زۆر جار کە دێتە سەر باسی ئافرەتی کورد ئەوەی بە خەیاڵتدا دێت ئافرەتێکی هونەرمەند، دەست ڕەنگین، لێهاتوو، بەتوانا و لێبوردەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر خانمی هونەرمەند و دەست ڕەنگین لەناو کورددا کە وایان کردووە لە رێگەی کارە هونەرییەکانیانەوە جێگەی دەستیان لە ناو کۆمەڵگا دیاربێت و تێڕوانینی کۆمەڵگا بەرامبەر تواناکانی ئافرەت بگۆڕن.
رەوا محەمەد مەسعود (رەوا جەلیزادە)، یەکێک لەو کچە سەرکەوتووانەی شاری هەولێرە کە توانیویەتی لەرێگای وێنە کێشان و کاری دیزاینەوە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەرەو لای خۆی راکێشێت، بەتایبەتی چینی گەنجی ئەم شارە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە تازە ماڵ دادەنێن لەرێگەی پەیجی فەیسبووکی رەوا (Rawa Jalizada) داوای هاوکاری لە ڕەوا دەکەن بۆ دیزاین کردنی ماڵ و شوێنی کارەکانیان و ئەمەش وای کردووە کە لە فەیسبووک و ئینستاگرام ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەری هەبێت و کارە هونەرییەکانی بە خێراییەکی زۆر بڵاو ببنەوە .
رەوا تەمەنی ٢٧ ساڵانە و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی یاسایە،ئەو هیچ بەشێکی هونەری تەواو نەکردووە و تەنها وەک حەز و خولیایەک لە منداڵییەوە دەستی داوەتە وێنەکێشان، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست وێنەی زەیتی نەکێشاوە و لە سەرەتاوە بە قەڵەم رەساس کاری کردووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ کرانەوەی بازارە گەورەکان لەهەرێمی کوردستان بەردەست بوونی کەرەستەی زیاتر دەستی بەکێشانی وێنەی زەیتی کردووە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە .
لە چاوپێکەوتنیدا ڕەوا گوتی: ” سەرەتای دەستپێکی هەر کارێک زۆر زەحمەتە و ترسان لە شکست رێگرییەکی گەورە لەبەردەم سەرکەوتن دروست دەکات، هەموو ئەوەی پێویستە بیکەیت ئەوەی ترسەکە وەلابنێیت و ئەوەی لە تواناتدایە بۆ سەرکەوتنی کارەکەت ئەنجامی بدەیت، هاندانی دەوروبەریش گرنگی زۆری هەیە. من وەک خۆم لە سەرەتاوە کە دەستم بە وێنە کێشان کرد ئامادە نەبووم واژۆ لەسەر ئەو وێنانە بکەم کە دەمکێشان لەترسی ئەوەی نەبا کارەکانم جوان نەبن بەڵام پاش ئەوەی هەندێک لە هاوڕێکانم کارەکانیان بینیم و ستایشیان کردم دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانم و لە ساڵی ٢٠١٣ پەیجێکی فەرمیم بۆ بەرهەمە هونەرییەکانم کردەوە کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەو رێگەیەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵم”.
رەوا کەسێکی زۆر گەشبینە و بەردەوام ئەم گەشبینییە لە تابلۆکانی و لە هونەرەکەیدا رەنگی داوەتەوە، ئەو لە بەشێکی کەمی تابلۆکانیدا باس لە چەوسانەوەی ئافرەتان دەکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵیداوە هەموو کات لە رێگەی تابلۆکانییەوە ئافرەت، سروشت،جوانی و گەشبینی تێکەڵ بە یەکدی بکات. رەوا دەڵێت: ” ئەگەر چی زۆر بەکەمی لە رێگەی هونەرەکەمەوە کارم لەسەر ئاشناکردنی ئافرەت بە مافەکانی خۆیان کردووە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەو بارەوە کەمتەرخەم بووبم بەڵکو بە جودا و لەرێگەی خوێندنەکەمەوە کە بەشی یاسایە ئەم کارەم کردووە، بەڵام تابلۆکانم هەموو کات باس لە ژیان و خۆشی ژیان دەکەن و گەشبینییەکی زۆریان تێدا بەدی دەکرێت”.
لە پاڵ کارە هونەرییەکانیشیدا ڕەوا گرنگییەکی زۆری داوەتە کاری خێرخوازی و هەوڵیداوە لە یەک کاتدا هەم هاوکاری پێشمەرگە و هەژار و کەم دەرامەتان بکات، هەم کارە هونەرییەکانی خۆی بە خەڵک بناسێنێت. رەوا بۆ یەڵڵا گوتی” تا ئێستا ٣ پێشانگام کردووەتەوە کە لە یەکێکیاندا توانیومە هاوکاری بۆ براپێشمەرگەکانمان کە لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕن کۆ بکەمەوە و لە پلانیشمدایە پێشانگای داهاتووش کۆمەک بۆ برا پێشمەرگەکان و ئەو کەسانە کۆبکەمەوە کە ڕەوشی ژیانیان باش نییه .
رەوا بەردەوام بوونی خۆی لەکارەکانی دەگێڕیتەوە بۆ پاڵپشتی بەردەوامی بنەماڵەکەی بەگشتی بەتایبەتی دایکی و هاوژینەکەی، کە ئەوان پاڵپشتێکی بەهێزی کارەکانین و ئەمەش وای کردووە کە لە کارە هونەرییەکانیدا بە تەواوی سەربکەوێت .
لە کۆتایی چاوپێکەتنەکەیدا ڕەوا گووتی من بڕوام وایە بەتواناترین ئافرەت ئەو ئافرەتەیە هاوکاری ژنانی دیکە بکات و پێیان بگەیەنێت نەک تەنها گرنگی بە خۆی و سەرکەوتنەکانی خۆی بدات،من خۆم بەپێی توانا ئەم کارەم کردووە و هەرکەسێک لەرێگەی پەیجەکەم لە فەیسبووک یاخود ئەکاونتی ئینستاگراممەوە داوای هاوکاری لێم کردبێت بەئەوپەڕی خۆشحاڵییەوە هاوکاریم کردوون و بەردەوام دەبم .
ئاشتی تەیمور