سارا لیا ویتسن بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وتارێکی بڵاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی “بردنەوەی شەڕەکان مانای ئەوە نیە لە جەنگەکە سەرکەوتووبوون ” .
ویتسن نوسیویەتی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە کە دەردەکەوێت هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق سوکایەتی بە گومانلێکراوەکانی داعش و خێزانەکانیان دەکەن یاخود بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەشکەنجەیان دەدەن یان لەسێدارەیان دەدەن کە ئەوەش ڕووداوێکی سەیرە بەڵام نامۆ نیە بە مێژووی تراژیدی عێراق، کاتێک هاوڵاتیانی مەدەنی بەرگەی ئەو مامەڵە ناشرینەیان دەگرت کەلەلایەن جەنگاوەرانی عێراقەوە بە جلوبەرگی یەکپۆشی جیاوازەوە بەرامبەریان دەکرا.
ویتسن باسی لە جۆری ئەو ئەشکەنجەدانە کردووە کە لە وێنە و ڤیدیۆکانی هێزەکانی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە و بەراوردیکردوون بەو توندوتیژیانەی لەکاتی ڕووخانی ڕژێمی سەدامدا هێزەکانی ئەمریکا لە زیندانی ئەبوغرێب بەرامبەر گومانلێکراوەکانی حزبی بەعسی دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە سەربازانی عێراقی بۆ تۆڵەسەندنەوە، بە زوویی ئەو دەستگیراوانەیان لەسێدارەداوە کە بە گومانی پەیوەندیان بە داعشەوە دەستگیریانکردوون.
ویتسن باسی لە یەکێک لە کەیسەکان کردووە کە هێزە عێراقیەکان بە شێوەیەکی سەیر گومانلێکراوێکیان ناچارکردووە کە دڵسۆزی خۆی بۆ ئەبوبەکر بەغدادی دوپاتبکاتەوە، و دواتر کوشتوویانە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لە هیچ یەکێک لە حاڵەتەکاندا ئەو هێزە عێراقیانە ترس و شەرمیان لە چالاکیەکانیان نەبووە.
ویتسن لە وتارەکەیدا نوسیویەتی، لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە حکومەتی عێراق لەتوانایدایە لە شەڕەکانیدا لە دژی گروپە چەکدارەکان سەرکەوتووبێت بەڵام لە ڕابردووداو تا ئێستاش بەردەوام لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی و یەکگرتوویی و ڕێزگرتن لە ماف و فەراهەمکردنی ئاشتیدا شکست دەهێنێت.
ئەمەش لە دواى ئەوە هات لە ماوەى رابروودا ڕۆژنامەنوسێکى ڕۆژنامەى دیرشپیگڵى ئەڵمانى ڕاپۆرتێکى لە سەر پێشێلکارییەکانى سوپاى عێراق لە موسڵ بڵاوکردەوە و کاردانەوەى جیهانى لێکەوتەوە.