پوری ئایلان کوردی لە ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ئایلان کوردیدا بە ڕۆژنامەی حوڕیەتی تورکی ڕاگەیاندووە، جیهان چارەنوسی کۆچبەرانی لەبیرکردووە.
تیما کوردی، پوری ئایلان کوردی بە ڕۆژنامە تورکیەکەی وتووە “ئەوان ئەوکات هەوڵیاندا یارمەتی کۆچبەران بدەن، سنورەکان کرانەوە، بەڵام دوو مانگ دواتر هەمووان گەڕانەوە سەر کاری پێشوویان”.
تیما هێمای بۆ ئەوە کرد، “جیهان گریا” کاتێک وێنەی ئایلان لە ٢٠١٥ دا بڵاوکرایەوە، بەڵام دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا بە شێوەیەکی “تراژیدی” تێپەڕی.
تیما وتووشیەتی “کاتێک تەرمی ئایلان لە کەناراوەکە دۆزرایەوە، بینیم کە جیهان دەگریا، ناتوانم کاریگەری ئەو ساتە لەسەرم گوزارشت لێبکەم، هیچ ووشەیەک نییە بۆ باسکردنی ئەو ساتە، ئەوکات هەمووان کەمێک هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەکرد و بیریان لەوە دەکردەوە کە چۆن دەبوو ئەگەر ئەوە کوڕی خۆیان بوایە”.
پوری ئایلان کە لە ئێستادا لە کەنەدا نیشتەجێیە وتوویەتی “کاتێک وێنەکەم بینی، بیرمکردەوە کە ئەوە پەیامێکە لە خوداوە. بە هەزاران منداڵ پێشتر و هێشتاش دەمرن. باوەڕی تەواوم هەبوو کە خودا ویستوویەتی ئێمە کۆبکاتەوە و یەکمانخات و وامان لێبکات لێک تێبگەین”.
هەروەها وتیشى “خودا ویستوویەتی ئێمە لەخۆبایی نەبین و لە هەموو شتێک ناڕازی نەبین. وێنەکەی ئایلان هاوشێوەی وێنەی هەزاران منداڵی تر بوو”.
لەبارەی گەشتی خوشکەکەی (دایکی ئایلان)، تیما وتوویەتی “دەمزانی ئەو ڕۆژە خوشکەکەم پلانی گەشتەکەی هەبوو، هەربۆیە ئەو ڕۆژە زوو لە خەو هەستام، بەڵام بە دەیان پەیوەندی تەلەفۆنیم لەسەر مۆبایلەکەم بەدی کرد، ئیتر تێگەیشتم کە شتێک ڕوویداوە و دواتر هەواڵە ناخۆشەکەم زانی، کەوتم بە زەویدا و هاوارم کرد، ویستم لە کەللـەی سەر بقیژێنم و هاوار بکەم بەڕووی جیهاندا”.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی خانەوادەی ئایلان لە تورکیا نەماونەتەوە تیما وتوویەتی “کاتێک لە ٢٠١٤ سەردانی خانەوادەکەمم کرد لە ئیستانبوڵ، خەڵکی تورکی زۆر دەست و دڵ باشم بینی، ئەوان هاوکاری خەڵک و خانەوادەکەی منیشیان کردبوو، ئەمە هەڵەی تورکیا نەبوو، بەڵام دۆخەکە گونجاو نەبوو، خانەوادەکەم لە خانوویەکی بێ کەلوپەلدا دەژیان، هیچکام لە منداڵەکان نەیاندەتوانی بچنە بەر خوێندن چونکە ملیۆنان هاووڵاتی سوری لە تورکیا بوون”.
تیما باسی لەوە کردووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە زانکۆ و کۆنفرانسەکاندا باسی لەو بابەتە کردووە و داوای لە خەڵکی کردووە کە خۆیان لەجێگای ئەو خێزانانە دانێن کە توشی کارەسات و دەربەدەری بوون، وتووشیەتی “گوێم لە دەنگی دڵم ڕاگرت و ووتم، تۆ دەبێت ئەمانە بەم خەڵکە ڕاگەیەنیت و وا بکەیت کە دەنگت ببیسترێت”.
لە ئێستادا عەبدوڵا کوردی باوکی ئایلان کوردی لە شاری هەولێری پایتەختی کوردستان ژیان بەسەردەبات، کە سەرەتا ویستی بگەڕێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام نەیتوانی بەرگەی ژیانکردن لەوێ بگرێت.
باوکی ئایلان باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی پەیوەندی پێوە کردووە چووەتە هەولێر و بڕیاریداوە لە هەولێر بژی.
ڕۆژی ٢ی ئەیلولی ٢٠١٥ تەرمی ئایلان کوردی لە کەنار دەریایەکی تورکیا دۆزرایەوە، و بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بووە جێگای سەرنجی سەرجەم میدیا جیهانییەکان و کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی لەبارەی چارەنووسی کۆچبەرانەوە گۆڕی.