بە بیانوی خۆسووتاندنی پەروێزەوە
چوار توخمی سەرەکی، بە بەریەککەوتنیان و کارلێکی نێوانیان، یان بە تەنها و بە کاردانەوەی هەر یەکێکیان، وەها ڕووداوێکیان بەرهەمهێناوە; (کچەکە، کوڕەکە، خێزانی کچەکە، کۆمەڵگە):
یەک: کچەکە
ئەوانەی نایانەوێت بێنە ناو واقیعی ئەم ڕووداوەوە، ڕاستەوخۆ دەگەن بەو ئەنجامگیرییەی کە: کچێک هێندە نەفام بێت خۆی بسووتێنێت، کەیفی خۆیەتی با بمرێت. گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە بەشی زۆری ئەمانە کەسانی مەحافەزەکار نیین، بەڵام بەبێ ئەوەی لە فاکتەرەکانی پشت کرداری ئەم کچە بکۆڵنەوە، هەڵوێست دەردەبڕن. پەروێز خۆیشی توانای خوێندنەوەی واقیعی نەبووە، یان نەیخوێندۆتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە بڵێین هەڵەی پەروێز ناردنی وێنەکە بووە و نەدەبوو ئەو کارە بکات چونکە لێی قبوڵ ناکرێت، بەڵام خۆ ئەوەش جێگەی پرسیارە کە هێندە لە کاردانەوەی ئاشکرابوونی ناردنی وێنەکان دەترسێت بۆچی کارێکی لەم جۆرە دەکات؟
لێرەوەیە کە دێینەوە ناو دەسەڵاتی کۆمەڵگە و سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی. پەروێز مافی خۆیەتی چۆن شێوازی ژیانی خۆی هەڵدەبژێرێت و ڕێکدەخات، بەڵام ئەمە دەمبەستمان ناکات لەوەی پێی بڵێین تۆ و بەشێکی زۆر لە گەنجانی دیکەش کەوتوونەتە بەر ڕەحمەتی زەبرەکانی ئەو سیستەمەی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕێکخستووە. بەشێکی زۆر لە گەنجان (تێبینیی ئەوەش دەکرێت ڕەگەزی مێ زیاتر بەرچاون لەمەدا)، بە ئاگاییەوە یاخود بەبێ ئاگایی، خۆیان کردووە بە کاڵا و دەیانەوێت جەستەی خۆیان لەبەر نیگای ئەوانی دیکەدا تاقی بکەنەوە، دەیانەوێت بە وێنەکانیان ئاستی ڕازیبوونی ئەوانی تر لە خۆیان بزانن. جا لەبەرئەوەی لەم بوارەدا هەر تاکێک تەنها خۆی نییە بەتەنیا، کچانی دیکەش هەن، هەربۆیە هەموویان لای خۆیانەوە پەلکێشی ناو کێبڕکێیەک دەبن، کێبڕکێ لەسەر ئەوەی کامیان زیاتر سەرنج ڕاکێشن، وێنەی کامیان زۆرترین لایک بەدەستدەهێنێت، ڤیدیۆی کامیان زۆرترین بینەری دەبێت.
زەقکردنەوەی فاکتەرە ئابووریەکان، بەلاڕێدابردنی بابەتەکە نییە، بەڵکو پیشاندانی ئەو واقیعەیە کە عاقیبەتی ئەو جۆرە کێبڕکێیە چۆن پاڵیان پێوە دەنێت بۆ نەشتەرگەری و سەرفکردنی پارەیەکی زۆر لە جوانکاریی و جلوبەرگی ناپێویستدا.
دوو: کوڕەکە
بێگومان ئەو کوڕەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی پەروێزی کردووە، هەڵگری ئەو عەقڵییەتەیە کە شکۆ و شەرەف و مرۆڤبوون لەوەدا دەبینێتەوە کچەکان و ژنەکان لەبەرچاو نەبن و شاراوە بن، بۆیە بۆ لێدان لە شکۆی مرۆڤێک هەڕەشەی نیشاندانی بە ئەوانی دیکە و بڵاوکردنەوەی وێنەکەی دەکات. ئەم هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ خێزانی کچەکە، کە ترس و سامی ئەوان ئەم کارەی بە پەروێز کردووە. ئەمیش هەر خاوەنی ئەو عەقڵییەتە نێرسالارەیە کە پێی وایە بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوی کچێک دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئەو کەسە، بەڵام بڵاوبوونەوەی وێنەی خۆی نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکو تۆخکردنەوەی شکۆ و شەرەفیشیەتی. هەربۆیە ئەوانەی داوای سزادانی ئەم کوڕە دەکەن، دەبێت داوای هەمان سزا بۆ خێزانی کچەکەش بکەن، چونکە هەڵگری هەمان عەقڵییەتن.
سێ: خێزانی کچەکە
هەموو دابەشکردنێکی مرۆڤەکان لەسەر ئەساسی (ئایین، جێندەر، نەتەوە، زمان و …هتد)، هەڵوێست و ئایدیای ناڕەوا بەدوای خۆیاندا دەهێنن، وەک ئەوەی ئەم خێزانە و هەزاران خێزانی تر بە دوو پێوەری جیاواز مامەڵە لەگەڵ کچ و کوڕەکانیان دەکەن. یەک جۆر کردەوە ئەگەر کوڕەکەیان بیکات هیچ سزایەکی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر کچەکە بیکات گەورەترین سزای لەسەرە. دیارە ئەم خێزانە سامێکی هێندە نێرسالارانەیان هەبووە، کە بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئاسایی کچێکیان بە هەڕەشە بۆسەر شکۆ و شەرەفی خۆیان بزانن.
ئەمان کە لە خەمی شەرەفی خۆیان و کچەکەیاندا بوون، ئێستا هەڵگری شەرەفەکەشیان لەدەستداوە، کەواتە ئێستا لە هەر کاتێکی تر زیاتر بێ شەرەفن (هەڵبەت بە گوێرەی پێناسەی ئەوان بۆ شەرەف).
چوار: کۆمەڵگە
ئەگەر پەروێز و خێزانی پەروێزیش بابەتەکەیان بە ئاسایی وەربگرتایە لە ناخی خۆیاندا، یاخود لە چوارچێوەی بازنەی خێزانیی خۆیاندا، هێشتا نەیاندەتوانی تەحەمول و تەقەبولی نیگای عەقڵی باوی کۆمەڵگە و فەزا داخراوەکەی دەوروبەریان بکەن. بۆیە لەناوبردنی کچکەیان بە ئاسانتر دەبینی لە وەڵامدانەوەی قسەی دەوروبەر. خێزانێکی زۆر سەردەمیی و کراوەش پێویستی بە توانا و تاقەیەکی زۆرە بۆ بەرگەگرتنی قسەی ئەوانی دیکە لەسەر کچەکەیان.
کەواتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دیدگا/چارەسەرە ماتریاڵییەکە، ئەویش دەستبردنە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیرە، نەوەک سەرقاڵبوون بە وەهمی گۆڕانی تاکەکانەوە. لێرەدا بۆ ئەوەی خۆمان نەکەوینەوە ناو ئایدیالیزمەوە و قسەکانمان بەو ئاڕاستەیەدا نەڕوات کە تاکەکان با دانیشن و ‘یەکێک یان شتێک’ دێت و کۆمەڵگەمان بۆ دەگۆڕێت، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە ئەوەی کۆمەڵگە دەگۆڕێت تاکەکانن، بەڵام تاکەکان لەم حاڵەتەدا ئامانجیان تەنها گۆڕینی خۆیان نییە، بەڵکو گۆڕینی تەواوی کۆمەڵگەیە وەک کردەیەکی دەستەجەمعی.
ڕووداوەکە خۆی بەرهەمی داخراویی کۆمەڵگە و باڵادەستیی عەقڵیەتی نێرسالاری و فەزای ئایینییە، گرنگە بەرپەرچی ئەو کەسانە بدرێتەوە کە دەیانەوێت ئیستغلالی بکەن بۆ بەرهەمهێنانی داخراویی زیاتر، چونکە زۆرن ئەوانەی دەڵێن: “دەی ئاگاتان لە کچەکانتان بێت، مۆبایلەکانیان لێ بستێنن، جاسوسییان بەسەرەوە بکەن، ڕێگەی دەرەوەیان لێ بگرن و …هتد”. یاخود ئەوانەی ڕووداوەکە بچووک دەکەنەوە لەوەدا گوایە ئەم کچە “قوربانیی فەیسبووک” بووە. تاکەکان تەنها لەناو کۆمەڵگەیەکی خاڵیی لە کێشە جێندەری و ئایینی و ڕەگەزی و نەتەوەی و ئابوورییەکاندا دەتوانن مومارەسەی ئازادییە فەردییەکانی خۆیان بکەن بە ئاڕاستەیەکی ئامانجداردا، نەک ئازادی لەپێناو ئازادییدا.