لەوە ناچێت هێزە كوردییەكان بەبێ ململانێ لەگەڵ یەكتر بحەوێنەوە، ناكۆكی ئەمجارەشیان لەسەر نەوتەكەی كەركوكەو دەیانەوێت بەنمایشی هێز خاوەندارییەتییەكەی بسەلمێنن.
لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی دەرەوە هێزە كوردییەكان وادەنوێینن تەباو یەكگرتوو بن، بەڵام لەناوەوە هاوپەیمانییەتییەكی فشەڵیان هەیە، كە بەرژەوەندی سیاسیو ئابووری بەئاسانی دەتوانێت بیخاتە بەردەم مەترسی.
هێشتا خەڵكی كەركوك بەتەواوەتی مەترسی داعشیان لەسەر نەڕەویوەتەوە، بەڵام وادیارە دەبێت خۆ لەگەڵ ناكۆكییەكی تر بگونجێنن، كە سەرەداوەكانی بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوەیە، ئەگەر كەسە “عاقڵەكان”ی هەردوولا فریانەكەون، دوور نییە چەك بابەتەكە یەكلابكاتەوە.
رۆژی 2ی ئەم مانگە (ئازار) هێزێكی چەكداری سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان چونە ناو بارەگای كۆمپانیای نەوتی باكورو دەستیان بەسەر ئەو بەشەدا گرت، كە لێیەوە كۆنتڕۆڵی هەناردەكردنی نەوت دەكرێت، نەوتە دەرهێنراوەكان كۆدەكاتەوەو لەرێگای بۆریەكەی هەرێمی كوردستانەوە دەیگەیەنێت بە بەندەری جەیهانی توركیا، ئەو هێزە دەڵێن تاكو ناكۆكی نێوان ئیدارەی كەركوكو وەزارەتی نەوتی عێراق یەكلانەكرێتەوە ناكشێنەوە.
لەراستیدا بەرووكەش ئامانجی هێزەكە وادەنوێنێت، كە ناكۆكییەكەیان لەگەڵ بەغدا بێت، بەڵام لەناوەخندا پەیوەندی هەیە بەململانێی دوو هێزە سەرەكییەكەی كوردستان لەسەر ئەوەی كامیان دەتوانن لەم بارە ناجێگیرەی شەڕی داعشدا نفوزو دەسەڵاتی خۆیان بەسەر “زێڕە رەشەكە”دا بسەپێنن.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیو بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی بە”نیقاش”ی وت “لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ كۆنوسێك لەنێوان وەزیری نەوتی عێراقو پارێزگاری كەركوك واژووكراوە، یەكێك لەخاڵەكانی باسی دروستكردنی پاڵاوگەیەكی نوێ كراوە بۆ كەركوك، وەزارەتی نەوت ئەوەی بۆ خۆی باش بوو جێبەجێیكردو ئەوەی بەكەڵكی كەركوكیش هان پشت گوێی خست”.
ئاسۆ مامەند وتیشی: “جوڵەكردنی هێزەكەمان پەیوەندی نییە بەململانێی سیاسی كوردستانەوە، بەڵكو شەڕی ئیستحقاقی كەركوكەو تا داواكارییەكان جێبەجێنەكرێن ناكشێینەوە”.
لەگەَل ئەوەی یەكێتی جەختدەكاتەوە، كە ئەم جوڵەیە پەیوەندی بەناوخۆی كوردستانەوە نییە، بەڵام پێش حكومەتی ناوەند، پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەران بوو، بۆیە حەوت رۆژ دوای جوڵاپێكردنی هێزەكەی یەكێتی، مەسعود بارزانی “سەرۆكی هەرێمو فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستان”، هێزەكانی سەر بەپارتی جوڵە پێكردو لەكێڵگەی نەوتی بای حەسەن لەرۆژئاوای كەركوك جێگیریكردن، زیاد لەسەرچاوەیەك لەناو هەردوو پارتە سەرەكییەكە بۆ “نیقاش”یان باسكردووە، كە هەردوولا نارەحەتن لەجوڵاندنی ئەو هێزانەو جەختیان لەوە كردەوە ئەوەی روودەدات بۆ یەكلایكردنەوەی خاوەندارییەتی سامانی شارەكەیە.
فەرماندەیەكی پێشمەرگەی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان، كە خۆی داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە”نیقاش”ی وت: “سەرۆكی هەرێم پرسی كۆنترۆڵكردنی كۆمپانیای نەوتی باكووری لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە لەگەڵ باسكردینو نیگەرانی خۆی دەربڕی”.
ئەو فەرماندەیە لەبەر ئەوەی راستەوخۆ ئاگاداری بڕیارە سیاسییەكان نییە، نەیزانی ئاخۆ پارتی یموكرات لەبەرانبەر یەكێتیدا هێزی جوڵاندووە، یاخود هۆكاری دیكەی هەیە.
هاوكات كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتیو بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ “نیقاش” رەتیكردەوە هاتنی هێز بۆ كەركوك پەیوەندی بەو هێزەی یەكێتیەوە هەبێت، كە لەكۆمپانیای نەوتی باكوور جێگیركراوە.
كەركوكی وتیشی: “هێزی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیی حیزبی هەموویان ئامانجیان پاراستنی كەركوكە، ئەگەر سەرۆكی هەرێم هێزی زیاتریش رەوانەی كەركوك بكات تەنیا مەبەستی پاراستنی كەركوكو شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەیە تاكو كەركوك لەچنگی چەكدارانی داعش بپارێزێت”.
هەروەها بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب بۆ میدیاكان نیازی راستەقینەی هێزەكان ئاشكراناكەن، بەڵام جموجۆڵەكان روونی ئامانجەكە دەردەخاتو پێشبینی دەكرا یەكێتی پێشتر كاردانەوەیەكی لەم شێوەیە بنوێنێت.
یەكێتی نیشتمانی، كە قورسایی جەماوەرەكەی كەركوك لەگەڵییەتیو خاوەنی شەش كورسی كەركوكە لەپەرلەمانی عێراق (لەكۆی 12 كورسی)، خۆی بەخاوەنی پارێزگاكە دەزانێتو نیگەرانە لەوەی پارتی دەیەوێت لەرێی هێزەوە شوێنپێی خۆی بكاتەوە.
لەتەمموزی 2014 هێزێكی پاراستنی نەوتو گازی سەر بەوەزارەتی سامانەسروشتیەیكانی هەرێمی كوردستان، كە زۆرینەی پارتی بوون، هەردوو كێڵگەی نەوتی ئاڤانەو بای حەسەن لەنزیك قەزای دوبزی سەر بەكەركوك كۆنتڕۆڵكرد، هاوكات بۆری نەوتی نێوان كەركوك – خۆرمەڵەشی تێدابوو، كە لەو رێگەیەوە نەوتی كەركوك بۆ توركیا هەناردە دەكرێت.
هەڵوێستی روونو رەوانی ئیدارەی پارێزگاكە بەرانبەر جوڵەی هێزەكان دیارنییە، چونكە نە 2014و نە ئەمساڵیش هیچ كاردانەوەیەكی فەرمیان بەرانبەر جوڵەی ئەو هێزانە دەرنەبڕی.
نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەناوەراستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا رایگەیاند “ئیدارەی كەركوك لەگەڵ بەغدا جارێكی دیكە وتوێژ دەكاتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو كۆنووسەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، كە لەنێوان كەركوكو بەغدا واژوو كراوە”.
بەرپرسانی یەكێتیو پارتی لەدەركەوتنە ئاشكراكاندا رەتیدەكەنەوە، كە هیچ كێشەیەكیان لەسەر كەركوك هەبێت، بەڵام ئەوەی لەپشتی پەردەوە دەگوزەرێت، پشتیوانی پەیامەكانیان ناكات، بەتایبەتی هەندێك زانیاری نافەرمی باس لەوە دەكەن هەردوولا ئامادەسازی تەواویان هەیە بۆ جوڵاندنی هێزی زیاتر.
ئەوانەی لەنزیكیشەوە چاودێری بارودۆخی كەركوكن، پێیانوایە ئەمەی روودەدات عەرزی عەزەڵاتی دوو هێزە سەرەكییەكەیە بەرانبەر یەكتر بۆ یەكلاكردنەوەی خاوەندارییەتی كەركوك دوای شەڕەكەی داعش.
ئیسحان نەجم پارێزگاری پێشووتری كەركوك لای دەسەڵاتی كوردی، یەكێكە لەوانەی پشتیوانی ئەم بۆچوونە دەكاتو پێیوایە ئەم جموجۆڵانە ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێن، مەترسی زیاتر لەگەڵ خۆیان رادەكێشن، (پێش 2003 لەكوردستان پۆستێك هەبوو بەناوی پارێزگاری كەركوك، كە لەشاری دەربەندیخانی سەر بەسلێمانی بەڕێوەدەبرا، بۆ چوار ساڵ ئەم پۆستە ئیحسان نەجم بەڕێوەی دەبرد).
ئیحسان نەجم بە”نیقاش”ی وت: “بۆ رێگری لەمەترسی دروستبوونی هەر پێكدادانێك پێویست بەدانانی پلانو رێككەوتنی پێشوەختە دەكات لەنێوان یەكێتیو پارتی، دواتر گەڕانەوە بۆ حكومەتو دەسەڵاتی ئیداری، كە رێگە نەدات هێزی سەربازی كاری ئیداریو شەڕی ئیستحاقی پترۆ دۆلاری شارەكە بكات”.
لەدێر زەمانەوە لەموفرەداتی پارتی كەركوك “دڵی كوردستان”و لای یەكێتیش “قودسی كوردستان”ە، سەیر نییە ئەگەر ئەم دوو هێزە بەو گرنگییەوە تەماشای كەركوك بكەن، چونكە سەرەڕای پێگە گرنگەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، بەرهەمهێنانی (410) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەوە دەهێنێت ئاوها بەپیریەوە بن.