وەرگێڕانی بۆ کوردی : بەکر ئەحمەد
لە دیوانی: یومیات مدینە کانت اسمها بیروت
کێ بوو ڕێیدا مارکسی نەفرەتلێکراو بێتە لوبنان؟
کام باڵوێزخانەی لوبنان بوو ڤیزەی پێدا؟
لە گومرکی فڕۆکەخانە بۆ کەس جانتای نەپشکنی؟
ئەو مارکسە نەفرەتلێکراوە ماڵەکانمانی کاولکرد
ژنەکانمانی بێوەژن و مناڵەکانیشمانی هەتیو
پەیوەندییە مێژووییەکانی لوبنانیشی ژێرەو ژوورکرد.
من ئەوم خۆش ناوێت، نا من ئەوم هیچ خۆش ناوێت.
ئەو ڕۆژەوەی لە یەکێک لە چێشخانە شەعبییەکانی گۆڕەپانی بورجدا
بینیبوویان پاقلە دەخوات
لەگەڵ خەڵکی سادە دەدوێ
کتێب و نووسراوەی بیروباوەڕیان بەسەردا دابەشدەکات،
لەو ڕۆژەوە دڵنیابووم، ئەو لە گەشتییارەکانی دی ناچێت.
بەڵام هاتووە تا پیلانێکی کاولکەرانە جێبەجێ بکات.
ئەو هاتووە
تا چاو لە برۆ هانبدات و
پێ لە سەر و
بازرگانەکانی بەستاتیش لە بازرگانەکانی شەقامی حەمرا و
خانووە تەنەکەکانیش لە ماڵە ئەلەمنیۆمەکان هانبدات.
مارکس چیداوە لەوەی کە خوا دروستی کردووە؟
بۆ دەیەوێ مەشیئەتی ئیلاهی بگۆڕێت؟
ئاخر خوایە کە فەقیر و دەوڵەمەندی خوڵقاندووە
هەروەکو چۆن شەو و ڕۆژ و
ئەوانەی نان و چا دەخۆن و
ئەوانەیشی کە کاڤیار و شاتوبریان دەخۆن و کۆنیاک دەنۆشن.
هەر خوایە کەری دروستکردووە و ئۆتۆمبیلەکانی “ڕۆزڕایس”یش.
جلی کۆنە و جلەکانی بیارگاردانیش.
ئەو منداڵانەی لەسەر حەسیر بەدنیا دێن و ئەوانەیشی لەسەر فەرش چاوهەڵدێنن.
خوا ئەوانەی خوڵقاندووە کە لە فرمێسکی خۆیان دەخۆنەوە و
ئەوانەیشی ئاوی ئیڤیان و ڤیشی دەنۆشن.
بەرلەوەی ئەو مارکسە نەفرەتلێکراوە بێتە لوبنان
ژیان خۆش و شیرین بوو، هەموانیش بەبەشی خوا ڕازی.
هەژاران بە هەژارییان و
دەوڵەمەندان بەدەوڵەتیان.
پێ و سەرەکان پێکەوە دەژیان و
بڕواشیان بە موعجیزەی لوبنانی بوو.
بەڵام کاتێ کارڵ مارکس تەشریفی هێنا و
بووە هاوڕێی دەستفرۆشان، بەننا، کۆڵکێشەکانی بەندەر
شۆفێری تاکسی، بلیت و یانسیبفرۆشەکان
پاش ئەوەی بووە ئەندامێکی چالاکی نەقابەکانی کرێکاران و
یەکێتییەکانی قوتابیان
شتەکان دەستیانکرد بە لەرزین.
پێیەکان داوای گۆڕینی هەلومەرجە نامرۆڤایەتییەکان کرد و
توڕەیی تەقییەوە.
زوڵملێکراوان زانییان خوا بەر پرسی زوڵمیان نییە.
بەڵکە ئەوە ئینسانە دەچەوسێنێ و
پێست دەگورێ و دوایش دەیخوات.
بەڵام پێویست بوو بەیروت بسوتێت
تا ئەوانەی کاڤیار و شاتووبریان دەخۆن پێبزانن:
کە هەژاری کافرە
برسێتی کافرە
نەخۆشی کافرە
تاکو پێبزانن؛ کاتێک ئینسان برسی دەبێ
دانەکانی لە گۆشتی مانگیش گیردەکات.