لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا لە نێوان ئازادی و قوتی ناندا

لە نێوان ئازادی و قوتی ناندا

0 تێبینییەکان 42 بینینەکان
کنێر عەبدوڵا:
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەمیشە دوو پێویستی سەرەکی و بێوێنە جەنگیان بووە بۆ بەدەستهێنانی سەرنجی تاك و کۆمەڵگە. ئازادی و قوتی نان (بژێوی). 
کاتێک مرۆڤ لەبەردەم هەڵبژاردەی نێوان ئەم دووانەدا دادەنرێت، پرسیارێکی قورس دێتە ئاراوە: کامیان بنەمای سەرەکی ژیانە؟ 
لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسیارە تەنها پرسێکی فەلسەفی یان تیۆری نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ڕۆژگارێکی تاڵ و پڕ لە قەیرانە کە هاووڵاتی ڕووبەڕووی بووەوە.

قوتی نان؛ سه‌ره‌تاییترین پێویستی و مەرجی مانەوەی مرۆڤە لە ژیانداو  لە پلەی یەکەمدا هاتوە  لە هەڕەمی پێداویستییەکانی (ماسلو)دا 
بۆ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کە ساڵبەساڵ ڕووبەڕووی قەیرانی پاشەکەوتی مووچە، بێکاری، گرانیی بازاڕ و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی بووەتەوە، نان دەبێتە خەمی سەرەکی.

 بەنموونە؛ کاتێک فەرمانبەرێک چەندین مانگ مووچەی دواکەوێت یان گەنجێك کاری نەبێت، کێشەی سەرەکی بۆ ئەو، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو نەبوونی نرخی کرێی خانوو، قەرزی دوکان و بژێوی خێزانەکەیەتی. لێرەدا، مێشک داگیرکراوە بەوەی چۆن “نانی سەرمێز” دابین بکات، نەک ئەوەی مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی هەبێت.

هەروەها ئازادی؛ بنەمای کەرامەتی مرۆڤەو لە بەرامبەردا تەنها چەمکێکی لافیتەیی نییە، بەڵکو ئەو هەوایەیە کە مرۆڤ پێی دەژی، و بێ ئازادی، مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی بێدەسەڵات کە تەنها بۆ ژیانکردن دەژی، نەک بۆ مرۆڤبوون.

 هەرێمی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی تاڵە لە ستەم و بێبەشبوون لە ئازادی ولە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا. خەڵک بۆیە قوربانییاندا و خەباتیان کرد تاوەکو بتوانن بە ئازادی هەناسە بدەن، بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بچەسپێنن.

 بەنموونە؛ مێژووی ڕۆژنامەگەری و چالاکی مەدەنی لە هەرێمدا شاهیدی ئەوەیە کە ئازادی چەندە گرنگە. کاتێک دەنگە ئازادەکان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان دەخنکێنرێن، گەندەڵی و نادادپەروەری باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت و دەرئەنجامەکەی هەر قووتی نانیش تێکدەدات! چونکە بێ ئازادی، چاودێری و لێپرسینەوە نابێت و دزین و گەندەڵی سامانە گشتییەکان بژێویش لە خەڵک دەسێنێتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا، ئازادی و قوتی نان دوو هێڵی جیاواز نین، بەڵکو دوو ڕووی یەک دراون. بەو واتایەی ئەو کەسەی نانی بڕاوە، زۆر جار ناتوانێت بە ئازادی دەنگ هەڵبڕێت، چونکە ترس لە برسیترکردنی زیاتر یان لەدەستدانی بژێوی بچووکی هەیە. لە لایەکی تریشەوە، دەسەڵاتێک کە ئازادی لە خەڵک بسێنێت، ناتوانێت ژێرخانێکی ئابوری بەهێز و دادپەروەر دروست بکات کە قوتی نانی هاووڵاتی تێدا پارێزراو بێت.

 بەنموونە؛ زۆر جار قەیرانە ئابوورییەکان لە هەرێمدا دەرئەنجامی نەبوونی شەفافیەت، بەڕێوەبردنی خراپ و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بوون (کە ئەمانەش پێویستیان بە ئازادیی چاودێریکردن و میدیای ئازاد هەیە). کەواتە، نەبوونی ئازادی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی نەبوونی قوتی نان.

دەرئەنجام؛ مرۆڤ کاتێک لە نێوان ئازادی و قوتی ناندا سەرگەردان دەبێت، لە ڕاستیدا لەبەردەم هەڵبژاردەی نێوان ژیانی سەربەرزانە و مانەوەی تەنها بۆ ژیاندا دادەنرێت.

وەلە هەرێمی کوردستاندا، قوتی نان زۆر جار وەک چەکێک بەکارهاتووە بۆ کپکردنی دەنگی ئازادی، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە کۆمەڵگە لە کۆتاییدا هەرگیز بە نان تەنها ڕازی نابێت، ئەگەر کەرامەت و ئازادی لە دەستبدات؛ چونکە نانی بێ ئازادی، تەنها تام و چێژی چۆکدادان دەبەخشێت، و ئازادیی بێ نانیش زوو لە برسێتیدا دەفەوتێت. بۆیە، مرۆڤی هۆشیار لە کوردستاندا دەبێت هەردووکیان پێكەوە داوا بکات، چونکە هیچ کامێکیان بەبێ ئەوەی تریان بە تەواوی بوونی نییە.

16/08/2026
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە