سێشه‌ممه‌ی رابردو، یه‌كێك له‌دۆسته دڵسۆزه‌كانی كورد له‌پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا چاوی لێكنا، هاوڕێیه‌كی كریس كۆچێرا ده‌ڵێت “ئه‌و رۆڵی هه‌بو له‌ناساندنی تراژیدیاكانی كورد به‌ڕای گشتی ئه‌وروپاو جیهان”.
ئا: رێژه‌ن سه‌ردار
كریس كۆچێرا، ناوێكی ناسراوه به‌لای زۆربه‌ی خوێنده‌وارانی كورده‌وه، کە زۆربەی ژیانی بۆ تۆژینەوە لەکلتورو مێژوی سیاسی کورد تەرخان کردوە، “مێژووی کورد لەسەدەی 19-20دا، کتێبی رەشی سەدام حسێن، -بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد‌و هیوای سەربەخۆیی، ئالەنگاری کورد‌و خەونی سەربەخۆیی، کوردستان رێبەری ئەدەبیات، گەشتی دوورودرێژی کوردەکان کۆکراوەی ریپۆرتاژەکانی 40 ساڵ لەسەر کوردستان” بەشێکن لەو توێژینەوە بەنرخانەی سەبارەت بەکوردو کوردستان نوسیویەتی.
“كۆچێرا دژ به‌ناكۆكی ناو ماڵی كورد بو“
سیامه‌ندی عه‌زیزی، كه چالاكوانێكی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌و له‌پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا ده‌ژی، 35 ساڵه له‌نزیكه‌وه كریس كۆچێرا ده‌ناسێت، ئه‌و بۆ مه‌رگی ئه‌م رۆژنامه‌نوسه فه‌ره‌نسییه به‌داخه، كه له‌هه‌مو ئان‌و ساتێك‌دا دۆستی دڵسۆزی كورد بوه.
سیامه‌ند وتی “٣٥ ساڵە من كریس دەیناسم، یەکەمجار لەساڵی ١٩٨٢ لەده‌وروبه‌ری مه‌هاباد ئه‌وم بینی، پاشان چه‌ندجارێك له‌گه‌ڵ ئه‌و بوم له‌به‌غداوه بۆ پاریس‌و بهپێچهوانهشهوهو له‌پاریسیش زۆرتر ئاشنای یه‌كدی بوین”.
وتیشی “ئەو رۆژنامەنوسێکی ناسراوی ئەوروپا بو، خۆی‌و هاوسەرەکەشی زۆر بەرگرییان لەپرسی کورد دهكردو كوردیان خۆشده‌ویست”.
سیامه‌ند ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كه كریس رۆژنامه‌نوسێكی ناوداری ئه‌وروپا بوه‌و رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوه له‌ناساندنی تراژیدیای كورد به‌دنیا، ئه‌و وتی “له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه كه سه‌ردانی مەلا مستەفای کردوە بەسەدان راپۆرتی لەسەر کورد نوسیوه‌و له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره ناوداره‌كانی فه‌ره‌نسادا بڵاویكدونهتهوه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌رگری له‌كورد كردوه کە هیچ کوردێک نەیتوانیوە بیکات، رۆڵێكی گرنگیشی هه‌بو لەئاشناکردنی ئەوروپیەکان بەتاوانەکانی سەدامو پێشێلكارییه‌كانی رژێمی به‌عس بەرامبەر بەکورد”.
وتیشی “زۆرجار ده‌یوت ئێوه 40 ملیۆن مرۆڤی بێ مافن‌و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، پێی‌خۆش بو کورد بەمافەکانی بگات، له‌بیرمه ساڵی 1994 دانیال میتران كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نوسی هه‌بو، کریس هاته لامهوهو زۆر نارەحەت بو لەشەری براکوژی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی، ئه‌و رۆژه وتی ئێمە ئەو هەموو کارە بۆ كورد دەکەین كه‌چی ئه‌وان ئاوا دەکەن، ئێمە چەند ساڵە هەوڵ ئەدەین کورد لەناوخۆدا یەگرتو بێت، دوژمنی براكۆژیو ناكۆكی ناو ماڵی كورد بو، بەڕاستی پێی ناخۆش بو کورد کورد بکوژێت، ده‌یوت چۆن ده‌بێت كورد كورد بكوژێت؟ ئەبنێت کورد یەكگرتو بێت”.
سیامه‌ند ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌ماڵه‌كه‌ی كریسدا هه‌زاران فۆتۆی جیاواز سه‌باره‌ت به‌رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو كوردستان‌و ئه‌مه‌ریكای لاتین ئه‌رشیف كراون، به‌مه‌ش خۆی‌و ھاوسه‌ره‌كه‌ی كارێكی گه‌وره‌یان كردوه وێنەی قۆناخە جیاوازەکانی کوردستان‌و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردیان پاراستوه‌و بەشێک لەوێنەو گرتە ڤیدیۆییەکانی شۆڕشەکانی کورد، لەلایەن ئه‌مانه‌وه تۆمارکراو، ئه‌و وتی “کریس لەهەموو شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا دڵسۆزانه به‌رگری له‌كورد ده‌كرد، ته‌نانه‌ت کاتێک ئەحمەد کایا لەتورکیا به‌ره‌و ئه‌وروپا هەڵهات، یەکەم کەس کریس بوو بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێشی لەسەر نوسی”.
كریسو قاسملوو بارزانی
سیاسهمهند ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كریس كۆچێرا دۆستی نزیكی قاسملوو بارزانی بوه، كه له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا سه‌ردانی مسته‌فا بارزانی كردوه، بهقاسملوش ئاشنا بوه‌و پێی سه‌رسام بوه.
ئه‌و وتی “کریس دواتر زۆر نزیک بوو لەحزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران‌و قاسملوه‌وه، ئه‌و له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1980دا وه‌ك رۆژنامەنوسێکی سیاسی هات بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و دواتریش دکتۆر فریدریك تیسۆو دکتۆر بێرنارد کۆشنێر وەک پزیشکانی بێ سنور هاتنە کوردستان، هه‌مو ئه‌مانه ئاشنایەتیان لەگەڵ قاسملۆ هەبو كه به‌فه‌ره‌نسی له‌گه‌ڵیان دهدواو بونه هاوڕێی قاسملو بون‌و له‌پاریس هاتوچۆیی ماڵی‌یان هه‌بوه”.
وتیشی “دكتۆر قاسملو له‌ساڵانی سه‌ره‌تای 1980دا منی دەنارد تا کریس کۆچێراو کۆشنێرو دكتۆر تیسۆ له‌به‌غداوه ببه‌مه‌وه بۆ فەرەنسا، یاخود به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه”.
سیامه‌ند ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه كه تەواوی دۆستانی کورد بەدکتۆر قاسملۆ سەرسام بون، ئه‌و وتی “له‌بیرمه له‌میانه‌ی سه‌ردانێكی كاك مه‌سعود بارزانیدا بۆ فه‌ره‌نسا، ئێواره‌خوانێكی بۆ دوانزه كه‌سایه‌تی فه‌ره‌نسی رێكخست، من له‌گه‌ڵ وه‌زیرێك چوم، له‌دانیشتنه‌كه‌دا كۆشنێر رویكرده سه‌رۆك بارزانی‌و پێیوت: من ئێوەم نەدەناسی، قاسملو منی نزیك كرده‌وه له‌كورد. خۆم ئه‌م قسه‌یه‌م بۆ كاك مه‌سعود بارزانی وه‌رگێڕا”.
وتیشی “كریسیش وا بیری ده‌كرده‌وه، به‌ڵام پاش ساڵی ٢٠٠٣، کریس زیاتر لهپارتیو بارزانی نزیك بۆوه‌و مه‌دلیای بارزانی نه‌مریشی پێبه‌خشرا”.
ئه‌و هۆكاری ئه‌م نزیكبونه‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارتی له‌ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه پرۆتۆكۆلی سه‌ردانی كریسو وه‌فده‌كانی ده‌ره‌وه دیاریده‌كات‌و دوه‌میشیان پارتی زۆربه‌ی كتێبه‌كانی كریسیان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان چاپ دهكردو بایه‌خیان پێده‌دا، ئه‌و وتی “ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه بڵێین كریس موریدی بارزانی بوه‌و دژ به‌یه‌كێتی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا بوه، ئه‌مه قسه‌یه‌كی راست نییه، ئه‌و دڵسۆزی هه‌مو كورد بو”.
“دۆستی كورد له‌فه‌ره‌نسا زۆرن“
سیاسهمهند ئاماژه به‌وه ده‌كات كه فه‌ره‌نسا ساڵانێكی زۆره به‌مه‌ڵبه‌ندی دۆستانی كورد ده‌ناسرێت، هه‌ر لهدانیال میترانه‌وه بگره تا ده‌گات بهكریسو كۆشنێرو تیسۆو لیڤی، كه زیاتر ئه‌م كه‌سایه‌تیانه له‌كوردستاندا ناسراون، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “له‌فه‌ره‌نسا زۆرێكی تر دۆستی نزیكی كوردن‌و له‌كوردستان زۆر نه‌ناسراون”.
ئه‌و وتی “له‌ئه‌نجومه‌نی پیران، چه‌ندین دۆستی نزیكیی كورد هه‌ن، بەدەیان پەرلەمانتار دۆستی کوردن‌و به‌شێكیشیان سه‌ردانی كوردستانیان كردوه وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ كورد، لەوەزارەتەکانی فەرەنساش دۆستی کورد هه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌وه‌زاره‌تی به‌رگریدا، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هه‌رێمی کوردستان وه‌ك پێویست گرنگی بەم کەسانە نادات”.
وتیشی “هه‌رچه‌نده ماكرۆن سه‌باره‌ت به‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاگادار نییه، به‌ڵام به‌كۆمه‌ڵێك راوێژكاری شاره‌زاو دۆستی كورد ده‌وره‌دراوه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستای فه‌ره‌نسا پێشتر وه‌زیری به‌رگری بوه‌و سه‌ردانی كوردستانی كردوه، بێرنارد كوشنێر راوێژكاری دیبلۆماسی ماكرۆنهو دۆستی نزیكی كورده، دیسان ئیمانویل بۆنێ یەکێکە لەو دیبلۆماسییه هه‌ره نزیكانه‌ی ماكرۆن كه شاره‌زایی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌و دۆستی كورده”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌م دیبلۆماتكارانه، كوردستان وه‌ك سه‌نگه‌رو قه‌ڵغانی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به‌تیرۆریزم سه‌یر ده‌كه‌ن، ئه‌و وتی “هه‌موشیان هه‌واداری ئه‌وه‌ن دیموكراسی له‌كوردستاندا سه‌قامگیر بێت‌و نایه‌نه‌وێ كوردستان وه‌ك وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانی لێبیچت كه لەلایەن چەند کەسو بنەماڵەیەکەوە حکوم ده‌کرێت”.
“مه‌رگی كریس زیانێكی گه‌وره‌بو بۆ كورد پێش گه‌لی فه‌ره‌نسی”
حه‌مه كه‌ریم عارف، یه‌كێكه له‌و وه‌رگێڕه ده‌ستڕه‌نگینانه‌ی كه كتێبهكهكانی كریس كۆچێرایان وه‌رگێڕاوه، ئه‌و ده‌ڵێت “هیچ کوردێک وەک ئەو بهئینسافو بێ لایەنانە باسی مێژووی کوردی نەکردوه”.
حه‌مه كه‌ریم گرنگی کریس کۆچێرا لەوەدا دەبینێت زۆر بەئینسافەوە باسی پرسی کوردی کردوە، ئه‌و وتی “ئه‌م ئینسافییه بهئهنداهیهكه كه هیچ کوردێک وەک ئەو بێلایەنانە باسی مێژووی کوردی نەکردوە، تەنانەت ئەو کەسانەشی بەشداریان لەبزوتنهوهی چەکداریی کورددا کردوە، جاری وایه زۆر بەرقەوە باسی هەندێک مەسەلە دەکەن کە تۆزقاڵێك ئینسافی تیا نیە، هەوڵئەدەن لەسەر حسابی خەڵکی تر خۆیان بکەن بەقارەمان، به‌ڵام كۆچێرا فێری كردین بێلایه‌نانه مێژوو بگێڕینه‌وه. نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌هۆی كۆمه‌ڵێك گرێی به‌قاره‌مانی بونه‌وه له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی تر شانازی بۆ خۆمان دروستبكه‌ین”.
وتیشی “مردنی کریس کۆچێرا بەزیانێکی گەورە دەزانم بۆ میللەتی کورد پێش گەلی فەرەنسا”.
ناوبراو ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كه كریس كۆچێرا زۆر گرنگی بەگهلە ژێردەستەکان داوه هه‌ر لهكوردو فەڵەستینەکانهوه بگره تا گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئه‌و وتی “چه‌ند جارێك كریسم بینیوه، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زۆر راده‌كێشام ئەو پیاوە به‌رامبه‌ر به‌پیشه‌كه‌ی خۆی وەک رۆژنامەنوسو فۆتۆگرافەر زۆر دڵسۆز‌و ڕاستگۆ بو، بەعەشقەوە ئیشەکەی خۆی دەکرد، كه من ئەمە لەناو نوسەری کوردا کەم دهەبینم”.
وتیشی “كریس بۆشاییه‌كی گەورەی لەمێژووی کوردا بۆ پڕکردوینەتەوە، ئەگەر ئەو نەبوایە ناڵێم کەسی تر نەدەبو، بەڵام ره‌نگه په‌یداكردنی دۆستێكی وه‌ك ئه‌و قورس بێت، كه بەڕای من په‌یداكردنی ئه‌م دۆستانه گرنگترین ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده، چونكه پەیدا کردنی دۆستێکی وه‌ها زۆر گرنگتره لەپەیا کردنی تانك‌و فڕۆكه، لەبەرئەوەی دەنگی کورد دەگەیەننە ناوه‌نده نێودهوڵهتییو مرۆییه‌كانی دنیا، لەبه‌رئه‌وه دۆست په‌یداكردن لهچەک پەیدا کردن سەخترە، چونكه دۆستێك جێگه‌ی زۆر چه‌ك ده‌گرێته‌وه”.
حه‌مه كه‌ریم، مه‌رگی كریس كۆچێرای له‌م سه‌روه‌خته‌دا بهكۆستو كاره‌ساتێكی گه‌وره ناوبرد كه وه‌ك دڵسۆزێكی كورد دەتوانرا راوێژی پێبکرێت لەزۆر مه‌سه‌له‌ی هه‌ستیاری سیاسی‌دا، ئه‌و وتی “لەم قۆناغه هەستیارەی ئێستەماندا دۆستێکی دڵسۆز‌و گه‌وره‌و گرنگمان لەدەستدا، كه‌سانی وه‌ك كریس كۆچێرا ده‌كرا راوێژیان پێبكرێت، کریس کۆجێرا دەیتوانی دەنگی کورد بگەیەنێتە هەندێک ناوه‌ند كه بۆ كورد ئاسان نییه ده‌نگی خۆی پێبگه‌یه‌نێت لەدنیادا”.
سەرچاوە:ئاوێنە