرتن لەوانەی کە لە باجەکانیان لە فینلاند دەدەن. واتە وێرای داهاتی بەرز و ئەرکی دانی باجێکی زۆر، ئامادەن باجەکانیان بدەنە فینلاند. بۆیە ئەو گەورە سەرمایەدارانەی لە لیسەکاندا هاتوون، هەڵوێستیان بە ئەرێنی تەماشا دەکریت.
لەسەر لیستی داهاتەکان، دەکرێت چەندین پرسیار و قسە بکرێت لەسەر ئەوەی چ پیویستە کە داهاتی وەزیرێک نزیک بە 150هەزار ئێورۆ بێت لە ساڵێکدا؟ بۆ دەبێت کەسانێک دەرفەتیان هەبێت دەیان ملیۆن ئێورۆ کەڵەکە بکەن، لە کاتێکدا کە دەیان هەزار کەس بە بچووکترین مووچە یان بیمە کۆمەڵایەتییەکان ژیانیان بەسەر دەبەن؟ هتد..
بەڵام وێڕای هەموو ئەو سەرنجانە بەیانکردنی داهاتەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و لێسەندنی باجێکی گەورە لێیان، یەکێکە لە دیاردە گرنگەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن و ڕێگەی خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران زیاتر دەکاتەوە.
کێ دەتوانێت بۆ نمونە داهتی بەرپرسانی کوردستانمان پێ بلێت؟ یاخود لەو سەروەت و سامانەیان چەندە باج دەدەن و ئەو باجانە چەندێک لە پێناو کۆمەڵگادا بەکار دەهێندرێن؟