لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لە ساڵرۆژی تیرۆری رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمەدا

لە ساڵرۆژی تیرۆری رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمەدا

0 تێبینییەکان 24 بینینەکان

سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ساڵی (1987) له‌گه‌ڕه‌كی ره‌شید ئاوای شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه‌. هه‌ر له‌و شاره‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی ته‌واو كردووه‌و چۆته‌ به‌شی مۆسیقای په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی كه‌ركوك.

سۆران كه‌ جگه‌ له‌كاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ میوزیك ژه‌نیش بووه‌، پێش ئەوەی تیرۆر بکرێت، خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی مۆسیقا بووه‌، شعریشی نوسیوه‌، هه‌روه‌ها کاری رۆژنامەنوسی کردووەو به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین بووه‌.

سۆران مامە حەمە لە 21 تەمموزی 2008 لەبەردەم ماڵی خۆیدا له‌كه‌ركوك تیرۆركرا. ئه‌و روداوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناو رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌مافی‌ رۆژنامه‌نوسان‌و مافی‌ مرۆڤی‌ هێنایه‌ ده‌نگ.

لە ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە، نەفرەت لەو ئەقڵەی بڕیاری تیرۆرکردنی دا و نەخشەی داڕشت، لەو ئەقڵییەتەی تا ئێستا بەکارە بۆ تیرۆری رۆژنامەنووسان و خاوەن را جیاوازەکان.
‌نەفرەت لەو دەستانەی بە چەکەوە دەستڕێژی گوللەیان لە سۆران کرد، ئەو دەستانەی لە هەر کاتێکی تر ئامادەتر و کاراترن بە تفەنگی دەستیانەوە بۆ ترساندن و سەرکوتکردن.
‌نەفرەت لەو ئەقڵییەتە حزبییە حوکمڕانە بێت کە لە هەناویدا دەیان تاوانبار و تیرۆریستی ئازادی رۆژنامەوانی و را دەربڕینی حەشار داوە و لە بەرامبەر هەر تاوانێکدا پارێزبەندی بۆ مسۆگەر کردوون.
تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک و سەردەشت عوسمان لە هەولێر و کاوە گەرمیانی لە کەلار، مانای هاوبەشی ئەقڵییەتی حوکمڕانە لە خاڵی سەرکوتکاری. هاوبەشییانە لە مێژووی ستەم و نادادی و دژایەتی میدیاکارانی دوور لە تەوژمی سیاسی حزبییان.

 سۆران و سەردەشت و عەبدولستار و کاوە، لە دژی ئەو تاوانانە دەیاننوسی کە لە هەناوی حزبەکان لە دایک دەبوون، ئەوان پێشبینی ئەم خەڵتانی خوێنەیان دەکرد.
‌‌رووحی رۆژنامەنووسانی شەهید شاد بێت و رێگای رووناکی کاری رۆژنامەوانییان پڕ لە رێبوار بێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە