كڕین‌و فرۆشتنی زێر یه‌كێكه له‌كار‌و كاسپییه په‌ككه‌وتوه‌كان به‌هۆی ئه‌و ده‌رده‌ی ماوه‌ی ساڵێكه هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند زه‌ره‌نگه‌ران به‌ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی بازاڕه گه‌رمه‌كه‌ی جارانیانن، به‌ڵام شاره‌زایه‌كی ئابوری ده‌ڵێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌و ئاسایی بونه‌وه‌ی دۆخه‌كه كاتی پێویسته.
دوكان‌و فرۆشگه‌كانی زه‌ره‌نگه‌ری له‌سلێمانی جگه له‌خاوه‌نه‌كانیان به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت كه‌سی تری تیا به‌دی نه‌ده‌كرا، زه‌ره‌نگه‌ران‌و خاوه‌ن دوكانه‌كان هه‌ندێكیان له‌به‌تاڵیدا جامه‌كانی به‌رده‌م زێڕه‌كانیان ده‌سڕییه‌وه‌و هه‌ندێكیشیان به‌دیار شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه له‌روداوه‌كانیان ده‌ڕوانی.
شه‌قام جمه‌ی ده‌هات، به‌ڵام به‌و كه‌سانه‌ی ته‌نها وه‌ك رێبوارێك ده‌یانویست تێپه‌ڕبن، هه‌ندێك له‌وان له‌دوره‌وه یان له‌نزیك جامخانه‌كان جاروبار هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كیان له‌زێڕه نمایشكراوه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام زۆریان هه‌رزو ملی رێگایان ده‌گرته‌وه‌و به‌ره‌و به‌شه‌كانی تری شه‌قامه‌كه ده‌ڕۆیشتن.
نزیكه‌ی ساڵێكی ته‌واوه كڕین‌و فڕۆشتنی زێر له‌دۆخێكی خراپدایه، زه‌ره‌نگه‌ران واته‌نی بازاڕه‌كه خۆڵی مردوی به‌سه‌ردا ڕژاوه، ناشزانن ئه‌و رۆژانه كه‌ی دێته‌وه كه خانمان له‌وێڵبونی مۆدێڵ‌و جۆره نوێیه‌كاندا بۆ ئاڵوگۆڕ‌و كڕینی زێڕ، به‌پۆل رویان تێده‌كه‌نه‌وه.
خاوه‌نی زه‌ره‌نگه‌ری ئه‌مین له‌سلێمانی، هێرش عه‌بدوڵا به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، به‌به‌راورد به‌ساڵی 2013 فرۆشتنی زێر به‌رێژه‌ی نزیكه‌ی 50% كه‌میكردوه.
وتیشی، خراپی ره‌وشی ئابوری‌و ترسی ئه‌منی خه‌ڵك بازاڕی ئه‌وانی كزكردوه، له‌كاتێكدا وه‌ك ده‌زانرێت زێڕ زیاتر ده‌چێته خانه‌ی جوانكارییه‌وه‌و هاوڵاتیان بونی به‌گرنگ نازانن.
زه‌ره‌نگه‌ران‌و هاوڵاتیان به‌گشتی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بون ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ مانگه‌كانی سه‌ره‌تایدا دۆخی ئابوری به‌ره‌و ئاسایی بونه‌وه بچێت، ئه‌وان چاویان له‌و رێكه‌وتنه‌بو كه له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردو له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند واژۆكرا، به‌ڵام مانگ‌و نیوێك تێپه‌ڕده‌بێت، هێشتا گرفته‌كه وه‌ك خۆیه‌تی، شاره‌زایه‌كی ئابوریش ده‌ڵێت، گه‌ر ئه‌مڕۆ دۆخی بودجه‌و موچه‌ی خه‌ڵك ئاسایی ببێته‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ی بازار بۆ دۆخی ئاسایی خۆی نزیكه‌ی سێ مانگی پێویسته.
مامۆستای زانكۆ‌و شاره‌زای بواری ئابوری، د. خالید حه‌یده‌ر، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، زێر كه كاڵایه‌كی نرخ به‌رزه، پێویستی به‌توانای دارایه‌كی باش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاربه‌ر بیكڕێت، جگه له‌وه‌ش زێر ده‌چێته بواری جوانكاری یان كه‌مالیاته‌وه بۆ زۆرینه‌ی به‌كاربه‌ران.
وتیشی، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه‌مینه كه ده‌وڵه‌مه‌ند‌و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كانن خواست‌و كڕینیان به‌رده‌وامه، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان نیه، چونكه بازار زۆرینه دروستی ده‌كات، زۆرینه‌ش موچه‌خۆران‌و خاوه‌ن داهاته كه‌مه‌كانن ئه‌وانه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ساڵێكه له‌گێژاوی دارایدان.
د. خالید ئاماژه‌شیدا، كه‌مینه له‌رابردودا له‌به‌رامبه‌ر بونی موچه‌و داهاتی ئاسایی له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی كڕینی به‌شێوازی قیست كه فرۆشیاران فه‌راهه‌میان كردبو، به‌ئاسایی زێڕ‌و كه‌لوپه‌له لاوه‌كیه‌كانی تریان ده‌كڕی، به‌ڵام دواكه‌وتنی موچه بۆ دو مانگ‌و سێ مانگ وایكردوه نه كڕیار ئه‌وه‌نده گرنگی به‌كڕینیان بدات، نه فرۆشیارانیش ده‌توانن هاوشێوه‌ی رابردو كارئاسانی‌و شێوازی قیست دابینكه‌ن كه ئه‌مه‌یان نه‌بون‌و نه‌مانی متمانه هۆكاره‌كه‌یه‌تی.
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری ئاسایی بونه‌وه‌ی دۆخی ئابوری ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غداد‌و به‌دوریشی ده‌زانێت به‌غداد بڕیاره‌كانی له‌باره‌ی ناردنی بودجه جێبه‌جێبكات‌و وتیشی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند مانگێكیش موچه‌و ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم ئاسایی ببێته‌وه هێشتا ناوه‌ند ده‌چێته‌وه ژێر باری تاقیكردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت تا چه‌ند پابه‌ند ده‌بێت به‌رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌شڵێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ڕانه‌وه‌ی بازاڕ بۆ دۆخی ئاسایی خۆی زیاتر له‌دو مانگ‌و سێ مانگی پێویسته تا ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه نه‌ماوه بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێوان هاوڵاتی‌و حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ك‌و حكومه‌تی به‌غداد له‌لایه‌كی دیکه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر تا سێ مانگ پێدانی موچه له‌كاتی خۆی به‌رده‌وام بێت ئه‌وكات دۆخی بازار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌وشی ئاسایی خۆی.
محه‌مه‌د وه‌هاب، خاوه‌نی زه‌ره‌نگه‌ری محه‌مه‌د له‌نزیك بازاڕی ئه‌سحابه‌سپی له‌گه‌ڵ ناوبه‌ناو سه‌یركردنی سایتی تایبه‌ت به‌بۆرسه‌ی جیهانی زێڕ وتی، موچه‌خۆر هه‌یه سێ تا چوار مانگه موچه‌ی وه‌رنه‌گرتوه، ئه‌وه‌شی وه‌ریده‌گرێت قه‌رزاره‌و پێداویستی تری هه‌یه، بۆیه زۆر ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی شاره‌كه رو له‌كڕینی ئاڵتون ده‌كه‌ن.
ئه‌و وتیشی، كڕیاران زیاتر ئه‌و هاوڵاتیه عه‌ره‌بانه‌ن كه له‌ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشوره‌وه هاتون، بێگومان ئه‌وانیش كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر بازاڕ نیه.
نه‌ك ته‌نها كڕین، به‌ڵكو فرۆشتنی ئاڵتونیش له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه كه‌میكردوه، ره‌ئوف تۆفیق كه له‌نێو زه‌ره‌نگه‌راندا زیاتر وه‌ك كڕیارێكی زێڕی به‌كارهاتو ده‌ناسرێت وتی، رێژه‌ی فرۆشتنی زێڕ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه به‌به‌راورد به‌ساڵی 2013 زۆر كه‌مبوه‌ته‌وه.
ئه‌و رونیشیكرده‌وه، ئه‌وكات خه‌ڵێكی زۆر ئاڵتون‌و تاقمه گرانبه‌هاكانیان ده‌هێنا‌و ده‌یانفرۆشت تا تاقمی نوێتری پێ بكڕن، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه نابینرێت.
ئا: شیروان شه‌ریف
سەرچاوە : ئاوێنە