ڕاگەیاندراوی دووەمی کەمپینی ‘تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نیە’
لە رۆژی ٢٠١٧/١/٢٥ ئێمەی ژمارەیەک رۆژنامەنوس و پزیشک کەمپینی ‘تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نییە’ راگەیاند. لە ماوەی چەند کاتژمێرکی کەمی کەمپینەکە، سەدان وڵاتیی و رۆژنامەنوس و پزیشک و کارمەندی تەندروستیی و پارێزەر و مامۆستا، پشتگیری خۆیان بۆ کەمپینەکە راگەیاند. لەڕێی ئەم راگەیاندراوەوە، پێمان خۆشە کە سوپاسی هەمویان بکەین و دەستی یەکەیەکی ئەو بەڕێزانە بگوشین کە پشتگیرییان لە کەمپیەنەکە کرد. هەروەها سوپاسی هەمو ئەو میدیا و کەناڵانە دەکەین کە گرنگییەکی کەموێنەیان بە کەمپینەکە دا. ئەمە نیشانیدەدات کە چیتر کێشەی کەرتی تەندروستیی و مەترسییەکانی بەتایبەتکردنی، پرسێکی نوخبەویی نین و بەڵکو بونەتە پرسێکی نیشتیمانیی.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی تەندروستیی بەتوندی کەمپینەکە و ناوەڕۆکی راگەیەندراوی یەکەمی بە “دەنگۆی….بێ بنەما و دوور لە ڕاستیەوە” ناساند. هەروەها وەزارەت دەڵێ: “خزمەتگوزاریی تەندروستیی مافێکی بنەڕەتیی وڵاتییانی هەرێمە و حكومەت و وەزارەتی تەندروستی پابەندن بە فەراهەمکردنی ئەو مافە بۆ وڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەکسانیی.”
ئێمە خۆزگە دەخوازین ئەو وەڵامەی وەزارەت راست بوایە و لەسەر بنەمای واقیعی کوردستان بوایە. بەڵام، ئێمە و خەڵکی کوردستان باش دەزانین کە لەم هەرێمە شتێک نییە بە ناوی مافی تەندروستیەوە. ئەو مافە نە وەکو یاسا هەیە و نە لە سەر ئەرزی واقیع جێبەجێدەکرێت. ئێمە و خەڵکی کوردستانیش باش دەزانین کە پرۆسەی بەتایبەتکردن و بەبازاڕیکردنی کەرتی تەندروستیی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە بەردەوامی هەیە و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە و لە زەمەنی ئەم کابینەیەی حکومەتی ئێستا چڕتر و چالاکتر بوە. بۆ سەلماندنی ئەو قسانەمان، ئێمە لە خەڵکی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی دەپرسین:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبونی وەزیری تەندروستیی و چەندان بەرپرسی حکومەتیی و کەرتی تەندروستیی تەئکیدی کردەوە کە ئەو کەرتە دەدەنە کەرتی تایبەت.
لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتدا زۆر باشتر و زۆرترن لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا. بە جۆرێک وڵاتییان بۆ زۆربەی نەشتەرگەرییەکان دەبێت سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن کە زۆربەی جار لە توانای وڵاتییاندا نییە.
مەسەلەی بەتایبەتکردن خواستێکی سیاسیی هەندێک هێز و کەسایەتیی سیاسییە، وەزارەت دەبێت لە هەموان زیاتر داکۆکیکار بێت لە رێگریکردن لە پڕۆژەیە چونکە ئەوان خۆیان باش دەزانن ئەگەر کەرتی تایبەت بەو جۆرە بەهێز بێت و کەرتی گشتیی تەندروستیی بەردەوام بێت لە پوکانەوە، چ کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
– ئایا رێگەدان بە دروستکردنی سەتان نەخۆشخانەی ئەهلیی کە لانی کەمی ستانداردە تەندروستییەکانیان تێدا نییە بەتایبەتکردن نییە؟
– ئەگەر رێگەدان بە سەتان کۆمپانیای تایبەت بە هێنان و بردن و قاچاخچێتیی دەرمان و تاقیکردنەوەی لەسەر وڵاتییان بەتایبەتکردن و بە بازاڕیکردن نییە لە کاتێکدا پڕۆسەی کڕینی دەرمان دەبێت پڕۆسەیەکی سێنترال بێت و حکومەت خۆی بیکات نەک بیداتە کۆمپانیاکان؟
– ئاخۆ پێدانی موچەیەکی کەم بە پزیشکان و کارمەندان و ناچارکردنیان بۆ پەنابردنە بەر کەرتی تایبەت بۆ زیادکردنی داهاتیان بەتایبەتکردن نییە؟
– ئەگەر دانەمەزراندنی پزیشک و کارمەندی تازەدەرچو و ناچارکردنیان بۆ پەنابردنە بەر کەرتی تایبەت بە بازاڕیکردنی کەرتی تەندروستیی نەبێ ئەی بەتایبەتکردن چۆنە؟
– ئەگەر نەهێشتنی دەرمان لە نەخۆشخانە گشتییەکان و ناچارکردنی نەخۆش بۆ کڕینی لە بازاڕەکاندا بە تایبەتکردن و بە بازاڕیکردنی سیستمی تەندروستیی نەبێ ئەی بەتایبەتکردن چییە؟
– ئێمە داوا لە وەزارەتی تەندروستیی دەکەین وەڵامی یەکێک لەو پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە بۆ ئەوەی هەموو چالاکییەکانمان رابگرین. بەڵام وەزارەت و خەڵکی بەشەرەفی کورستان ئاگاداردەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە دەرخستنی ڕاستیەکان و پەردەهەڵماڵین لەسەر حەزەکانی نوخبەیەکی سیاسیی لە هەرێمدا کە ئەو وەزارەتە و زۆر کایەی تریش دەدەنە کەرتی تایبەت. ئێمە بە هەمو تواناکانمانەوە هەوڵدەدەین ریفۆرم لە سیستەمی تەندروستییدا بکرێت لە خزمەتی نەخۆش و کەرتی حکومەتیی هێندە بەهێز بێت وڵاتییان پێویستییەکی ئەوتۆیان بە نەخۆشخانە تایبەتەکان نەبێت، کە بەداخەوە ئێستا بەپێچەوانەوەیە.
کەمپینی ‘تەندروستیمان بۆ فرۆشتن نییە’
2.2.2017