لیۆن ترۆتسكی
و. پێشڕەو محەمەد
بەشی یەكەم:
بەجارێك دوو خەسارەى قورسمان لێكەوتووە، كە بەیەكەوە، كارەسات و موسیبەتێكی گەورەن. دوو ڕابەر، كە ناویان بۆ ئەبەد لە كتێبی گەورەى شۆڕشی پرۆلیتاریادا دەمێنێتەوە، ئەوان لە ڕیزەكانمان دەركران و لەخوێن گەوزێنران.
ناوی كاڕڵ لیبكنیخت، ئەگەرچی پێش ئەم كارەساتە، ناوێكی ناسراوبوو، ڕاستەوخۆ لە یەكەم مانگەكانی كوشتاری ترسناكی ئەوروپا، دەنگدانەوەیەكی جیهانی لێكەوتەوە؛ و وەك ناوێكی گەورە و مەزنی شۆڕشگێڕ، وەك بەرپرس و پابەندێك بۆ سەركەوتن، دەنگی دایەوە. لە یەكەم حەفتەكاندا، لەو كاتەى میلیتاریزمی ئەڵمانیا لە ئەنجوومەنە خۆشگوزەرانییەكانی خۆیدا جەژن و خۆشی بۆ یەكەم سەركەوتنە شەیتانییەكەى خۆی دەگێڕا؛ لەو حەفتانەى هێزەكانی ئەڵمانیا وەك تۆفان بەلجیكایان گرتەوە، و سەنگەرەكانی بەلجیكایان وەك ماڵی قوتیلە لەسەر ڕێگاكە فڕێدەدا؛ ئەو كاتەى تۆپی 420 میلی مەتری ئەڵمانیا، هەڕەشەیەك بوو بۆ بەكۆیلەكردن و وێرانكردنی كۆى ئەوروپا تا شەخسی ڤیلهێلم؛ لەو ڕۆژ و حەفتانەدا كە سۆسیال دیموكراسیی ڕەسمیی ئەڵمانیا بەڕابەرایەتیی شایدمەن و ئوبەرت، ئەژنۆى نیشتمانپەرستیی خۆیان لەبەردەم میلیتاریزمی ئەڵمانیادا نوشتاندەوە؛ ئەو كاتەى لانیكەم پێدەچوو هەموو شتێك – چ لە دونیای دەرەوەدا (بەلجیكا ژێرپێ خراوە و فەڕەنسا بە بەشی باكوورییەوە لەلایەن ئەڵمانەكانەوە داگیركراوە) و دونیای ناوەوە (نەك تەنها یونكەرەكان، نەك تەنها بۆرژوازیی ئەڵمانیا، نەك تەنها چینی ناوەڕاستی شۆڤێنیست، بەڵكو پارتی بەڕەسمیی ناسرای چینی كرێكاری ئەڵمانیا) – لەبەرانبەر میلیتاریزمی ئەڵمانیادا خۆى تەسلیم دەكات؛ لەو ڕۆژە تاریكانەدا، لە ئەڵمانیا، هاواری سەركێشیی ناڕەزایەتیی، توڕەیی و ڕق دەستی پێكرد؛ ئەمە دەنگ و هاواری كاڕڵ لیبكنیخت بوو. و ئەم هاوارە لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە!
لە فەڕەنسا، ئەو شوێنەى فەزای جەماوەر لەو كاتەدا خۆى لەژێر پاژنەى كوشتاری ئەڵمانیادا بینییەوە؛ ئەو شوێنەى حزبی باڵادەستی سۆسیال-پاتریۆتەكانی فەڕەنسا زەروورەتی خەباتی پرۆلیتاریای نەك بۆ ژیان بەڵكو بۆ مەرگ ڕاگەیاند (و بەدەربڕینێكی دیكە، ئەو كاتەى “هەموو خەڵك”ی ئەڵمانیا بۆ داگیركردنی فەڕەنسا هەلهەلەیان لێدەدا!)؛ تەنانەت لە فەڕەنسا، هاواری لیبكنیخت، دەنگدانەوەى هۆشداری و هۆشیاری بوو؛ [ئەم هاوارە] سەنگەرەكانی درۆ، فێڵ و تەڵەكە و ترسی دەتەقاندەوە. دەكرا هەست بەوە بكەین لیبكنیخت بەتاقی تەنها دەنگدانەوەی جەماوەری بێدەنگ بوو.
وێڕای ئەوە، لەڕاستیدا، تەنانەت ئەوكاتەش، ئەو بەتەنها نەبوو؛ ئەو لەیەكەم ڕۆژی جەنگدا، هاوشانی خۆى، ڕۆزا لۆكسمبۆرگی ئازا، پێداگر و قارەمانی لەگەڵ بوو. ناقانوونیی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیی ئەڵمانیا، ڕێگای ناڕەزایەتیی لە تریبۆنی پەرلەمانی نە بە ڕۆزا دا و نە بە لیبكنیخت، و لە ئەندامجا هاواری ڕۆزا كەمتر بیسترا. بەڵام ڕۆڵی ئەو لە بێداركردنەوەى باشترین ڕەگەزەكانی چینی كرێكاری ئەڵمانیا، هەرگیز كەمتر نەبوو لە هاوڕێی خەبات و مەرگی ئەو، كاڕڵ لیبكنیخت. ئەم دوو خەباتگێڕە كە لە سروشتدا جیاواز، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر نزیك بوون، تەواوكەری یەكتریش بوون، سەرسەختانە بەرەو ئامانجێكی هاوبەش هەنگاویان دەنا، لە تەنیشت یەكتریدا ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە و هاوشانی یەكتر پەیوەندییان بە مێژووەوە كرد.
كاڕڵ لیبكنیخت نیشانەى بەرجەستەبوونی حەقیقی و كامڵی شۆڕشگێڕێكی سەرسەخت بوو. لە دوایین ڕۆژەكان و مانگەكانی ژیانی ئەودا، گەلێك ئەفسانەى لەڕادەبەدەر لەدەوروی ناوی ئەو كۆبوونەتەوە: قێزەونترین لە چاپەمەنییەكانی بۆرژوازیدا و حەماسیترینیشیان بووەتە وێردی سەرزمانی جەماوەرانی كرێكار.
كاڕڵ لیبكنیخت لە ژیانی تایبەتی خۆشیدا – بەڕاستی! – هەمان نموونەى باشی، خاكەڕایی و برایەتیی بوو. 15 ساڵ پێشتر یەكەمجار ئەوم بینی. پیاوێكی سەرنجڕاكێش، وریا و دڵسۆز بوو. دەكرێت بڵێین جوانییەكی بەڕادەیەك ژنانە، بەباشترین مانای وشەكە، خەسڵەتی كەسایەتیی ئەو بوو. لەگەڵ ئەم جوانییە ژنانەییەى خۆیدا، بە دڵێكی ئاوارتەى پڕ لە ئیرادەى شۆڕشگێڕیی بۆ خەبات تا دوایین دڵۆپی خوێنی خۆى بۆ ئەوشتەى بە ڕاست و دروستی دەزانی، جیادەكرایەوە. سەربەخۆیی مەعنەویی ئەو، پێشتر لە سەردەمی لاوێتیی ئەودا دەركەوت، ئەو كاتەى زیاتر لە جارێك بۆ بەرگریكردن لە عەقیدە و بیروبۆچوونەكانی، لە بەرانبەر متمانە و ئیعتیباری بێ چەند و چوونی “ئۆگۆست بیبڵ”دا دەستی بەڕیسك كرد. چالاكیی ئەو لەنێوان لاوان و خەباتی ئەو لەدژی ئامێری سەربازیی “هۆهن تسولێرن” نیشانەى ئازایەتیی مەزنی ئەو بوو. دواجار ئەو كاتێك ئاست و ئەندازەى كامڵی خۆى دۆزییەوە، كە كۆى فەزاكەى ئاوس بوو بە هەوای ژەهراویی شۆڤینیزم. ئەو زەمەنێك حەجم و ئەندازەى خۆى دۆزییەوە كە وەك سەرباز، ئاڵای یاخیبوونی بەئاشكرا دژی بۆرژوازیی و میلیتاریزمی لە مەیدانی “پۆتسدام”ی بەرلین بەرزكردەوە. لیبكنیخت دەستگیركرا. زیندان و كاری قورس، ڕۆحیەت و ئەنرژی ئەوی نەكوشت. ئەو لە ژووری زیندانی خۆیدا چاوەڕوان بوو و بە یەقینەوە پێشبینیی كرد. لیبكنیخت كە لەگەڵ شۆڕشی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو [1918] ئازادكرا، بەجارێك لەسەرەوەى باشترین و پێداگرترین ڕەگەزەكانی چینی كرێكاردا وەستا. سپارتاكوس، خۆی لە ڕیزی سپارتاكیستەكاندا بینییەوە و بە ئاڵاكەى لەنێو دەستەكانیدا، گیانی بەخت كرد.
ناوی ڕۆزا لۆكسمبۆرگ، لە وڵاتانی دیكەدا كەمتر ناسراوە، نەك بۆ ئێمەى ڕووسیا. بەڵام بە یەقینێكی كامڵەوە دەتوانین بڵێین ئەو هەرگیز ڕووخسارێكی كەمتر نەبوو لە لیبكنیخت. بەژن و باڵایەكی كورت، ناسك، نەخۆش، بە دەماری ڕەسەنایەتیی لە ڕووخساریدا، چاوانی جوان و زەینێكی درەوشاوە؛ هەموو كەسێك بە بینینی ئازایەتیی بیكردنەوەى ئەو دەپەشۆكا. ئەو چەندە بەسەر ئەندامانی جەستەى خۆیدا زاڵ بوو، هێندەش زاڵبوو بەسەر میتۆدی ماركسیستیدا؟ دەكرێت بڵێین ماركسیزم لە دەمارەكانیدا دەهات و دەچوو.
گوتوومە ئەم دوو ڕابەرە، بە سروشتی ئێجگار جیاوازەوە، تەواوكەری یەكتر بوون. دەمەوێت جەخت لەسەر ئەم خاڵە و ڕوونی بكەمەوە. ئەگەر خەسڵەتی كەسێكی شۆڕشگێڕی سەرسەختی وەك لیبكنیخت، وانیی ژنانەى ئەو بوو لە ڕەفتارە شەخسییەكانیدا، لەلایەكی دیكەوە، خەسڵەتی ئەم ژنە ناسكە، دەسەڵاتی پیاوانەى بیركردنەوەى ئەو بوو. فێردینان لاسال جارێك باسی لە دەسەڵاتی فیزیكیی بیركردنەوە، لە دەسەڵاتی فەرماندەیی كۆشش و تەقەلای لە زەمەنێكدا كردووە كە بەڕواڵەت بەسەر بەربەستە مادیی و ماترییالیەكانی بەردەمیدا زاڵ دەبێت. ئەمە ڕێك هەر ئەو هەستەیە كە لەگفتوگۆكردن لەگەڵ ڕۆزا، خوێندنەوەى وتارەكانی، یان گوێگرتن لە وتاربێژییەكانی لە تریبۆندا دژی دوژمنانی، پێی دەگەیت. ئەو دوژمنێكی زۆر زۆری هەبوو! لەبیرمە كە چۆنچۆنی، بەگومانی خۆم لە كۆنگرەى “یەنا”، هاواری بەرزی ئەو، پتەو وەك ئاسمان، ناڕەزایەتییە شێتئامێزەكانی ئۆپۆرتۆنیستەكانی باڤاریا، بادن و شوێنەكانی دیكەى تێكدەشكاند و دزەى دەكردە نێو دڵ و دەروونیانەوە. ئێستا ئەوان ڕقیان لە ڕۆزا بوو! و چەندە ئەویش ڕقی لەوان بوو! ئەو بە بەژنی بچووك و ناسكی خۆیەوە، پلاتفۆرمی كۆنگرەى وەك بەرجەستەكردنی شۆڕشی پرۆلیتاریا بەرزكردەوە. ئەو بەهێزی لۆژیك و هێز و توانای گاڵتەئامێزی خۆى، دەست لەسەرسینەترین دوژمنانی خۆی بێدەنگ دەكرد. ڕۆزا دەیزانی بە چ شێوەیەك ڕقی لە دوژمنانی پرۆلیتاریا بێت و ڕێك بەم هۆیەوە، دەیزانی چۆنچۆنی ڕقی ئەوانیش بەرانبەر بەخۆى بوروژێنێت. ئەوان هەر لە سەرەتاوە ڕۆزایان ناسیبوو.
ڕۆزا لۆكسمبۆرگ، هەر لەیەكەم ڕۆژەوە یان لەیەكەم سەعاتەكانی جەنگدا، كەمپینێكی دژی شۆڤینیزم، شەهوەتی نیشتمانپەرستیی، هەڵبەز و دابەزی “كاوتسكی” و “هیسە” و دژی سەنتەریستەكان؛ و بۆ سەربەخۆیی شۆڕشی پرۆلیتاریا، ئەنتەرناسیۆنالیزم و شۆڕشی پرۆلیتاریی، بەگەڕخست.
بەڵێ، ئەم دووانە تەواوكەری یەكتربوون!
ڕۆزا لۆكسمبۆرگ بەهێز و دەسەڵاتی بیركردنەوەى تیۆریانەى خۆی و توانای لە تێگەیاندن و بەئاسانی شیكردنەوەى بابەتەكان، یەكەوڕاست باڵاتربوو نەك تەنها لە نەیارەكانی بەڵكو لە یار و هاوڕێكانیشی. ئەو ژنێكی بلیمەت بوو. جۆش و خرۆش، وردبینی، تیژبینی و ڕاشكاوبوون و بێ پەردەبوونی ئەو، هەمیشە وەك ئاوێنەى تەواوی دەركەوتنی بیركردنەوەى ئەو دەمێنێتەوە.
لیبكنیخت تیۆریزەكەر نەبوو؛ ئەو پیاوی عەمەل بوو. ئەو خاوەن سروشتێكی خێرا و هەستیار، هۆشیارییەكی سیاسیی بێ وێنە، ئاگاییەكی بەرز لە جەماوەر و بارودۆخ، و دواجار شەهامەتێكی بێ ڕكابەر لە پراكتیكی شۆڕشگێڕی بوو.
شیكیاری بارودۆخی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، كە ئەڵمانیا دوای 9ی نۆڤەمبەری 1918، خۆی لەو دۆخەدا بینیبووەوە، و هەروەها دەستبردن بۆ پێشبینییەكی شۆڕشگێڕی، دەیتوانی و دەبوو پێش هەر كەسێك، لەلایەن ڕۆزا لۆكسمبۆرگەوە بخرێتەڕوو. ئەوسا بانگكردن بۆ هەنگاوی ڕاستەوخۆ، و لە ساتێكی دیاریكراودا، ڕاپەڕینی چەكداری، بە ئەگەرێكی زۆرەوە، لەلایەن لیبكنیشتەوە دەخرایەڕوو. ئەوان، ئەمە باشترین تەواوكەری ئەم دوو خەباتگێڕە بوو.
لۆكسمبۆرگ و لیبكنیخت، ئەم ژنە سەرسەختە شۆڕشگێڕە و ئەم پیاوە شۆڕشگێڕە ماندوونەناسە، هێشتا لە زیندان نەهاتبوونە دەرەوە، كە دەستیان لەناو دەستی یەك نابوو؛ ئەوان پێكەوە لەسەرەوەى باشترین ڕەگەزەكانی چینی كرێكاری ئەڵمانیا، سەفەریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەباتەكان و ئەزموونە تازەكانی شۆڕشی پرۆلیتاری دەستپێكردبوو. لەیەكەم هەنگاوەكانی ئەم ڕێگایەدا، لێدانێكی خیانەتكارانە لە ڕۆژێكدا ئەوانی گەوزانی خوێنكرد.
بێگومان كۆنەپارێزی نەیتوانیوە دیارتر و بەرجەستەتر لەم قوربانیانە، قوربانییەكی دیكەی هەڵبژاردبێت. سەیر لێدانێكی یەكلاكەرەوە! هێندە جێگای سەرسوڕمان نییە! كۆنەپارێزی و شۆڕش بەباشی یەكتریان دەناسی، بەجۆرێك كە لەم بارەوە، كۆنەپارێزی لەپشتی ماسكی ڕابەرانی پێشووی پارتی پێشووی چینی كرێكار، واتا “شایدمەن” و “ئوبەرت”ـەوە هاتبووە دەرەوە كە ناویان بۆ ئەبەد لە كتێبی ڕەشی مێژوودا وەك ناوی شەرمەزاركەری ڕێكخەری سەرەكیی ئەم كوشتنە خیانەتكارانەیە دەمێنێتەوە.
ماویەتی
(لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی لێكۆڵینەوەى سۆسیالیستیی-كوردستان)