184
بۆ ئارامیی خەونەکانت،
مەدالیای فریشتەیەک
بە دیواری ژوورەکەتدا هەڵدەواسیت،
تا فوو لە ئاگرەکەم بکات.
نەعلەکانم
ڕووەو بێدەنگیی کۆڵان هەڵدەدەیت،
شێتێک
دەیانکاتە پێ و
بە قسەیان دێنێت.
کاغەزی هیچ گرێبەستێک،
هیچ ئەلبوومێک،
گوڵێکی وشککراوە،
نامەیەکمان
نییە.
شیعرێک هەیە و
حاشای لێ دەکەیت.
چونکە بە دزییەوە،
سەوزەواتم لە دەمی
ئاسکەدارینەکانت دەپەستا
ڕەوانەی مۆزەخانەی بنەماڵەیان دەکەیت
لەوێ،
پەڕۆیان بەسەردا دەدرێن و
دەبنەوە پەیکەر.
گیرفانی قەمسەڵەکەت،
لەو وردەبەردانەی
لەسەر نووکی پێ دەوەستاین،
تا بیانگرینە پەنجەرەی
دادگاکان،
بەتاڵ دەکەیتەوە و
پڕیان دەکەیت لە شەکرۆکە.
نیوەشەو
لە باوەشی خەوێکی ئارامدا،
کۆکەکۆکی فریشتەکە
ڕاتدەچڵەکێنێ!
لە ترسی خنکان،
مستەکۆڵە بە پشتیدا دەکێشیت و
دەنکەشقارتەیەک
وەک پڕیشک دەردەپەڕێت!