لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کورد لەبەردەم یاریی نەیارەکانیدا

کورد لەبەردەم یاریی نەیارەکانیدا

0 تێبینییەکان 20 بینینەکان

تانیا کورد میرزا:
لەپاش ئەو بەرەو دواوە چوونەی کورد لە‌کوردستانی عێراقدا، بچوک بوونەوەی دەسەڵاتی، کزبوونی دەنگی‌و کورت بوونەوەی دەسەتەکانی بۆ بەردەم خۆی، دەبێت ئیستێک بکرێت‌و ئەگەر بۆ یەکجاریش بووە کورد بەدەر لە‌لۆمەی وڵاتانی ئەوروپی، یەکیەتی ئەوروپا، رووس‌و ئەمریکا،‌و بە‌دەستبەردان لە‌پرتە‌و بۆڵە‌و خۆ دزینەوە لەم شکستە یەک لەدوای یەکانەی مێژووی خەباتی دەبێت بپرسێت؛ بۆچی پاش بەهەدەردانی وزە‌و کاتێکی زۆر، قوربانی‌و بەرخۆدان دەگەینە بەردەم هێڵی پەڕینەوە لە‌نەتەوەیەکی بێ وڵاتی پەرتەوازەوە بۆ گەلێکی خاوەن خاکی کۆکراوەو لە‌چاوتروکانێکدا دەگەڕێینەوە دواوە، دواوەیەک کە دیار نییە کەی دەتوانین بکەوینەوە سەرڕێ‌و دارەدارە بکەینەوە؟!

کورد لە‌هەر چوار وڵات؛ عێراق، تورکیا، ئێران‌و سوریادا بەدەست رژێم‌و دەسەڵاتبەدەستانی عەرەب، تورک‌و فارسەوە کوژراوە‌و دزراوە‌و لەخۆی شاردراوەتەوە، دیارە ئەمە بەهاوکاری وڵاتانی زلهێزی ئەوروپی‌و رووس‌و ئەمریکا، پاش دیاریکردنی نەیارەکانی کورد دەتوانین بزانین چەقی سیاسەتی کورد چییە‌و بەرامبەر بەکێ سیاسەت دەکات، کێن نەیارەکانی، بەچ چەکێک دەجەنگن‌و ئەم دەبێت چۆن‌و بەچی لەگەڵیان بجەنگێت‌و جۆری جەنگەکەشی لەگەڵیان دیاری بکات بەبێ گوێدانە ئەوەی لاسایی ئەوان بکاتەوە لە‌بەکارهێنانی هەمان چەکی ئەواندا! چونکە کورد لە‌قەرەی شەڕکردن نایەت بەهەمان چەک‌و تاکتیکی نەیارەکانی کە وڵاتانی گەورەی خاوەن هێزن‌و پێگەی پتەویان هەیە لە‌موعادەلە نێودەوڵەتیەکاندا.

ئەمە هەموی بۆئەوە ناگەڕێتەوە کە کورد خاوەن دەوڵەت نییە بۆیە ناتوانێت کاریگەری بەسەر دراوسێکانی‌و دونیاوە هەبێت، بەڵێ بەشێکی ئەمەیە بەڵام هەموی نییە. وڵاتانی زلهێزی دنیا، یەکیەتی ئەوروپا‌و رووسیا، ئەمریکا‌و ئیسرائیل کاتێک دەکەونە یاریکردنەوە لە‌ڕۆژهەڵاتی ناویندا بۆ سەرکەوتن‌و گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دیاری دەکەن پێویستیان بە‌دەمودەستی کوردە ئەوان یاری لەگەڵ کورد ناکەن بەڵکو کورد بۆ تەواوکردنی کارەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، بەڵام کاتێک لەپشت تورکیا، ئێران‌و وڵاتانی عەرەبیەوە دەوەستن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان‌و بە‌حسابکردن بۆ پەیوەندییە ئابوری، دبلۆماسیەکانیان سیاسەت دەکەن، بۆ پاراستنی ئەمانەش پێویستیان بەوە دەبێت کورد بشێلن. کەمکاری کورد لەم ساڵانەی حوکمیدا نەخوێندنەوەی ئەم پەیوەندیانە‌و نەچوونە ناویانەوە بووە، سیاسەتکردن بووە بە‌کەللەڕەقی‌و لەسەر بنەمای سۆز‌و نەخوێندنەوەی پێگەی جوگرافی خۆی لە‌ناوچەکەدا!

کورد لەهەر چوار وڵات دەبوو کارتە بەهێزەکانی بندەستی لەبەرژەوەندی سازانی خۆی لەگەڵ نەیارەکانیدا سەرف بکات، دەبوو کارتە هەرە بەهێزەکانی کە بوونی رێژەیەکی بەرز لە‌گەنج‌و لاون لە‌کۆمەڵگاکەیدا لەبەرژەوەندی دۆزەکەی‌و هەڵکردن لەگەڵ ئەوانیتردا بخاتە کار، دەبوو کارتەکانی، نەوت، گاز، سروشت‌و سەرچاوەی ئاویەکان بەهەمان شێوە بەکاربهێنێت دەبوو یاری بەم کارتانەوە بکات بەجۆرێک کە بەر بە‌نەیارەکانی بگرێت کە جەنگی لەگەڵ بکەن، دەبوو خۆی ببێتە یاریکەر‌و چیتر خۆی لەوە قوتار بکردایە کە تەنیا “یاریەک” بێت بەدەستی ئەوانیترەوە، هەمو ئەمانە کاری ئاسایی سیاسیەکان بوون‌و دەبوو بیانکردنایە، شتگەلێکی ئاستەم نەبوون تەنیا هەندێک یاری ئاسایی ناو سیاسەتکردن بوون.

کورد لەبری ژیان‌و هەڵکردن، گونجان لەگەڵ عەرەبی عێراق، سوریا‌و فارس‌و نەتەوەکانیتری ناو ئێران‌و تورکەکانی ناو تورکیا بەردەوام خەریکی دووجۆر لە‌سەوداو مامەڵە بووە؛
یەکەم؛ یان خۆی کردوەتە یاری دەستی وڵاتانی ئەوروپی، رووس‌و ئەمریکا‌و ئیسرائیل دژ بە‌نەیارە نزیکەکانی یان بۆ بوغزاندنی ئەوان.
دووەم؛ یان خۆی داوەتە دەستی نەیارە نزیکەکانی کە بەجۆرێکی زۆر ناشیرین یاری پێبکەن دژ بەخۆی، لەپێناوی بەرژەوەندی نەیارەکەدا!
بێجگە لەم دوو حاڵەتە کورد هیچ یاریەکیتری نەکردووە‌و هەوڵی فێربوونیشی نەداوە. کورد دەبوو سەرەتا نەیارە نزیکەکانی خۆی دیاری بکردایە، دواتر بکەوتایەتە یاریکردن لەگەڵیان بە‌ژیانکردن‌و مامەڵەی دبلۆماسیانە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی بەڵام لەبری ئەمە چنگی بۆ دوژمنی ئەمان درێژ کردووە بە‌خەیاڵی “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە”ەوە ژیاوە، بەڵام بەردەوام ئەوەی کە کورد بە‌دۆستی خۆیی زانیوە لەبەرئەوە بووە کە دوژمنی زارەکی دوژمنەکەی بووە نەوەک لەبەرئەوەی خۆی کۆمەڵێک رێگای دۆزیبێتەوە بۆ پەیوەندی سیاسی‌و دبلۆماسی لەگەڵیدا!

دەستدرێژ کردن بۆ ئیسرائیل‌و بەئاشکرا وەک دۆست‌و یار وەسفکردنی بەبەرچاوی عەرەبەکانی عێراق، سوریا، تورکیا‌و ئێرانەوە یەکێک بوو لەو نمونانە، دواتریش دەرکەوت ئەمەی کە کورد بەدۆستی خۆیی زانیوە دوژمنی نەیارەکانی نییە‌و دۆستی خۆشی نییە تەنیا یاری نەیارەکانی دەرچوو! ئەگەر تەنیا نمونەی ئەم دۆستایەتی‌و خۆشەویستیە یەکلایەنەی کورد بۆ ئیسرائیل وەربگرین دەبینین کورد چۆن لەخۆڕا بەناو کەوتووە! دۆستایەتیکردنی ئیسرائیل بەئاشکرا واتا خۆ خستنە بەرەی دژە عەرەبەوە بەبێئەوەی ئەم بەرەی کوردە بێجگە لەخۆی کەسیتری تێدابێت! ئەگەر بیانوی کورد بۆ دۆستایەتی ئیسرائیل بوونی کوردی جوو بێت ئەی بیانویان بۆ دۆستایەتینەکردنی بەرەی فەلەستینی چی بووە؟ لەکاتێکدا کە کوردی فەلەستینیشتمان هەیە‌و ژمارەیان زۆرە‌و هەمو پاشگری “الکردی” بە‌ناوەکانیانەوەیە‌و کەسانی ناوداریان زۆر تێدا هەڵکەوتووە کە عەرەبی فەلەستینی بە‌موسڵمان‌و کریستیانەوە شانازیان پێوە دەکەن! دواتر دەستکەوتەکانی ئەمە چی بوون، بێجگە لەوەی عەرەب بەئاشکرا بووە دوژمنمان‌و ئیسرائیلیش دۆستایەتیەکەی لە‌چەند دێڕێکی رۆژنامەکان تێنەپەڕی!

مەگەر کورد نەیدەتوانی وەک زۆربەی وڵاتانی عەرەبی‌و دراوسێی خۆی بەنهێنی دۆستی ئیسرائیل بێت‌و بەئاشکرا دۆستی فەلەستین! کوردەکان یان لەپشت ئیسرائیل بوون لە‌قینی تورکیا‌و عەرەبەکان یانیش لە‌پشت فەلەستینیەکان‌و قودس بوون لەبەرخاتری تورکیا‌و ئیخوان! هیچ کات کورد لەبەرخاتری خودی دۆزی فەلەستین، لەبەرژەوەندی خۆی‌و برەودان بە‌پەیوەندی سیاسی‌و دبلۆماسیەکانی مامەڵەی نەکردووە.

کورد لە‌هەر چوار وڵاتی ناوبراودا، بێجگە لە‌دەستبردن بۆ کارتی پەیوەندی سیاسی‌و دبلۆماسی لەسەر بنەما‌و بەرژەوەندی دۆزەکەی‌و خاکەکەی هیچ کارتێکیتری بۆ مانەوە‌و پێشوەچوون لەبەردەستدا نییە، دەبێت دەست بۆ ئەم کارتە بەرێت، بەڵام بەرلەوە دەبێت خۆی فێری بەکارهێنانی بکات!
تاکە رێگای بەردەمی کورد هەڵکردن‌و سیاسەتکردنە لەگەڵ نەیارە نزیکەکانیدا بەبێئەوەی هیچ رێگایەکیتر بوونی هەبێت بەڵام عەرەبەکان، فارس‌و تورکەکان رێگایتریان لەبەردەمدایە بۆ لێدانی کورد‌و سەرجەم رێگاکانی ئەوانیش بەرەو لەناو بردنی کوردن! کورد دەبێت رێگای تر بدۆزێتەوە‌و چیتر خۆی لەوە بپارێزێت کە رێگای نوێ پێشانی نەیارەکانی بدات هەتا بێنە سەری!

کورد کاتێک کە پەلی بۆ یەکیەتی ئەوروپا، ئەمریکا، رووسیا‌و ئیسرائیل کوتا‌و بە‌دۆستی خۆیی زانین وەختێک بەهۆشی خۆی هاتەوە بە‌دەبابە، چەک‌و تفاقی ئەوانەوە نەیارە نزیکەکانی بەسەریدا دەڕۆن، بەبێئەوەی بیری بۆئەوە چوبێت کە ئەم لە‌ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بازاڕێکی باشە بۆ ساغ کردنەوەی کەلوپەلە سەربازیەکانی ئەوان‌و جارێک بۆ بڕینی بازاڕی ئەوانیش بووە بیر لە‌جۆرێکیتر لە‌سیاسەتکردن بکاتەوە! کورد دەبێت چیتر واز لە‌بوغزاندنی عەرەب، تورک، فارسەکان بهێنێت‌و دوژمنایەتی ئەمان بەئاشکرا‌و دۆستایەتی زلهێزەکانیتریش لەسەربنەمای بۆش نەکات، چونکە ئەم جۆرە مامەڵەیە نەیگەیاندە هیچ جێگەیەک تەنیا ئەوە نەبێت خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک هێزدا بینیەوە کە یاری نەیارەکانی دەرچوون بەبێئەوەی هیچی خۆی بن!

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە