نادیه موراد کچە رزگاربوی دەستی داعش‌و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌رده‌م دۆناڵد تره‌مپ-دا رایگەیاند، به‌هۆی ململانێی هەردو حكومه‌تی هەرێمی كوردستان‌و عێراقه‌وه ئێزیدییه‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
ئێواره‌ی رۆژی چوارشەممە(١٧\٧\٢٠١٩)، دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی له‌كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ئاینه جیاجیاكانی ئه‌مریكا كرد، له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا نادیه موراد یه‌كێك بو له‌و كه‌سانه.
تره‌مپ بهوردیو به‌وریاییه‌وه گوێی له‌قسه‌كانی نادیه موراد گرت. له‌قسه‌كانیدا نادییه موراد وتی، “من له‌عێراقه‌وه هاتوم، كه داعش له‌ساڵی 2014 هێرشیكرده سه‌رمان كه‌س به‌رگریی لێنه‌كردین. شه‌ش خۆشك‌و دایكم –یان كوشت، هه‌روه‌ها 11 ژنی براكانمو برازا‌و كه‌سوكارم ده‌ستگیركران‌و بران”.
وتیشی، “هه‌تا ئێستا زیاتر له‌سێ هه‌زار ژنی ئێزیدی بێ سهروشوێننو تا ئێستا چاره‌نوسیان نادیاره”.
نادیه موراد ئەوەشی وت، “چاره‌نوسی ئه‌و بێ سهروشوێنانه نیگه‌رانی كردوین، راسته داعش له‌ناوچه‌كه‌ماندا بونی نه‌ماوه، به‌ڵام تائێستا چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌مان نه‌كراوه‌و نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كه‌مان، چونكه هه‌ریه‌ك له‌حكومه‌تی كودستانو حكومه‌تی عێراق له‌ململانێدان كامیان بتوانن ناوچه‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.”
چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی تره‌مپ له‌په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌ی “ئازادی ئاینی”دا، هات كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له واشنتۆن بۆ 100 كه‌سایه‌تی‌و خاوهنكاریی نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به جیاجیاكانی ئه‌مریكا رێكخست كه بڕیاره سێ رۆژ بخایه‌نێت.
چوار ساڵ لهمهوبهرو له ئابی 2014دا، نادیه موراد له‌گه‌ڵ براكانیو دایكی‌دا كه‌وتنه ده‌ستی داعش له‌گوندی كۆچۆی قه‌زای شه‌نگال، له‌خۆرئاوای نهینهواو دوای روبه‌روبونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی‌و توندوتیژی، توانی له‌ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه هه‌ڵبێت.
دوابه‌دوای رزگاربونیو بڵاوبونه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی، نادیه بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرا‌و له‌وێوه زیاتر دۆسیه‌ی ئێزیدییەکانی به‌جیهان ناساند‌و له‌ساڵی 2016دا، وه‌كو باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دیاریكرا.
سه‌رچاوه: فۆكس نیوز