لەو رۆژەوەی ئەرتەشی تورک پەلاماری بۆسەر رۆژئاڤا دەستپێکردوە، دوو پرسیاری شۆکهێنەر مێشکی هەموانی مژۆڵکردوە: بۆچی ترەمپ ئەو بڕیارە سەیرەی دا؟ بۆچی شەڕڤانان ئەو بڕیارە سەیرەیان دا؟
رونکردنەوەی بازنەی ململانێکان
بۆئەوەی وێنەکە باشتر رونبێتەوە، پێویستە ئەو هاوکێشە ئاڵۆزە بەوردی شیبکەینەوە کە ئێستا وەک تۆپەڵە لۆکەیەک لە دڕکوداڵی سوریا ئاڵاوە. چەند بازنەیەکی هاوپەیمانی لەسوریادا دروستبون، تا لەو بازنانە تێنەگەین، ناتوانین لەو هەنگاوەی شەڕڤانان بۆ رێکەوتن لەگەڵ رژێمەکەی ئەسەد حاڵیبین.
بازنەی یەکەم: تورکی – قەتەری، ئەردۆگان لەنێوان ساڵانی (2001 بۆ 2013)، موعجیزەیەکی ئابووری لەتورکیا خوڵقاند، ئەمەش هێزێکی وای پێدا لەناوخۆی تورکیادا بتوانێت بەسەر هەردوو قەڵای عەسکەر و دادگاشدا سەرکەوێت. ئەم هەستە وای لەئەردۆگان کرد کەڵکەڵەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مێشکی بدات. بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، دەستی بەجوڵەکرد لەسوریاوە تا لیبیا. بەسەرکەوتنی ئیخوانەکان لەمیسر هێندەی تر خروخۆی تێکەوت، کاتێک چوە سەردانی مورسی هاوفکری لە قاهیرە لەساڵی 2012، بەدرێژایی شەقامەکانی میسر خەڵک بۆ پێشوازیی وەستان و وەک پاڵەوانی سەدە بانگیان دەکرد. ئەم تێڕوانینە لای ئیخوانەکانی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستانیش دروستبوو و لای مەلاکانیان بەپیاوە “دەست بەدەستنوێژەکە” وەسفیان دەکرد. ئەردۆگان وەک پشتگیری بۆ مورسی، 3 ملیار دۆلاری بەقەرز پێدا بۆ بوژاندنەوەی میسر. حساباتی ئەوەی کردبوو کە لە لیبیا و تونس هاوسۆزەکانی دەسەڵات دەگرنەدەست، بەڵام چەرخی فەلەک بەجۆرێک سوڕا، ساڵە وەختی نەهاتەوە کە مورسی لەکودەتایەکدا لابرا و هەموو هێلکەکانی ئەردۆگانیش لەسەبەتەکەی میسردا هاڕەیانکرد. لەو ساتەوەختەی مورسی کەوت، خۆپیشاندان لە مەیدانی تەقسیم سەریهەڵدا. ئەم دوو هۆکارە وای لەئەردۆگان کرد، واز لەخەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی بهێنێت و فریای حاڵی خۆی بکەوێت لەناوخۆدا. بەم حساباتە هەڵەیەی لەسەر میسر، سێ بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەخۆی کرد بەدوژمن، هەر لەسوریاوە تا لیبیا. تاکە وڵاتێک وەک هاوڕێی مایەوە قەتەر بوو، چونکە هەردوولا دەیانویست ئیخوان لەناوچەکەدا ببێتە حاکمڕەوا، کاتێکیش قەتەر بەوهۆیەوە لەساڵی 2017، لەلایەن وڵاتانی دراوسێی گەمارۆی خرایەسەر، تورکیا وەک فریادڕەسێک بەهانایەوە چوو، بۆیە ئێستا لەپرسی لەشکرکێشی سەر رۆژئاڤا، قەتەر تاکە لایەن و پشتیوانی ئەردۆگانە و بەئاشکرا خۆی خستۆتە خزمەتیەوە.
بازنەی دووەم: (وڵاتانی کەنداو) سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین بەسەرۆکایەتی سعودییە دژی ئەم لەشکرکێشییەی تورکیان، لەبەر خاتری کورد نا، بەڵکو بۆ تێکشکاندنی ئەو ئەو هاوپەیمانێتیە دوو قۆڵییەی تورکیا و قەتەرە کە بوەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیان. لەگەڵ ئەوەشدا سعودیە ئەوەی بیرناچێتەوە کە لەکەیسی کوشتنی جەمال خاشقچیدا، چۆن ئەردۆگان زانیاری نهێنی دزەپێدەکرد بۆ دەزگاکانی راگەیاندن تا شانشینی سعودیە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شەرمەزار بکات.
بازنەی سێیەم: ئێران- روسیا- چین- سوریا، لەکاتی توندبونەوەی ناڕەزاییەکان لەسوریا لەساڵی 2012، ئێران بەڵێنیدا کە ناهێڵێت ئەسەد بکەوێت، هەرواش دەرچوو. بۆ ئێران هەر ئەوەندە لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا جێی مەترسییە، ئەو راڕەوە هیلالییە نەشێوێنێت کە تاران دەگەیەنێت بەحزبوڵا لە لوبنان، ئەگەرنا خەنیدەبێت بەلەناوبردنی ئەزمونێکی تری کورد کە چەند وەختە ئەمریکا بوەتە پشتوپەنای. پێشوەختە روسیا و چین، نیەتی ئەوەیان هێناوە دژی هەر پڕۆژەیەک بوەستنەوە کە ئەمریکا لەناوچەکەدا بینایدەکات. روسیا کە درەنگکەوتبوو لەهاتنی بۆ ناوچەکە، ساڵی 2015، بەبێ پرسی ئەمریکا وەک هاوڕێیەکی قەدیمی سوریا، بەهێزی زەمینی و ئاسمانی خۆیکرد بە سوریادا و نەیهێشت داعش لەشورای ئەسەد نزیکببێتەوە.
بازنەی پێنجەم: ئەمریکا- کورد، ئەم هاوپەیمانێتیە کاتێک دروستبوو کە ئەمریکا بۆیدەرکەوت هیچ هێزێک وەک یەپەگە ناتوانێت وەک بەفرماڵ بەوشێوەیە پۆخڵەواتی داعش رابماڵێت، بەهەندێک شەرت و مەرج ئەم هاوپەیمانێتیە پێکهات. ئەوەی لەسەر شەڕڤانان بوو بەزیادەوە ئەنجامیاندا، ئەلحەق ئەمریکاش تا یەکشەممەی رابردوو دریخی نەکرد لەپشتیوانیان. بەڵام ئەم هاوپەیمانێتیە نادرە لەیەکەم رۆژی دروستبونیەوە، وەک دڕکێک وابووە لەژێر نینۆکی تورکیادا، چونکە تورکەکان دەڵێن: ئەگەر خێمەیەک لەئەفریکاش ببینن لەلایەن کوردەوە هەڵبدرێت، دەیڕوخێنن. بۆیە حەوت ساڵی رەبەقە، ئەردۆگان لەگەڵ ئەمریکا خەریکە بۆئەوەی کۆتایی بەو پشتیوانیەی کوردەکان بهێنێت، تا لەکۆتاییدا توانی ترەمپ رازیبکات بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەرۆژئاڤا و هێرش بۆسەر شەڕڤانان.
ترەمپ بۆ ئەو بڕیارەی دا؟
یەکەم: ترەمپ کابرایەکی بازرگانی ملیاردێرە، دەیان ساڵە وەک ئیمپراتۆرێک هەزاران خەڵک لەژێردەستی کاردەکەن. ئەو ئۆباما نیە لەخێزانێکی رەشوڕوتی ئەفریکییەوە هاتبێت و رێز بۆ پاسەوانەکانیشی بنوێنێت. ترەمپ حەوسەڵەی حلکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی سیاسەتی نیە، بەڵام لە شیکردنەوەی قازانج و زیانی بازرگانیدا، شا بەسەپان نازانێت. بۆیە ئەو دەیان کەسەی بەناوی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆی تەعینکراون تاکو یارمەتیبدەن هەڵەی کوشندە نەکات، فایدەی نیە. چونکە ترەمپ هەروەکو شاگردەکانی هۆتێلەکانی حسابیان بۆ دەکات. ئەم رەفتارە بێزارکەرانەی وایکردووە چەندین بەرپرس و هاوڕێی نزیکیشی حەوسەڵەی ئیشکردنیان نەبێت لەگەڵی و وازبهێنن، نزیکترینیان جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا بوو. ئێستا ترەمپ بەهەموو پێوەرەکانی لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە کە توانای عەقڵی لەبڕیاردانی سیاسیی چارەنوسسازدا سنوردارەو لەچەندین شوێندا بەزەقی ئاسایشی وڵات و سەروەری دەستوری پێشێلکردوە، بۆیە هەوڵەکان بۆ لەکارخستنی زۆر بەخەستی چڕبونەتەوە، کە لەمێژوی ئەمریکادا دووجار هەنگاوی لەوجۆرە گیراوەتەبەر، ئەوانیش دی ئەندو جۆنسن و بیل کڵنتۆن. ترەمپ بۆئەوەی سەرنجی ئەو حەملەیە لەسەر ئەم بابەتە لابدات، بەنیازە چەند بڕیارێکی شێتانەی هاوشێوەی کشانەوەی لەسوریا دەربکات.
دووەم، رێکەوتنی نهێنی و دووقۆڵی ترەمپ و ئەردۆگان.
ئایدن دۆغان، گەورە ملیاردێرو بازرگانی تورکیا، مۆڵەتی هەمەکارەی تاوەرەکانی ترەمپی هەیە لەتورکیا، ئەم پیاوە یەکەمین بازرگانە کە گەورەترین رێژەی باج دەداتە حکومەتەکەی ئەردۆگان، گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئایدن رێکخەری ئەم رێکەوتنە دووقۆڵییەی نێوان ئەردۆگان و ترەمپ بوبێت، چونکە ئێستا نزیکترین پیاوی ئەردۆگانە.
ساڵی 2015، لەکاتی خۆئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ستیڤن بانن، کە دواتر بوو بە بەڕێوەبەری کەمپینی هەڵبژاردنەکانی، ترەمپ دەڵێت: ” بەرژەوەندییە بازرگانییەکانم لەتورکیا، وام لێدەکات نەتوانم بەخەیاڵی ئاسوودە مەمەڵە لەگەڵ تورکیا بکەم”. ئەو بەئاشکرا دەڵێت: “من بەرژەوەندی بازرگانیم لەشاری ئەستەنبوڵ هەیە کە دوو تاوەری شوشەن بەناوی تاوەرەکانی ترەمپ، بەڕاستی بسنسێکی سەرکەوتون”.
ئەو تاوەرانەی ترەمپ 37 و 39 نهۆمن و ساڵی 2012 کراونەتەوە، دەکەونە مەجیدیۆکی ناوچەی سیسلی شاری ئەستەنبوڵ، یەکێکیان بینای نوسنگە و ئۆفیسی جۆراوجۆرە و ئەوی دیکەیان شوێنی 200 یەکەی نیشتەجێبونە. لەو ماوەیە ترەمپ لەسەرۆکایەتی ئەمریکایە، بڕی 17 ملیۆن دۆلاری قازانج هەبووە.
پەیوەندی سێقۆڵی ترەمپ-دۆغان- ئەردۆغان لەچەندین بۆنەی دیکەدا دەرکەوتوە، کاتێک ساڵی 2016 ترەمپ قەدەغەی سەفەری خستەسەر هاوڵاتیانی چەند وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان و بە دەوڵەتانی تیرۆر ناویبردن، ئایدن و ئەردۆگان هەڕەشەیان لێکرد کە ناوی لەسەر تاوەرەکان دەسڕنەوە، ترەمپ مانگێک دواتر بۆ دڵدانەوەی دوو دۆستە تورکەکەی، پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆگان نیشاندا لەدژی ئەو کودەتا سەربازیەی لەتورکیا رویدا.
تەنانەت کاتێک ئەردۆگان مانگی مایسی 2017 سەردانی کۆشکی سپی کرد، کۆمەڵێک چالاکوانی کورد لەدژی ئەردۆگان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەلایەن پیاوانی ئەردۆگانەوە زۆر بەخراپی هێرشیانکرایەسەر، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگی 397 ئیدانەی ئەو پەلامارەی کرد، بەڵام ترەمپ نەک هەر دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە، بگرە ئەردۆگانی بەهاوڕێی نزیکی خۆی وەسفکرد و دەرەجەی ئەعلای پێدا لەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیدا.
شەڕڤانان بۆیان ئاشکرابوو کە رۆڵی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی ترەمپ لەسوریادا بۆ هەتایە کۆتاییهات. ترەمپ بەچۆڵکردنی سوریا ئەو چاکەیەی پوتینی سەرۆکی روسیای دایەوە کە یارمەتیدا بۆ سەرکەوتنی لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، هەر 12 سەعات دوای ئەوەی مەزڵوم کۆبانی داوای یارمەتی لە بازنەی (روسیا، ئێران، ئەسەد) کرد بۆ رێککەوتن، پوتین هاتەسەر خەت و وتی: “هەرچی هێزی دەرەکییە بەبێ هەڵاوێردن بۆ دەرەوە”. شەڕڤانان دوو ڕێگەیان لەبەردەم بوو: یەکەم، دانیشتن بەدیار تویتە قۆڕەکانی ترەمپەوەو جینۆسایدکردنیان بەدەستی ئەرتەشی تورک و لەدەستدانی خاک و هاتنەدەرەوە بەدەستی بەتاڵ. دووەم، گواستنەوەی شەڕەکە لەنێوان ئەرتەشی تورک و شەڕڤانان بۆ ئەگەری شەڕی نێوان تورک و بازنەی روسیا-ئێران-سوریا. بەهەڵبژاردنی ئیختیاری دووەم، کورد توانی بۆ یەکەمجار ئەو هاوکێشەیە قڵپبکاتەوە کە بەدرێژایی مێژو زلهێزەکان شەڕیان پێکردوەو لەکۆتاییشدا لەباتی پاداشت، کەوتونەتە سەرزەنشت و لۆمەکردنی. بۆیە پێش ئەوەی مێژوو خۆی دووبارەبکاتەوە، شەڕڤانان بەردێکیان خستەژێر سەری ئەمریکا کە هەتا ماوە دەبێت سەری تەقەی بێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە خودی بەرپرسانی ئەمریکاش وەک کاردانەوەیەک لەهەمبەر سەرۆکە خەڵەفاوەکەیان، بەدڵ دەستخۆشی لەشەڕڤانان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، برێت مەککۆرگ کە نوێنەری پێشوی ئۆباما بو لەشەڕی داعش و لەدژی بڕیارەکانی ترەمپ وازیهێنا، بەخودی فەرماندەکانی شەڕڤانانی گوتوە: من پێشتر باوەڕم وابوو کە نابێت بەحەبلی روسیاوە بچنەناو بیرەوە، بەڵام ئێستا گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە بە گوریسی ئەمریکاوە مەچنەناو بیرەوە”.
ئامادەکردنی:هاوکار حسێن