جارێکى تر ڕێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ “هیومان ڕایتس وۆچ” ڕەخنەى لە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان گرت و دەڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆرجار شانازی بە دەستکەوتە دیموکراسییەکانیان دەکەن، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە.
ڕەخنەکانى هیومان ڕایتس وۆچ لە هەرێمى کوردستان لەسەر دۆسییەى دەستگیرکردنى عیسا بارزانییە کە لە چوارى ئابى ڕابردووەوە دەستگیرکراوە و تائێستا چارەنووسى نادیارە.
هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکى لەسەر دۆسییەى عیسا بارزانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوایکردووە دەزگای پاراستن عیسا بارزانى ئازاد بکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، عیسا بارزانى لەسەر ڕەخنەى ئاشتیانە لە پارتى دیموکراتى کوردستان و بڵاوکردنەوەى وێنەى خۆى لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و جەلال تاڵەبانى دەستگیرکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە خێزانەکەیان وتووە بەهۆى ڕەخنەگرتن لە پارتى و بنەماڵەى بارزانییەوە عیسا بارزانییان دەستگیر کردووە.
جۆ ستۆرک جێگرى بەڕێوەبەرى ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڵێت پێویستە دۆستەکانى هەرێمى کوردستان هەڵوێستەیان هەبێت لەسەر ئەم جۆرە ڕووداوانە و فشار بکەن بۆ فراوانکردنى دەرفەتى ئازادى رادەربڕین.
وتیشی ئەگەر چی بەردەوام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان باس لە ڕێزگرتنیان لە ئازادى ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن دەکەن، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و دەزگای هەواڵگرى سەربە پارتی دژایەتی ڕەخنەی ئاشتیانە دەکات.
عیسا بارزانی دانیشتوی گوندی بارزانە و پێشتر کادریێکی پارتی بووە و لە سوپای بارزان پێشمەرگە بووە، بەڵام دواتر بەهۆی نزیکی لە بزوتنەوەی گۆڕان لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، بەپێى زانیارییەکانیش لە ئێستادا کادری یەکێتی نیشتیمانى کوردستانە.
پێشتر ئێن ئاڕ تی بەدواداچونی بۆ دۆسییەى دەستگیرکردنی عیسا بارزانی کرد بەڵام ئاسایشی پارتی ڕەتیکردەوە، کە لای ئەوان دەستگیرکرابێت.
یەکێک لە خزمەکانی عیسا بارزانى لە ڕاپۆرتەکەى هیومان ڕایتس وۆچدا ئاماژەى بەوەکردووە، دەزگاى پاراستن عیساى لە شارۆچکەى مەسیف دەستگیرکردووە لە نزیک شوێنى مانەوەى سەرۆکى هەرێم.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ تۆمەتێکیان ئاراستەی عیسا نەکردووە و ڕێگەشیان بە خانەوادەکەی نەداوە لە زیندان سەردانی بکەن.
شیروان شێروانی هاوڕێی عیسا بارزانی و سەرنوسەری گۆڤاری باشور کە گۆڤارێکی سیاسی ڕەخنە ئامێزە و لەناوچەى بادینان دەردەچێت لە ڕاپۆرتەکەدا قسەى کردووە و وتویەتى عیسا لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا پێی ڕاگەیاندووە کە دەزگای پاراستنی پارتی هەڕەشەیان لێکردووە کە چیتر ڕەخنە لەو پارتە نەگرێت، وتیشی هەر کاتێک مۆبایلەکەی داخرا، ئەوا ئاماژەیەکە بۆ دەستگیرکردنی لەلایەن دەزگای پاراستنەوە.
دەستگیرکردنى عیسا بارزانى تەنها دۆسییە نییە کە ڕووبەڕووى ڕەخنەى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، بەڵکو لە ماوەى ڕابردوودا چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکى مەدەنى لە سنورى پارێزگاى دهۆک دەستگیرکراون وەک سەید ئەکرەم بەڕێوەبەرى پێشووى ئاسایشى گومرگى ئیبراهیم خەلیل و شێروان شێروانى و سەباح ئەتروشى و چەند ڕۆژنامەنووسێکى دیکە.