لە قوتابخانەیەکی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران، ژمارەیەک خوێندکار لەبەردەم لایتی شەحندا وانە دەخوێنن، ئەو خوێندکارانە داوا لە حکومەت دەکەن کارەبایان بۆ دابین بکات.
موسا داود بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی سیدەکانی کچان دەڵێت، نەبوونی کارەبا کێشەی بۆ خوێندکاران و ئیدارەی قوتابخانەکەیان دروستکردوە دەشڵێت “ئەو سێ ڕۆژەی دەوامی بەیانیان دەکەین کێشەمان کەمترە، بەڵام سێ ڕۆژ بە دوانیوەڕوان دەوام دەکەین و سەر لە ئێواران پۆلەکانی قوتابخانەکە تاریک دەبێت و بەجۆرێک ناتوانرێت بەباشی وانەکان بخوێندرێت”.
بەوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ناتوانن وانەی کۆمپیوتەر بەشێوەی کرداری بخوێنن بەهۆی نەبوونی کارەباوە.
سەبارەت بە دۆخی کەش و هەوانی ناوپۆلەکانیش بەڕێوبەری قوتابخانەکەی سیدەکان وتی “کارەبا نییە بۆ ئەوەی سپلیتەکانمان بەکاربهێنین و سوپای نەوتی پێویستیشمان نییە کە بەکاری بهێنین.
یەکێک لە گرفتەکانی دیکەی ئەو قوتابخانەیەش ئەوەیە کە ناتوانن کاروباری کارگێڕی بەشێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدەن و نوسراوەکان بەشێوەی فەرمی دەربکەن چونکە ئامێرەکانیان بەهۆی بێ کارەباییەوە کارناکەن.
قوتابیان و هاوڵاتیانی ناوچەکەش داواکارن کارەبای زیاتریان بۆ دابین بکرێت، چونکە ناوچەکەیان سەرسنوورە و ناوچەیەکی کوێستانی ساردە.
ئا: نزار سیدەکانی