لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی سزای چەرخی ناوەڕاست.. لەخاچدان‌و سووتاندن‌و بەکۆیلەکردنی سێکسی‌و سەربڕین

سزای چەرخی ناوەڕاست.. لەخاچدان‌و سووتاندن‌و بەکۆیلەکردنی سێکسی‌و سەربڕین

0 تێبینییەکان 110 بینینەکان

لێکۆڵەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داعش بەتاوانبارانی جەنگی نازی دەچووێنێت‌و داوای دادگاییکردنیان دەکات

سەرۆکی تیمی لێکۆڵەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) داوای دادگایی هاوشێوەی سەرکردەکانی نازی لە نۆرمبێرگ کرد بۆ دڵنیاییدان لەوەی قوربانیانی توندڕەوان دەنگیان دەبیسترێت و ئایدۆلۆژیاکانیان «بێبایەخدەکرێت».بۆ ماوەی ساڵێک، کەریم خان کە پارێزەرێکی بەریتانیە، به‌ عێراقدا گەڕاوە لەگەڵ تیمێکی نزیکەی 80 کەسیدا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەو شایەتحاڵان بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناسراو بە یونیتاد.

کەریم خان وتی «چیایه‌ک له‌به‌رده‌مماندایه پێیدا هه‌ڵگه‌ڕێین،» لەکاتێکدا تیمی لێکۆڵینەوە خەریکی شیکارکردنی نزیکەی ١٢ هەزار  جەستەیە لەزیاد لە 200 گۆڕی بەکۆمەڵدا، 600 هەزار ڤیدیۆی تاوانەکانی داعش و 15 هەزار لاپەڕە لە بیرۆکراتیه‌تی گروپەکەوە.

پێنج ساڵ لەمەوبەر، کاتێک داعش کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی خاکی عێراق و سوریای کرد، گروپەکە فەرمانڕەوایی دڕندانەی خۆی سەپاند بەسەر حەوت ملیۆن کەسدا به‌ کارگێڕیی خۆی و خوێندنگە و سەربازانی منداڵ و تەفسیرێکی تووندی ئیسلام و سزای سەدەکانی ناوەڕاست.گروپە کەمینەکان که‌ لەلایەن داعشەوە لەقەڵەمدەدران بە «کافر»یان «شەیتانپەرست»، هەزارانیان لێ کوژران، ئەشکەنجەدران یان کرانه‌ کۆیلە.

خان لەبنکە هەرە ئەمینەکەی یونیتاد لەبەغداوە وتی داعش «گروپێکی شەڕی گەریلایی یاخود یاخیی گەڕۆک نەبوو… ئەوە یەکێکە لەو رەهەندانه‌ی ئاسایی نین» بۆ دادگای نێودەوڵەتی.وتیشی «هیچ تابوویه‌ک نه‌بوو بۆ داعش… کێ بەبیریدا دەهات لە چەرخی 21 لەخاچدان یان سوتاندنی مرۆڤ بەزیندوویی لە قەفەسدا، بە کۆیلەکردن، کۆیلەی سێکسی، فڕێدانه‌ خواره‌وه‌ی خەڵک لە باڵەخانەکانەوە و سەربڕین ببینین؟…هەموو ئەمانەش بە کامێرای تەلەفزیۆن وێنەگیران».

وتی سەرەڕای تۆقێنەرییان، ئەم تاوانانە «نوێ نین». «ئەوەی نوێیە لەداعشدا رەنگە ئایدۆلۆژیاکەی بێت کە وزە دەداتە گروپەکە بەهەمان شێوەی فاشیزم کە وزەی دەدایە بەرنامە تاوانکارییەکانی [سەرکردەی ئەڵمانی نازی] هیتلەر.»

کەمبایەخکردنی ئایدۆلۆژیای داعش

سەرکردە نازییەکان خرانە بەردەم دادگایی سەربازی لە 1945-1946 لە نۆرمبێرگی ئەڵمانیا، له‌سه‌ر کوشتنی نزیکەی شەش ملیۆن جولەکە لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا.لەمڕۆدا نزیکەی هەموو رۆژێک دادگاکانی عێراق ئەندامانی دەستگیرکراوی داعش سزادەدەن ، زۆرجار بەمەرگ، بەڵام قوربانیان لەدادگاکان ئامادە نین و تەنیا تاوان کەبخرێتە بەرباس ئەندامبوونیانە لەداعش.

خان وتی تەنیا ئه‌و دادگاییانه‌ کە تێیاندا بەڵگەو شایەتییه‌کان به‌رده‌ست بن بۆ هەمووان دەتوانن لاپه‌ڕه‌یه‌ک به‌سه‌ر داعشدا هه‌ڵبده‌نه‌وه‌

به‌ئاماژەکرن بە ژیاننامەی هیتلەر وەک مانیفستێک نووسیبووی، خان وتی لەنۆرمبێرگ، «نەدەتوانرا کەس بەجددی وەربگیرێت گەر بنەماکانی ‹خەباتی من›ی لەخۆبگرتایە».وتی «راستیەکەی، زەنگی هۆشداری لەنێو خەڵکدا لێدەدرا گەر کەسێک باوەڕی وابوایە کە بنەماکانی فاشیزم فەلسەفەیەکی سیاسیی بەدیلن.»

بەگوێرەی خان، نۆرمبێرگ «ژەهری فاشیزمی لەلاشەی خەڵکی ئەڵمانیا جیاکردەوە».وتی له‌دوای داعش «عێراق و مرۆڤایەتی پێویستیان بەساته‌وه‌ختی نۆرمبێرگی [داعشە]».

خان وتی دادگاییەکی دادوەرانە بۆ داعش «کە دەتوانێت بەشداربێت لە جیاکردنەوەی ژەهری داعش لەکۆمەڵگەی سوننە«، گروپێکی کەمینە لەعێراق کە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاته‌که‌ شیعەن.

دادگاییەکی داعش دەکرێت «کاریگەرییەکی پەروەردەکارانەی هەبێت، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ ئه‌و بەشانه‌ی دیکەی جیهانیش کە کۆمەڵگەکانیان دەکرێت هەسته‌وه‌ر بن له‌به‌رامبه‌ر درۆو پروپاگەندەکانی داعشدا».خان وتی: «دەکرێت ئەو ئایدۆلۆژیایە کەمبایەخ بکرێت، تا ئەو خەڵکەی کە دەڕوانن… درک بەوە بکه‌ن کە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە که‌ ناموسڵمانترین دەوڵەتمان بینی که‌ تا ئێستاکە هه‌بووبێت.»

لێپێچینەوە لە داعش لە هەموو شوێنێک

یونیتاد کاردەکات بۆ ده‌رخستنی ئەوەی ئاخۆ کارەکانی داعش ده‌کرێت له‌قه‌ڵه‌مبدرێن به‌تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ یاخود جینۆساید، کەجددیترین تاوانەکانن له‌یاسای نێودەوڵەتیدا.

خان وتی «لەدوو مانگی داهاتوودا دەبینین کەماددە دەبەخشینە چەند لێپێچینەوەیەک کە لەهەندێک دەوڵەت لەئێستادا له‌ئارادان.»هەندێک دادگایی دەستیانپێکردووە، ناودارترینیان لەفەرەنسا، بەرامبەر ئەو هێرشانەی داعش لەئەستۆی گرتوون و هه‌روه‌ها لەمیونخی ئەڵمانیا، کەژنێکی ئەڵمانی تۆمەتبارکراوە بەجێهێشتنی کچێکی ئێزیدیی لاوی «کڕدراو» لەبازاڕێکی کۆیلەی داعشدا تا لەتینواندا بخنکێت.

خان وتی بەڵام «عێراق وەرگری سەرەکییمانە بۆ بەڵگەو زانیارییەکانمان».

عێراق هەزاران لەهاوڵاتیانی دەستگیرکراوی خۆی دادگاییکردووە بەتۆمەتی پەیوەندیکردن بە داعشەوەو سەدانیانی بەمەرگ سزاداوە، جا شەڕیان بۆ گروپەکە کردبێت یاخود نا.خان وتیشی «سه‌کۆکه‌ هێنده‌ گرنگ نییه‌« لەبەرئه‌وه‌ی ئەگەری دادگاییەکی نێودەوڵەتی له‌لایه‌ن هەندێکه‌وه‌ باسی لێوەکراوه‌ بەڵام وادیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا روونادات.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە «قوربانیان مافی ئەوەیان هەبێت دەنگیان ببیسترێت».

ئاژانسی فرانس پرێس

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە