دەروونناس: سامان سیوەیلی:
زۆرجار ئەم پرسیارە بۆتە مایەی مشتومڕ و تێڕامانی دەروونناسان و کۆمەڵناسان، تەنانەت بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی دروست زۆرێک لە توێژەران کردوویانە بە بەشێک لە تەوەری توێژینەوەکانیان. یەکێک لەو توێژینەوانەی لەمبوارەدا ئەنجامدراوە لەلایەن (ناوەندی توێژینەوەی خێزانی) لەشاری (دویسلدۆرف) ی ئەڵمانی بووە، گرنگترین ئەو دەرئەنجامانەی توێژینەوەکە بەدەستی هێناوە ئەمانە بووە:
١-ئافرەتان باڵیان بەسەر بیرکردنەوەی (٩٥%) ی پیاواندا کێشاوە لە قۆناغەکانی (بیستەکان، سییەکان، چلەکان)ی تەمەنیاندا، بەجۆرێک لەهەر خولەکێکدا (٦) چرکە ئافرەتان زاڵ دەبن بەسەر بیرکردنەوەی پیاواندا.
٢-بەشێک لەپیاوان دەست لەمێبازێتی هەڵناگرن هەرچەندە دووچاری ئازار و کێشەش بووبنەوە بەهۆیەوە، هەربۆیە (٦٦%) ی پیاوان دووچاری ئالوودەبوون بوون لەسەر ئافرەت.
دەربارەی وەڵامی پرسیارەکە و ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە، ناتوانین خەسڵەتی ناپاکی بخەینە پاڵ ڕەگەزێک و ڕەگەزەکەی تری لێ بێبەری بکەین، چونکە لە فۆرمە هەرە باوەکەیدا ناپاکی هاوسەری لەنێوان دوو کەس یان دوو ڕەگەزی جیادا ئەنجام دەدرێت. پیاوان بەسروشتی خۆیان ناپاک نین، بەڵام بەسروشتی خۆیان ئارەزووی فرە پەیوەندێتی دەکەن لەگەڵ چەند ئافرەتێکدا لەیەک کاتدا، زۆرینەی پیاوان وادەبینن کە تەنها یەک ئافرەت بەشیان ناکات، ئەمە یەکێکە لە جیاوازیە سەرەکیەکانی نێوان هەردوو ڕەگەز، ئافرەتان لەچوارچێوەی پەیوەندیەکانیاندا هەست و سۆزەکانیان ئاڕاستەیان دەکات، بەڵام پیاوان پاڵنەرە سێکسییەکەیان ئاڕاستەیان دەکات و زیاتر هەستەکانیان دەبەخشنە پیشە و بەرنامەکانیان بۆ ئاییندە.
ئافرەتان مافی خۆیانە و پێویستە لەسەریان کە هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ بەرگریکردن لە هاوسەر و خێزان و منداڵەکانیان، هەروەها پێویستە لەسەریان بەهەمان چەکی ئەوان بەرهەڵستی ئەو ئافرەتانە بکەن کە بوونەتە هاوبەشی ئەوان و کێبەرکێیان دەکەن لەبەدەستهێنانی خۆشەویستی هاوسەرەکانیاندا.
کە دەڵێین پیاوان مەبەستمان لە زۆرینەی ڕەها نیە، بەڵکو پیاوانی پابەندگیریش بە ژیانی خێزانی و بە هاوسەرەکانیانەوە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆی گشتی پیاوان پێکدەهێنن، بەڵام زۆرینە لەپیاوان بێباکانە لەئاست سۆز و خۆشەویستی و پابەندبوونی هاوسەرەکانیانەوە بەژیانی هاوسەری، مامەڵەدەکەن، ئەو زۆرینەیە لەپیاوان حەز بەگۆڕینی ئامانجە سێکسییەکانیان دەکەن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، بەوپێودانگەش بەشێکی بەرچاویان پەنابردن بۆ ناپاکی هاوسەری بەشانازی و پیاوەتی لەقەڵەم دەدەن.