پێگەیەکی بەریتانی هۆکاری زۆری حاڵەتەکانی شێرپەنجە لەعێراق ئاشکرادەکاتو نەتەوەیەكگرتوەكانیش زەنگی مەترسیی سەبارەت بەشێرپەنجەی خوێن لەعێراق لێ دەدات.
پێگەیەکی بەریتانی لهڕاپۆرتێکدا مەترسییەکانی هەڵکشانی توشبونی هاوڵاتیانی عێراقى بەنەخۆشیی شێرپەنجە ئاشكراكردوه، ههروهك جهختیكردۆتهوه، “سوتانی غازی کێڵگە نەوتییەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر توشبون بەو نەخۆشیە هەیە”.
ماڵپەڕی (عەرەب نیوز)ی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی (نەتەوەیەكگرتوەكان زەنگی مەترسیی سەبارەت بەشێرپەنجەی خوێن لەعێراق لێ دەدات) بڵاوكردۆتهوهو ئاماژەی بەوەداوه، ژمارەیەك لەتوێژەرانی نەتەوەیەكگرتوەكان سەلماندویانە ئەوكەسانەی لەنزیك كێڵگە نەوتییەكان دەژین، ئەو جێگهیەی غازەکەی لەهەوای کراوەدا دەسوتێت، ڕوبەڕوی مەترسی زیادبونی توشبون بەشێرپەنجەی خوێن دەبنەوە.
توێژەرەکانیش ئەو ناوچانەیان وەک “ناوچەی نوێی قوربانیدان” وەسفکردوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت:”بڕیاردەری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤو ژینگە جەختیکردۆتەوە، ئەوکەسانەی لەنزیک کێڵگە نەوتییەکان دەژین قوربانی دەستی کەمتەرخەمیی دەوڵەتو کۆمپانیاکانن”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە بەپێی یاسای عێراقی نابێت غازی کێڵگەکان کە 6 میل لەشوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانەوە نزیکە بسوتێت، بەڵام ڕاپۆرتەکە تێبینیکردوە لەناوچەیەکی وەکو بەسرە کێڵگە غازییەکان لەناوجەرگەی دانیشتواندا دەسوتێن.
عەرەب نیوز ئاماژەی بەڕاپۆرتێکی دزەپێکراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کردوە کە باس لهوهدهكات، لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 لەسەدا 20ى هۆکارەکانی توشبون بەشێرپەنجە لەپارێزگای بەسرە پەیوەندیی بەپیسبونی هەواوە هەبوە.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا داوا لەکۆمپانیاکانی بواری نەوت لەشێوەی کۆمپانیاکانی ئینیو بریتیش پتریلیۆم کراوە، چاو بەسیاسەتەکانیان لەبواری سوتاندنی غازی کێڵگە نەوتییەکاندا بخشێننەوە، بەڵام ئەو دوو کۆمپانیایە ڕەتیانکردۆتەوە کە کارو چالاکییەکانیان ببێتە هۆی تێکچونی تەندروستیی هاوڵاتیانی عێراقیی.
جەختیشیانکردۆتەوە، پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیان ئەرکی حکومەتی عێراقە.