مەریوان حەسەن
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، ئەوەش وایکردووە کە ژیانێکی کۆمەڵایەتیانە بباتە سەر، نەک تەنها ئەندامانی خێزان بەڵکو لە دەرەوەی خێزانەکەی و لە کار و پیشە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا هاوڕێ و دۆست بۆ خۆی بدۆزێتەوە و کەم کەس هەیە، بتوانێت بەبێ هاوڕێ بژی، تەنانەت گەر هەشبێت بە کەسێکی نامۆ و گۆشەگیر دەناسرێت.
هاوڕێ و هاوڕێیەتی بەشێکی گرنگی ژیانی تایبەتی هەموومان داگیردەکەن، زۆربەمان نهێنی و حەز و ئارەزووەکانمان زیاتر بۆ هاوڕێکانمان باس دەکەین، تا ئەندامانی خێزان، بۆیە پاراستنی هاوڕێیەتی و گرنگیدان بە هاوڕێ یەکێکە لە پێداویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان.
چەند بنەمایەکی گرنگ هەن کە پێویستە لە هاوڕێیەتیدا ڕەچاوی بکەین لە پێناو پەیوەندییەکی سەرکەوتووانە لەگەڵ هاوڕێکانت.
هاوسەنگیی تەمەن
مەرج نییە هاوڕێکانت هاوتەمەنت بن بە ڕۆژ و ساڵ و مانگ، بەڵام جیاوازی زۆری تەمەن لەنێوان خۆت و هاوڕێکەت کێشە بۆ شێوازی مامەڵە و پەیوەندی هاوڕێیانەت دروست دەکات، بۆ نموونە ئێمە باشتر مامەڵە لەگەڵ هاوڕێیەکمان دەکەین کە شەش ساڵ جیاوازی تەمەنمان هەبێت تا کەسێک کە زیاتر لە ١٠ ساڵ جیاواز بێت، هاوسەنگی تەمەن یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی هاوڕێیەتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بێگومان هاوسەنگی تەمەن بە مانای یەکسانی تەمەن نایەت.
پیشە
هاوپیشەیی دەکرێت بنەمایەکی گرنگ بێت بۆ هاوڕێیەتی و دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی، زۆربەی هاوڕێکانمان لە کار و پیشەی خۆمانەوە نزیکن ئەگەر هەمان پیشەیان نەبێت بۆیە ئەمە بنەمایەکی گرنگە و پەیوەندی هاوڕێیەتی سەرکەوتوو تر دەکات، بوونی پەیوەندی هاوڕێیەتی لە کار و پیشەدا کەشێکی لەباری دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات و فشارەکانی ڕۆژانەش کەمتر دەکاتەوە.
ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی بگرە
هەر کەسێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر هاوڕێیەکمان کەسایەتییەکی تایبەتی خۆی هەیە لە بۆچوون، حەز، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی هەیە دەبێت ڕێز لە بۆچوون و تایبەتمەندییەکانیان بگریت تەنانەت ئەگەر لە تۆش جیاوازتر بن، هەرگیز بە ناشیرینی باس لە شتێک مەکە، کە جێگای ڕەزامەندی یان حەز و ویستی ئەو بێت، چونکە ڕاستەوخۆ جۆرێک لە لێدانە لە کەسایەتی و بریندارکردنی.
گرنگیپێدان
هەوڵبدە بە پێی پێویست و بوونی کات، گرنگی بە هاوڕێکانت بدە، ئەگەر ئیشوکار و ژیانی ڕۆژانە زۆر سەرقاڵیان کردوویت ئەوا هۆیەکانی پەیوەندیکردن هەموو جۆرە بەسەرکردنەوەیەکیان ئاسان کردووە، ئاگاداری خۆشی و ناخۆشییەکانی بە، بە پەرۆشەوە لە کاتی ناخۆشییەکاندا لەگەڵی بە، با هەست بکات کە هاوسۆزی ئەویت و ئەویش هەست بە گرنگی خۆی بکات لەلای تۆ، هەرگیز بە جۆرێک ڕەفتار مەکە هاوڕێکەت وا هەست بکات تەنها لە کاتێکدا کە ئیشت پێیەتی بیرت دەکەوێتەوە، چونکە ئەوکات بەرژەوەندی دەبێتە بنەمای پەیوەندییەکەتان نەک هاوڕێیەتی و پەیوەندی دۆستانە، بۆیە ئەگەر بە تەلەفۆنیش بێت بەردەوام بەسەری بکەرەوە.
خاڵە هاوبەشەکانت لەبیربێت
هەمیشە هەوڵی بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکانت بدە لەگەڵی، بێگومان بە هاوڕێکەت خاوەنی هەرجۆرە کەسایەتییەک بێت لەگەڵ تۆ چەند خاڵێکی هاوبەشی هەیە، بەردەوام پێداگربە لەسەر بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکانت کەمتر ئەو جیاوازییانە زەق بکەرەوە یان باس بکە لەگەڵ تۆ هەیەتی، ئەگەر هەستت کرد ڕەفتارێکی نا باو یان نەگونجاو لە هاوڕێکەتدا هەیە، هەمیشە بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ هەوڵی گۆڕینی بدە نەک ڕاستەوخۆ، لە قسەکردندا دیپلۆماسی بە، زۆرجار ڕوونی و ڕاشکاوی زیان بە پەیوەندیی هاوڕێیانەت دەگەیەنێت.
توێژەری دەروونی