مارینالیدا Marinaleda گوندێکی ئیسپانییە، دەکەوێتە باشوری ئەو وڵاتەوەو لەڕوبەری 25 کیلۆمەتردایەو نزیکەی 3 هەزار کەسی تێدا دەژی. ئەوەی ئەو گوندە لەگوندەکانی دیکەی ئیسپانیاو جیهان جیادەکاتەوە، شێوازی بەڕێوەبردنەکەیەتی.
لەوێ بانگەشەی بەڕێوەبردن بەشێوازی سۆشیالیزمییو دروستکردنی دونیا یۆتۆپییەکەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەن.
لەساڵی 1979 گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ بەناوی خوان مانوێل سانچێز گۆردیلۆ Juan Manuel Sánchez Gordillo، وەک شارەدارو سەرۆکی شارەوانی ئەو گوندە هەڵبژێردراو تا ئێستاش لەو پۆستەدایە. گۆردیلۆ توانی سەرکرایەتی ئەو گوندە بکات بۆ دەرهێنانی زەوییەکانی لەژێر دەستی دەرەبەگێکداو بەخشینەوی بەهاوڵاتیانی گوندەکەو دامەزراندنی شێوازی بەڕێوەبردنی سۆشیالیزم لەگوندەکهدا.
گۆردیلۆ ریشێکی ماشو برنجیی هەیەو هەمیشە جامانەیەکی فەڵەستینیی لەملدایە، ئەویش لەسەردانێکی بۆ ئەو وڵاتەدا پێی بەخشراوەو بەڵێنی داوە تا فەڵەستین سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت، ئەو جامانەیە لەملی لانەبات.
لەو گوندەدا سەرجەم خانوەکان هەمانشێوازو بەرزییان هەیە، هیچ خانوەیەک لەیەکێکی دیکە پتر بەئاسماندا نەچوەو خۆشتر دیار نییە. کێڵگەکانی ئەو گوندە، موڵکی کەس نییەو هەمویان بەشێوەی یەکسان کشتوکاڵیان تێدا دەکەن. هەرکاتێک کەسێکی گوندەکە پێویستی بەهاوکاریی ئەوانی دیکە بێت لەکارێکدا، وەک دروستکردنی خانوەیەک، ئەوا هەموان یارمەتیی دەدەن.
هەروەها زۆرینەی ناوچەو کۆڵەنەکانی ئەوێ، ناوی ڕێبەرە سۆشیالیزمییەکانی هەڵگرتوە، وەک جیڤاراو کاسترۆ. جگە لەوەی وێنەکانیشیان لەزۆر شوێندا نەخشێنراون.
هەرچەندە لەشارەکانی باشوری ئیسپانیا ڕێژەی بێکاریی 35%ـە لەتەمەنەکانی نێوان 16-24 ساڵییدایه، بەڵام رێژەی بێکاریی لەمارینالیدا تەنها 5%ـە.
یەکێکی دیکە لەدیاردە نامۆکانی گوندەکە، ئەوەیە کە پۆلیسی نییە. کاتێک پۆلیسەکانی مارینالیدا خانەنشین بون، ئیتر کەسیان بۆ ئەو شوێنە دانەمەزراند. شارەداری گوندەکە گۆردیلۆ، خۆی بەدواداچون بۆ کێشەی هاوڵاتیان دەکات.
لەوێ کرێی کرێکار لەهەر پێگەیەکدا بێو هەر کارێک بکات، مانگانەی 1200 یۆرۆیە. لەدوای ئەوەی لەکشتوکاڵدا قازانجیانکرد، پارەکەی گەڕایەوە بۆ قازانجی گشتییو چەند کارگەیەکیان دروستکرد.
لەدوای کۆتاییهاتنی سەردەمی دیکتاتۆریی ئیسپانیا فرانکۆ، ئەو گوندە بەشێوەی دیموکراسیی راستەوخۆ بەڕێوەدەبرێتو ناودارە بەگوندە سۆشیالیستهکەی ئەوروپا.