کوردستان هەمیشە ناوچەیەکی گەرمی پڕ لە شەڕو ململانێکان بووە، هێشتا خەڵکەکەی لەگەڵ ئازاری کیمیاباران و ئەنفالدا دەژیان کە شەڕی داعشی هاتەسەرو بەدوایدا ئازاری قڕکردنی ئێزیدییەکان و جەرگ سووتانی سەدان دایکە پێشمەرگەشی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
چیرۆکی کارەساتبار ئێجگار زۆرن لەم هەرێمەدا، بێگومان کاریگەرییەکانیشیان بەسەر خەڵکەکە بەگشتی و دەربازبووەکانی ناو ئەو چیرۆکانە هەروا بە ئاسانی کاڵ نابێتەوە ئەگەر بەباشی کاری لەسەر نەکرێت.
ئێستا کە ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر کارەساتی کیمیاباران و هەڵەبجە، هەروەها کە رۆژانە لەگەڵ چیرۆکی تاوانە نوێیەکانی رۆژگاردا دەژین تادێت ئەو رەخنانە زەقتر دەبنەوە لەسەر دامەزراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە چۆن نەیانتوانی کاری هەماهەنگی شیاو بکەن بۆ دەستگرتنی دەربازبوانی دوای کارەساتەکان.
بەشێک لەو رەخنانە رووی لە میدیایە کە ئەوەندەی کاری لەسەر وروژاندنی سۆز کردووە ئەوەندە ئیشی لەسەر بەرپرسیارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان نەکردوە. ئەمانە زۆر بەباشی دەبینرێت لەو رووماڵکردنانەدا کە تێیدا دیمەنی گریان و کوڕوزانەوە و لاڵانەوەی ژن و کچە دەربازبووەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران دێننە سەر شاشە.
پێویستە واز لە سیاسەتی “كڕوزانەوە” بێنین، بۆچی دەبێت هێندە بەلامانەوە شانازی بێت، كە ئێمە بوینەتە قوربانی؟ لە كولتووری ئەڵمانی و زۆر لە وڵاتانی دیكەدا، بەكارهێنانی وشەی قوربانی، هێندەی جنێوێك ئازاری كەسەكە دەكات، بەڵام لێرە بۆتە رەمزی شانازی و میدیاكانیش بەردەوامن لە جوینەوەی.
ئەم شێوازە لە رسوماڵی میدیایی لەلایەک کە لەپچەکردنی دەربازبووەکانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە تراژیدیە و لەلایەکی دیکەش پەخشکردنی بابەتێکە کە زۆرترین کاریگەری لەسەر باری دەروونی خەڵکەکە بەگشتی بەجێ دەهێڵێ.
رۆژنامە و کەناڵەکانی راگەیاندن بەگشتی لە روماڵکردنی کارەساتەکاندا رەخنەی ئەوەیان هاتۆتە سەر کە دوور لە حسابکردن بۆ باری دەروونی ئەو خێزانانە ئیشیان لەسەر وروژاندنی عاتیفە کردووە کەواتە دەبێت میدیا چی بکات؟
مانگی 7ـی ساڵی رابردوو لە دهۆک بووم بۆ ئامادەکردنی مەلەفێک لەسەر کچان و ژنانی دەربازبووی دەستی داعش، لەوێ بەدەیان و سەدان شاهیدحاڵی زیندووم بینی کە لەسەر دەستی داعش کرابوون بە کەنیزەک و سەبیە و جاریە، بۆ ئەوان ژیان لەگەڵ تراژیدیا و چیرۆکی پڕ لە ترس و دەستدرێژی سێکسی ناو حەرام سەراکانی داعش ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوانەی کە گەڕابوونەوە هیوایان بە ژیان هەبوو.
هیوا بە ژیان و عەشق بۆ ئازادی لە چاوی دەربازبووەکاندا بەئاسانی دەبینرا، من کە بەبیستنیی چیرۆکەکانی ئەوان لە بردن و دەستدرێژی و سووکایەتی و هەوڵدان بۆ راکردن و دووبارە دەستگیرکردنەوە سام دەیگرتم و بە ئاشکرا چاوەکانم پر دەبوون لە ئاو، کەچی ئەو کیژۆڵە یازدە ساڵە دڵنەوایی دەدامەوە کە بە 180 وەرەقە هەفتەیەک پێش جەژن کڕدرابۆوە.
ئەو دەیوت “من شاهیدحاڵی زیندووی بە کۆیلەکردنی سێکسیم لەسەر دەستی داعش، بەڵام ئەم ئازادییەی ئێستامم خۆش دەوێ و دەشمەوێ بژیم”.
بیستنی “دەمەوێ بژیم” دڵخۆشی کردم، چونکە هەرچیم دەخوێندەوە لەسەر دەربازبووانی دەستی داعش هەر پیشاندانی بێهیوایی، بێهوودەیی، نائومێدی بوو. وەک چۆن خوودی داعش لەبڵاوکردنەوەی بێ ئومێدیدا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئێستاش ئەوەی کە دەیخوێنمەوە لە سەر ئەنفال و کیمیاباران هەر ئەم نموونانەی کە لەسەر دەربازبووە ئێزیدییەکان دەیخوێنمەوە.
ئەو کیژۆڵەیە و دەربازبووانی دیکە لەوەدا لەیەک دەچن کە دەیانەوێ هەرچی بەسەریاندا هات داهاتوویان بێ ئیرادە نەکات، دەیانەوێ بە رەشبینی و کڕوزانەوە، هێز و شادی و ورە و وزەی ئومێد بە ژیانێکی جیاواز لە خۆیاندا وشک نەکەن.
بۆ پێچەوانە کردنەوەی هاوکێشەکە میدیا دەتوانێت کاری گەورە بکات لە باشکردنی باری دەروونی دەربازبووەکاندا.
یەکەم کاریش لێکردنەوەی ناسنامەی “قوربانی یان پاشماوە”یە لە رزگاربووانی ئەو کارەساتانە. پێویستە هەمیشە میدیا ئەو کەسانە وەک نموونەیەکی زیندوی بوێری و جەربەزەیی پیشان بدات کە توانیان لە کارەساتێکی ئاوا دەرباز بن نەک ئەوەی جارێکیتر بیانکاتەوە بە کەسێکی بێ ئیرادە.
پیشاندانی هیوا هەنگاوێکی دیکەیە کە پێویستە لە رووماڵکردنە میدیاییەکاندا ئامادەییان هەبێت، بۆ ئەمە گرنگە میدیا بەدوای چیرۆکی خۆ دروستکردنەوە و سەرکەوتنەکانی ئەو کەسانەدا بگەڕێ کە لەهەمان کارەسات یان لە کارەساتی دیکەی هاوشێوەدا دەربازبوون، بەڵام توانیان درێژە بەژیان بدەن سەرباری خەم و ئازارەکانی رابردوویان.
درککردن بە هەستیاری و گرنگی هەریەک لەو دەستەواژانەی کە لە رووماڵکردنەکاندا بەکاردەهێنرێن بەرپرسیارێتیەکی دیکەیە لەسەر شانی دامەزراوە میدیاییەکان. پێویستە میدیا لە مۆدێلی سۆز وروژاندن بە ئامانجی دروستکردنی رق دوور بکەوێتەوە و لەبەرامبەریشدا کاربکات لەسەر بەکارهێنانی سۆز بۆ کاڵکردنەوەی رق و هەستیاری نەتەوایەتی و ئاینی و مەزهەبی.