١ی کانوونی یەکەم ڕۆژی جیھانیی نەخۆشی ئایدزە و بەو بۆنەیەوە وەزارەتی تەندروستی ئامارێکی لەسەر توشبووان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە ھەرێمی کوردستان لەمساڵدا شەش حاڵەتی نوێی نەخۆشیی ئایدز لەنێو ھاوڵاتییانی ھەرێم تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتیی توشبووانی ئایدز لە ھەرێم (لە ساڵی ۱۹٨٦ تا کۆتایی ۲۰۱٨) دەبێتە ۳۲ حاڵەت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ٣٢ کەسە نۆ کەسیان لە ڕەگەزی مێن و ۲۳ کەسیان نێرن و، ھەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە ھۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە ھەرێمی کوردستان، پشکنینی پێویست و چارەسەر و ھۆشیارییان پێ دەدرێت.
وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاندووە، “ساڵانە زیاتر لە ۳٥۰ ھەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز لە ھەرێم ئەنجامدەدرێت، ھەموو بیانییەکان کە دێنە ھەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت، ھەروەھا ھەموو بوتڵێکی خوێن دەپشکنرێت و ئەوانەی تازە ژیانی ھاوسەری پێکدێنن، کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان، بەندکراوەکان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و ھەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدەدرێت، ھەموویان پشکنیانیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پرۆگرامی کۆنترۆڵی نەخۆشی ئایدز لە ھەرێم کە جگە لەم پشکنینانە، چالاکیی ھۆشیاری و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێویستی پشکنین لەخۆدەگرێت.”
ئەوەشی تێدا ھاتووە، “لەمساڵدا لە ئەنجامی پشکنینی بیانییەکان ۲۳ حاڵەتی نەخۆشییەکە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.”
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، لەم ڕۆژەدا پەیاممان بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ئایدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیمان لە نەخۆشییەکە، ھەروەھا دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکانی وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی ھاوسەری، دوورکەوتنەوە لە تاتووکردن، بەکارنەھێنانی دەرزی و سرنجی بەکارھاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە ھۆشبەرەکان.
لە جیھان ۳٦,۹ ملیۆن ھەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش HIV ھەیە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت، ھەروەھا نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی. ھەرچەندە تا ئێستا ئایدز چارەسەری بنەبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژە ئایدزی زۆر کاریگەر ھەن کە دەتوانن بە تەواوی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک ھەر کەسێکی تر بژی، ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکیی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئایدزی ڕزگارکرد بە جورێک بەکارھێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی ۳٨٪ کەمکردووەتەوە؛ ھەروەھا ھۆکاری کەمبوونەوەی ۳٦٪ توشبووی نوێیە، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز.