ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەجۆرێک لە هەندێک ناوچە بە لێزەمە دەبارێت و لافاوی دروست کردووە، لەبارەی زیانەکانی ئەو لافاوە بۆ ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی ئاوێنە مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین لە بەشی خاک و ئاو دەدوێنێت.
دکتۆر تاریق فاروق، مامۆستا لە بەشی خاک و ئاو لە کۆلیژی زانستە ئەندازیارییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین سەبارەت بە زیانی ئەو لافاوەی لەچەند ناوچەیەکی کوردستان دروستبووە ئایا لەرووی کشتوکاڵییەوە چ زیانێکی هەیە؟ تایبەت بە ئاوێنەی راگەیاند “زیانی ئەم بارانە لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و شارەوانییشدا زیانی دەبێت، بەڵام زیانەکە بەوجۆرە نییە کە کێشە بۆ ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی دروست بکات، چونکە لەکۆتایدا دەچێتەوە ژێر زەوی”.
لەبارەی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ، د. تاریق کە پسپۆڕی هەیە لە خاک و ئاو دەڵێت “ئەو بارانەی لە چەمچەماڵ باریوە ناچێتە ژێر زەوی ئەو قەزایە، بەڵکو دەچێتە شوێنی دوورتر؛ چونکە تاوەکو هێزی هەبێت ئەو ئاوەیە دەڕوات، کە وەستا دەچێتە ژێر زەویی و پێی دەڵێن (ئینفلتریشن) لەخاکدا”.
پەیوەست بە زیانی دیکەش، ناوبراو وتی “ئەو بارانەیە زیانیش دەدات لە بەنداوەکان، بەنمونە بەنداوێک بە ١٠٠ ساڵ پڕببێتەوە بەهۆی ئەو لافاوەوە کە قوڕ و لیتە و وردە بەرد و پەلکە دار تێدایە پڕۆسەی پڕبوونەکە خێراتر دەکات”.
هەروەها بەوتەی ئەو بێت، یەکێکی دیکە لە هەرە کێشەکان “داماڵینی خاکە” لەسەر کشتوکاڵ و د. تاریق فاروق زیاتر رونی دەکاتەوە و دەڵێت “خاك ئەو چینەی سەرەوەی هەیە کە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت؛ دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکان و پێویستی بە ئیدارەدانی زیاتر دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ باری ئاسایی، پێدەچێت ئەسڵەن هەر باش نەبێتەوە ئەو داماڵینی خاکە”.
هەرچی سەبارەت بە سودەکانیشە، ئەو پسپۆڕی خاک و ئاوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بارانەی کە دادەبارێت سودی زیاترە لە زیانی و دەڵێت “بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی ئەو بارانەین و هەرێمێکی کشتوکاڵین، یەکێک لە سودەکان ئەو بارانە ئەوەیە کە خاکەکەی شێدارکردووەتەوە بۆ جوتیاران و لەرووی ژینگەشەوە کەشوهەوا گۆڕانی بەسەردا دێت، لەرووی کشتوکاڵییەوە پەڵەیەکی زۆر باشی داوە بۆ جوتیاران. هەربۆیە جگە لە داماڵینی خاک هەموو زیانەکانی دیکە باش دەبێتەوە”.