سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم ڕایگەیاند، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
مازن عەبدولقادر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ٢٥ قەوارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٢ی ئایاری داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکەن کە بریتیین لە ١٩ حزبی سیاسی و چوار هاوپەیمانی و دوو پاڵێوراوی تاک.
وتیشی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ٥٠٣ پاڵێوراو کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسیانەی تەرخانکراون بۆ پارێزگاکانی هەرێم.
باسی لەوەشکرد لە کۆی ئەو ٥٠٣ پاڵێوراوە، ٣٥٧ پاڵێوراویان لە ڕەگەزی نێرن و ١٤٦ پاڵێوراوەکەی دیکەیان لە ڕەگەزی مێن، کە بە پێی یاسای هەڵبژاردن پێویست دەکات نوێنەرایەتی ژن لە سەدا ٢٥ کەمتر نەبێت.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی کورسیی پارێزگاکانی هەرێم ٤٦ کورسیین کە پارێزگای هەولێر ١٦ کورسی بەردەکەوێت و یەکێکیان بۆ پێکهاتەی مەسیحییە و پارێزگای سلێمانیش ١٨ کورسی و پارێزگای دهۆکیش ١٢ کورسی بەردەکەوێت کە بەهەمان شێوە یەکێکیان بۆ پێکهاتەی مەسیحییەکان تەرخانکراوە.