عەزیز ڕەئووف:
خۆی هەر ڕۆشنبیر لەم كۆمەڵگەیە كائینێكی زیادەیە. خۆی ئەمە پەیوەندی بە حزبێكی دیاریكراوەوە نیە، ڕەنگە دەستی حزبێك لە دەستی حزبێكی تر لە وەشاندنی بۆكسەكاندا بۆ سەری ڕۆشنبیر قورستر بێت، بەڵام لە ناوەرۆكدا ئەم جۆرە لە حزبی كوردی یەك چاوی هەیە بۆ بینینی ئەو مەخلوقەی كە ناوی ڕۆشنبیرە.
خۆی ئەسڵەن فەرهاد پێشتر لە سەرای ئازادی لێی درا، خۆ یەكێتی و پارتی لەوێ نەبوون، بەناوە خەڵكە ئازادیخوازەكە لەسەرا بوون، كەچی فەرهادیان قبوڵ نەكرد. كە لە ئاسۆس هەردی درا، دەستەكە دیار بوو لە كوێوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، كە قاچ و قولی ڕێبین هەردی شین و مۆر كرایەوە، شەقەكان دیار بوون كێ هاویشتنی. كە دواین شەهیدی خۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوبات، شەهید هەردی لە گۆڕستان دەنێژرا، فەرمان بە چەكدارەكان درابوو لە شێركۆ بێكەس بدەن، فەرمان لەو بارەگایەی كە شێركۆ سرودی مەشخەڵانی بۆ نوسیبوو. عەزیزان ئەم خۆ شین و مۆركردنەوەیەی ناوێ، دەموچاوی هەموو هێزەكان وەك ڕۆژی ڕوون دیارە. ئیسلامیەكان چیان بە فاروق ڕەفیق نەكرد لەسەر ڕەخنەگرتن لە نیقاب؟ تۆ بهێنە پێش چاوی خۆت ئەوان دەسەڵاتیان هەبوایە؟
ئەوەی لە هەولێر لە سەر فوللایتێك گەنج بكوژێ، چۆن لە فەرهاد نادا؟ ئەوەی حورمەت بۆ سەرجەم دامەزراوەكان دانەنێت، سەیرە چاوەڕێی ئەوەشی لێ بكەین گوڵ بۆ ڕۆشنبیران ڕابخات. ئیتر دەبێت چاوەڕێی سیناریۆكان بكەین، هەموو ئەمانەش نەیەڵن مرۆڤ بە مەردی بمرێت، وەك خۆی بمرێت.
ئەم بێحورمەتیە هەمیشە بەردەوام دەبێت. بە ئیمزاكۆكردنەوە و گردبوونەوە و ئیدانەكردن ئەم خوێنە ناوەستێت. دروست ئێمە لە عەسری بەربەریەتی دەسەڵاتداین كە شەقاوەكانی بەردەداتە گیانی خەڵك. ئیتر تەواو، خەباتی مەدەنی لەبەردەم ئەم هێزانەی كە خەریكی دروستكردنی میلیشیای چەكدارن، بیركردنەوەی ناوێت كە چەك باڵا دەست بوو، چی ڕوو دەدات و چۆن مەدەنیەت پاشەكشە دەكات.
چوار شەممەی ڕابردوو لەسەر سوچەكەی لقی چوار لە شاری سلێمانی، ئۆتۆمبیلێكی سەربازی وەستابوو. سێ چەكدار هاتنە بەردەمم و داوای ناسنامەیان لێ كردم، منیش بە بزەیەكەوە ناسنامەم پێدان، یەكیان وتی بەچی پێ دەكەنی؟ یەك قسەی ترم بكردایە ئێستا وەك فەرهاد پیرباڵیان لێ دەكردم و سەرو گوێلاكیان دەشكاندم و بە بێدەنگیش تێدەپەڕی. ئیتر خۆ ئەمە شاری ڕۆشنبیریە.
دەبێ لەم برینە حاڵی بین. ئەم دۆخە بە ئیدانە و ئیمزا و هاوسۆزی و هاوخەمی بەتاڵ و حەتاڵ چارەسەر ناكرێت، كۆدەنگیەكی قوڵتری دەوێ، ئەگینا دەبێت وەك مەڕی بەردەمی قەساب چاوەڕێی جەللادەكان بین هەرجارەو لەژێر هەر بیانو و سیناریۆیەك یوسفێك غەڵتانی خوێن بكەن.
ئەم برادەرانە ڕۆشنبیر عاقڵ دەكەن، لێشت دەدەن و پەیوەندیشت پێوە دەكەن، سەرو گوێلاكت خوێناوی دەكەن و واشت لێ دەكەن كە بڵێی” فەخر دەكەم جەنابی سەرۆك پەیوەندی پێوە كردم” . شەقاوە دروست دەكەن و واشت لێ دەكەن بڵێی “من هەموو پێشمەرگە لە یەك دوو كەسی وەك جەنابی كاك مەنسور دەبینم”. ئیتر وات لێ دەكەن ببیتە پاڵەوانی میدیاكان و یەك دێڕ سوپاسی جەللاد بكەی ئیتر پلانی پشت سیناریۆكە بەدەر دەكەوێت.
سەرچاو: پەیجی نوسەر