
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بە رادیۆی نەوای راگەیاند، ئەو بۆردە كار بۆ ئاڕاستەكردن و پشتیوانیكردنی چالاكی توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی دەستەبەركردنی گرەنتی ساڵانە دەكات و بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی بۆردەكەش بڕی 100 ملیۆن دینار وەك گرەنتی یەكەم پێشكەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی كراوە، تا لەڕێگەی پێشبڕكێ بدرێتە پرۆپۆزەڵی ئەو توێژێنەوانەی دەچنە خزمەتی چارەسەركردنی بابەتەكانی تایبەت بەهەرێم.
راشیگەیاند، لەئێستادا بۆردەكە دەرگای پێشكەشكردنی پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەكانی بەڕووی توێژەرانی هەرێمەكەماندا كردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی “لە ئێستادا وەزارەت سەرقاڵی رێكخستنی گرێبەستێكە لەگەڵ یەكێك لە بەناوبانگترین دامەزراوەكانی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوكراوە زانستییە نێودەوڵەتییەكان بۆ توێژەرانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنن”.