20 رێكخراوی بواری جینۆساید، دەڵێن، پیاهەڵدان بە سەدام حسێن و حیزبی بەعس، هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی کەرکوکییەکان دەکات. دەشڵێن: تا ئێستا هیچ لایەن و قەوارەیەکی سیاسی پێکهاتەی عەرەبی و ئیدارەی شارەکە، ئیدانەی ئەو رەفتارەیان نەکردوە. داواش لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەن بەڕەسمی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو كەسانە رابگەیەنن و بابەتەكە دیزە بە دەرخۆنە نەكرێ.
20 رێكخراوی بواری جینۆساید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن”وەک ئاشکرایە، لە چەند ڕۆژی رابردوداو لە بەردەم باڵەخانەی دیوانی پارێزگای کەرکوك، لایەنگرانی چەند لیستێك، لەپای سەرکەوتنی لیستەکانیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بە بەرزکردنەوەی وێنە سەدام حوسێن و وتنەوەی دروشمەکانی حیزبی بەعسی لە ناوچو، ئاهەنگیان دەگێڕا.”
دەشڵێن”ئەم پێشهاتە مەترسیدارو بێ پێشینەیەو بەو جۆرە ئاشکرایە لەسەر شەقام، لە کاتێکدا؛ سەدام حوسێنی تاوانبارو ڕژێمەکەی دەستیان سوربو بە خوێنی ملیۆنان کەس لەگەلانی عێراق و لەساڵی 2016ـشەوە بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس)، ستایشکردن و پیاهەڵدان بە حیزبی بەعس و سەرانی ئەو حیزبە قەدەغەکراوە.”
جەختیش دەكاتەوە كە ئەوان لە رێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری جینۆساید، ئەم پێشهاتە بە زەنگێکی مەترسیدارو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر برایەتی و پێکەو ژیانی پێکهاتەکان لە کەرکوك دەبینن.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن كە “سەرەڕای ئەوەی باس لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەڵام تائێستا هیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێکی فەرمی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێی دەکرێت، ئەو پرسە دیزە بە دەرخۆنە بکرێت.”
هێما بۆ ئەوەش دەكەن “تا هەنوکە، هیچ لایەن و قەوارەیەکی سیاسی پێکهاتەی عەرەبی و ئیدارەی شارەکە، ئیدانەی ئەو رەفتارەیان نەکردوە.”
ئەو 20 رێكخراوە داواش دەكەن كە بە ڕاگەیەندراوی رەسمی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە رابگەیەنرێت و ناوەکانیان بڵاوبکرێتەوەو بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.”
هەروەها داواش لە لایەنگرانی لیست و قەوارە سیاسییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکان دەکەن، “برایەتی و پێکەوەژیان و دورکەوتنەوە لە توندوتێژی و پیاهەڵدان بە تاوانباران، بکەنە بناغەی ئاهەنگێڕان و دەڕبرینی خۆشیەکانیان لەپێناو کەرکوكێك بۆ هەموان و کەرکوكێك دور لە دەمارگیری نەتەوەیی.”
دەقی راگەیەندراوەكە:
پیاهەڵدان بە سەدام حوسێن و حیزبی بەعس، هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی کەرکوکییەکان دەکات
وەک ئاشکرایە، لە چەند ڕۆژی رابردوداو لە بەردەم باڵەخانەی دیوانی پارێزگای کەرکوك، لایەنگرانی چەند لیستێك، لەپای سەرکەوتنی لیستەکانیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بە بەرزکردنەوەی وێنە سەدام حوسێن و وتنەوەی دروشمەکانی حیزبی بەعسی لە ناوچو، ئاهەنگیان دەگێڕا.
ئەم پێشهاتە مەترسیدارو بێ پێشینەیەو بەو جۆرە ئاشکرایە لەسەر شەقام لە کاتێکدا؛ سەدام حوسێنی تاوانبارو ڕژێمەکەی دەستیان سوربو بە خوێنی ملیۆنان کەس لەگەلانی عێراق و لەساڵی 2016ـشەوە بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس)، ستایشکردن و پیاهەڵدان بە حیزبی بەعس و سەرانی ئەو حیزبە قەدەغەکراوە.
ئێمە لە رێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری جینۆساید، ئەم پێشهاتە بە زەنگێکی مەترسیدارو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر برایەتی و پێکەو ژیانی پێکهاتەکان لە کەرکوك دەبینین.
ئەوەش ناشارینەوە، کە سەرەڕای ئەوەی باس لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەڵام تائێستا هیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێکی فەرمی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێی دەکرێت، ئەو پرسە دیزە بە دەرخۆنە بکرێت.
هاوکات تا هەنوکە، هیچ لایەن و قەوارەیەکی سیاسی پێکهاتەی عەرەبی و ئیدارەی شارەکە، ئیدانەی ئەو رەفتارەیان نەکردوە.
بۆیە وەك رێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری جینۆساید، داوا دەکەین، فەرمی و بە ڕاگەیەندراوی رەسمی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە رابگەیەنرێت و ناوەکانیان بڵاوبکرێتەوە و بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
هاوکات داوا لە لایەنگرانی لیست و قەوارە سیاسییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکان دەکەین، برایەتی و پێکەوەژیان و دورکەوتنەوە لە توندوتێژی و پیاهەڵدان بە تاوانباران، بکەنە بناغەی ئاهەنگێڕان و دەڕبرینی خۆشیەکانیان لەپێناو کەرکوكێك بۆ هەموان و کەرکوكێك دور لە دەمارگیری نەتەوەیی.
رێکخراوەکانی بواری جینۆساید
1ـ رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
2ـ رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان
3ـ کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
4ـ رێکخراوی بەرگری لە مافی قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
5ـ رێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال
6ـ رێکخراوى منداڵه ونبوەكانی هەڵەبجە
7ـ رێکخراوی چاودێری کوردۆساید ـ کوردستان
8ـ رێکخراوی چێرۆکەکانی ئەنفال
9ـ تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانیەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
10ـ رێکخراوی کار بۆ ئەنفال
11ـ ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدکراوان
12- كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە
13- رێكخراوی باران بۆ پرسی شەهیدان وئەنفالكراوان
14ـ تۆڕی ئایكان كوردستان
15ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
16ـ رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
17ـ جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
18ـ رێكخراوی ژیانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
19ـ ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
20ـ گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
2023/12/21