
ساڵانە لە دەستپێکی وەرزی سەرما لە پاییز و زستاندا نرخی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە. عوسمان محەممەد، نەوتفرۆش لە شاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و بەرمیلێک گەیشتووە 170 هەزار دینار.
پێش دەستپێکردنی وەرزی پاییز و لە هاویندا، نرخی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان 125 هەزار دینار بوو، لەکاتێکدا زستانی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتبووە زیاتر لە 250 هەزار دینار.
دیارنییە ئەمساڵ نەوت دابەش دەکرێت یان نا
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە. ساڵی رابردووش هاوشێوەی چەند ساڵی پێشتر، وەزارەتەکە نەوتی لە سەنتەری شارەکان دابەشنەکرد، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشیکرد.
ساڵی رابردوو لە کۆی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە لە 19ـی ئاداری 2023 بڵاوکراوەتەوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 383 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان یەکی بەرمیلێک نەوتیان بە نرخی 103 هەزار و 500 هەزار دینار وەرگرتووە.
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکران.
سەرچاوە:رووداو