عەزیز ڕەئووف:
كەمێك تاقەتت هەبێ و لە گۆگڵ سێرچێك بكە و بزانە ئەم دوو قەبیلەیە لە بۆرما بۆ وا دەكەن و كێشەكەیان لەسەر چییە. بەشێك لەو وێنانەی كە داتانبەزاندووە ئەسڵەن هەر بۆرما نیە. كەمێك تاقەتت هەبێ و بیر بكەرەوە لە دنیای تۆدا چی دەگوزەرێ و تەنها بە ژمارەی كوژراوەكان توشی شۆكت دەبی. یەك تۆز دەستت بە نێوچاوانتەوە بگرە و تەماشایەكی كوردەكانی توركیای برات بكە بەدەستی سوڵتان ئاردۆگان بارتەقای موسوڵمانانی قەبیلەی ڕۆهجینا لە بۆرما لە زیندانەكاندا مرۆڤی كورد تەعزیب دەدرێن، نەهاتی هاوسۆزی بۆ براكانت دەرببڕی. كەمێك بیر بكەرەوە موسوڵمانی پڕ لە هەست و سۆز و دڵناسكی كورد ئێستا وێنەكانی ئەوپەڕی دنیا تۆیان ناسك ناسك كردۆتەوە. شەنگال لە تەنیشتتەوە بوو، بە جێبەجێكردنی دینەوە چیان بە یەزیدی نەكرد،ئەوە چۆن چاوەكانت دڵۆپێ فرمێسكی نەڕشت. قەسابخانەكانی 31ی ئاب و گوندی كەلەكین و گوللەبارانكردنی براكان لە شەڕی براكوژی بیرچۆتەوە كە ژمارەی قوربانیەكان لە قوربانیانی بۆرما كەمتر نین، ئێستا هەستی كوردایەتیت بەرز بۆتەوە و خۆشت بۆ “بەڵی”ی سێ هەفتەی داهاتووی ڕیفراندۆم ئامادەكردووە و دوای مژدەی ناسیۆنالیستی جەلادەكان دەكەوی.
تا دین پێی وابێت ڕاستی لای خۆیەتی و ئەوانی تر هەڵەن، ئەم خوێنە نەدەوەستێ و نە كۆتایی دێت. تا تۆی موسوڵمان هاوسۆز نەبیت بۆ مرۆڤ نەك بۆ “موسوڵمان” گومانم لە هاوسۆزیەكەت هەیە و دەتەوێ بەم هەستەت ئەركێك لەسەر خۆت لابەری و وا خۆت پیشان بدەی كە فریشتەی. لە دوای ڕاپەڕینەوە هەزاران ئافرەتی فریشتە لە كۆڵانەكانتدا بەناوی شەرەفەوە دەكوژرێن و تۆش بەهانەت بۆ كوشتن هەیە. هەینی ڕابردوو گوێم لە مەلایەك بوو وتی : ئەوەی نوێژ نەكات دەبێ لە ملی بدرێت، تۆش دڵنیام گوێت لێ بووە و دەنگت نەكردووە.
موسوڵمانی هەست ناسك هەمیشە قەسابخانە لێرە هەیە، ڕەنگە ژمارەكەیان كەم و زیاد بكات، یان ڕەنگە وێنەكان جوان نەگوازرێنەوە.
نەفرەت لە خوێنڕشتن لە هەر شوێنێك بێت.