کۆمپانیای فەیسبوک ڕایگەیاند، دژی هەموو بابەتێکی “ئابڕوبەرانەی تۆڵەسەندنەوە” دەوەستێتەوە و ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نادات، کە لەلایەن هەندێک لە بەکارهێنەرانەوە بڵاودەکرێتەوە، بە هەمان شێوە لە خزمەتگوزاری ماسنجەر و ئینستاگرام.
لە بەیاننامەیەکدا ماڵپەڕی فەیسبوک بڵاویکردەوە، کاتێک ئاگادار دەکرێتەوە لە بڵاوکردنەوەی “وێنەی گەرموگوڕ” لەسەر لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکە بە بێ مۆڵەتی کەسە دیارەکانی ناو وێنەکان، دوای دڵنیابوونەوە لادەبرێن، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکێکەوە کە چیتر ناتوانرێت کۆپی وێنەکان بکرێت و جارێک تر بڵاوبکرێتەوە.
ئانتیگۆن دافیس سەرۆکی بەشی سەلامەتی لە ماڵپەڕی فەیسبوک ڕایگەیاند، کاتێک ئاگادار دەکرێنەوە لە بوونی وێنە و بابەتی “تۆڵەسەندنەوەی ئابڕوبەرانە” دەتوانرێت دووبارە بڵاوکردنەوەی ڕابگیرێت لە فەیسبوک و ماسنجەر و ئینستاگرام.
دافیس ئاماژەی بەوەشکرد، لەمەودوا فەیسبوک هەموو ئەو هەژمارانە دادەخات کە “وێنەی پەیوەندی گەرموگوڕ” بڵاودەکەنەوە بێ مۆڵەتی خاوەنەکانیان، ئەویش بەشێکە لەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایش لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و دەرەوەش.
ئەو ڕێوشوێنە نوێیەی کۆمپانیای فەیسبوک دوای ئەو دێت کە مانگی ڕابردوو، هەواڵی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی نەشیاو و دژ بە مۆڕاڵی گشتی لە نێوان چەند سەربازێکی ئافرەتی ناو سوپای ئەمەریکا لە ماڵپەڕی فەیسبوک بڵاوکرایەوە و چەندین وتەو کۆمنێتی نەشیاویشیان لەسەر نوسرابوو کە زۆربەیان ئاماژەی سێکسی و دوور لە مۆڕاڵی گشتیان تیدا بووە.