عزیز رەئوف:
شار مڵكی یەك هێزی سیاسی نیە. لە شاردا زیاد لە پێدراوێك ئامادەیە، زیاد لە چین و زیاد لە توێژێك بوونی هەیە كە دەكرێ هیچ وەلائێكیان بۆ حزب و دەسەڵات نەبێت. شار پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە و ناكرێت شوناسی یەك هێز یان یەك گروپی دیاریكراوی بەسەردا بسەپێندرێت. هەرگیز گوێم لە پارتێكی بەریتانی نەبووە بڵێ لەندەن هی ئێمەیە، چونكە باش دەزانن لەندەن پڕە لە پەنابەری وڵاتان و هەر لەناو خۆشیاندا پڕە لە پێكهاتە و گروپ و بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی جیاواز كە كەس ناتوانێت یەك شوناسی دیاریكراو بەو شارە ببەخشێت. شاری نیویۆرك لە ئەمریكا نیوەی دانیشتوانەكەی یان پەنابەرە یان نەوەی پەنابەرە، سەختە كۆمارییەكان یان دیموكراتەكان بڵێن نیویۆرك شاری ئێمەیە. ئەمە جگە لەوەی كە ئەو شارە پڕە لە نەتەوە و زمان و كەلتوری جیاواز و دەكرێ دەنگی هێزێكی سیاسی زیاتر تێدابێ لەوی تر، بەڵام كەس جورئەتی ئەوە ناكات شوناسی هێزی سیاسی یەكسان بكات بە شوناسی شارێك.
لە كوردستان دۆخەكە ئاڵۆزە. هێزێك بڵێت هەولێر دەگرینەوە و هێزێكی تر بڵێت هەولێر هی ئێمەیە و بە خەونیش ناگیرێتەوە، دوو ڕووی یەك دراون و خۆی بۆخۆی سوكایەتیكردنێكی بێمانایە بەو شارە. هەولێر مێژوویەكی دێرینی هەیە، پڕە لە پێكهاتە و گروپ و تاكی جیاواز كە وەلائیان بۆ هیچ لەو دوو هێزە سەرەكییەی كوردستان نیە. هەر خۆی گرتنەوە و نەگرتنەوەی شار بەمانای جۆرێك لە داگیركردن دێت، كە نەدەبوو ئەم دوو هێزە ئەم جۆرە وتانە لە زاریان بێتە دەر.
من ئەوەندەی بزانم هەولێر مڵكی هیچ هێزێكی سیاسی نیە بەتەنها، سلوك و ڕەفتار و كردەی ڕۆژانەی ناو بازاڕی هەولێر تەواو جیاوازە لە كردەی ئەندام و لایەنگرانی پارتێكی سیاسی. هەرگیز شار بەوە نابێتە مڵكی حزبێك ئەگەر لە یادی حزبەكەدا كۆمەڵێك گەنج بێنی هەڵپەڕن و وا نیشان بدەن كە هەموو شارەكە سەر بە پارتێكی دیاریكراوە. هەرگیز یەك شوناس نادرێ بە ژیانی خەڵكی هەولێر لە دوو دنیای جیاوازی گوندە مۆدێرنەكان لەلایەك و كۆڵانە دێرینە بێئاوەكانی شار لە لایەكی ترەوە. ئەم دوو دنیایە تەواو جیاوازن لەیەكتر.
دەتوانی خاوەنی گوتاری جیاواز بیت بۆ بەڕێوەبردنی شار، بەڵام خۆبەخاوەنكردنی شار كردەیەكی ستەمكارانەیە و هەر هێزێك بیەوێت شار بگرێت یان دەستی بەسەردا بگرێت، نیەتی خراپی هەیە و ئامادە نییە لە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردندا واز لە شار بێنێت.
هێزەكان دێن و دەڕۆن بەڵام شار لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە.