کاتێک سەرەتاى ساڵى داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ بەفەرمى پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا وەردەگرێت، مێلانیاى هاوسەرى دەبێتە خانمى یەکەمى ئەمەریکا.
بەڵام زۆرێک لە چاودێرانى ئەمەریکا پێیان وایە، ئەوە ئیڤانکاى کچى ترەمپە کە بەشێک لە ئەرکە سیاسیەکانى خانمى یەکەم لە ئەستۆدەگرێت.
بە درێژاى کەمپەینى هەڵبژاردنى ترەمپ، کچە ٣٥ ساڵەکەى بەردەوام لەگەڵیدا بوو، لە کۆبونەوەى لایەنگراندا وتارى دەدا و بە شێوازى جۆراوجۆر دەنگى بۆ باوکى کۆدەکردەوە.
ئیڤانکا وەک چالاکێکى ئابوورى و دایکى سێ منداڵ، توانى تا ئاستێک پشتیوانى ژنان بەدەستبهێنێت، کە زۆرێکیان بەهۆى بۆچوون و ڕەفتارەکانى ترەمپەوە بەرامبەر ژنان، چارەیان نەدەویست.
دۆناڵد جونیور یەکێک لە کوڕەکانى ترەمپ، دەڵێت، ئیڤانکا منداڵى خۆشەویستى باوکیەتى و ترەمپ ئەو هەر بە “کچە بچوکەکەى بابە” بانگى دەکات، کاتێکیش لە یەک دوورن لانى کەم ڕۆژانە پێنج جار بە تەلەفۆن قسە دەکەن.
بەدرێژایى کەمپەینى هەڵبژاردن، ئیڤانکا بۆ کۆکردنەوەى پشتیوانى لە باوکى بۆ هەزاران کیلۆمەتر لەسەرتاسەرى ئەمەریکادا گەشتى کرد، کە بەشێکیان لەکاتى دووگیانیەکەیدا بوو.
گۆڤارى ڤانتى فایر ئیڤانکاى وا وەسفکردووە کە ئەو ڕۆڵە دەبینێت کە دەبوو هاوسەرەکەى ئەنجامی بدات و نوسیویەتى “پێدەچێت کەمپەینى بانگەشەى دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیاندنى پەیامەکانى بە خەڵک ئیڤانکاى لە مێلانیاى هاوسەرى ترەمپ پێباشتر بێت بۆیە زیاتر سودى لەو وەرگرت”.
ئەوە ئیڤانکا بوو، نەک مێلانیاى هاوسەرى، کە ترەمپى وەک کاندیدى کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکا ڕاگەیاند، ئەو زیرەکانە پارێزگارى لە باوکى کرد و خاڵە لاوازەکانى شاردەوە، ئیڤانکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەفتەنامەى سەندەى تایمزدا وتى باوکى هەمیشە پشتیوانى فیمینیزم بووە و “یەکێک لە بەڵگەکانیش ئەوەیە کە من توانیمەوە ئێستا ئەو ژنە بم کە دەمبنینن”.
ئیڤانکا لەگەڵ ئیریک و جۆنیورى برایدا، بەشدارە لە بەڕێوەبردنى دامەزراوە ئابوورییەکەى ترەمپ و زنجیرە هوتێلەکانیدا، لە چالاکییە ئابورییەکانى ترەمپیشدا ڕۆڵ و دەسەڵاتێکى هەیە کە هیچکام لە هاوسەرەکانى ترەمپ نەیانبووە و نیانە. دەوترێت، ئەو بەڕێوەبەرى بەشێکى گەورەى مامەڵەکانە لە دامەزراوە ئابوورییەکەى ترەمپدا.
لە هەمانکاتدا ئیڤانکا خاوەنى براندى جل و بەرگى خۆیەتى و دروشمەکەى ئەمەیە “ئەو ژنانەى کە کاردەکەن”. لە ماڵپەڕەکەى خۆیدا دەڵێت “دەمەوێت ئەو ئیلهامە بدەم بەژنان کە بەتوانا بن و ئەو ژیانە دروست بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، ژیانیان تەنها پەیوەندى بەخۆیانەوە هەیە نەک ئەو چاوەڕوانى و پێشبینیانەى ئەوانى تر هەیانە”.
لە کاتێکدا کە دۆناڵد ترەمپ بە درێژاى کەمپینى هەڵبژاردن، بە جیاکارى ژنان و خراپ ڕەفتارکردن لەگەڵیاندا تۆمەتبار دەکرا، ئیڤانکا هەوڵیدەدا پشتیوانى ژنان بەدەستبهێنێت، لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە بانگەشەى هەڵبژاردندا وتى “خێزانى ئەمەریکى پێویستى بە هاوکارییە، ئەو سیاسەتەى کە هاوکارى بەرەوپێشچونى ئەو ژنانە دەکات کە خاوەنى منداڵن، نابێت تەنیا بۆ ژمارەیەکى کەم و دیاریکراو بێت بەڵکو دەبێت بۆ هەموان بێت، سیاسەتمەداران بەڵێنى موچەى یەکسانى ژنان و پیاوان دەدەن، بەڵام باوکم ئەوەى لە سەرجەم کارەکان و کۆمپانیاکانیدا بە کردار جێبەجێکردووە”.
بۆچونەکانى لەبارەى مۆڵەتى منداڵبوون و چاودێڕیکردنى منداڵیشەوە، کاریگەرى لەسەر سیاسەتەکانى باوکى دانا. دۆناڵد ترەمپ لەیەکێک لە کۆبوونەوەکانى کەمپەینەکەیدا لە ویلایەتى ئایۆڤا وتى “ئیڤانکا هەمیشە جەختى لەسەر ئەم مەسەلە کردووەتەوە و بەردەوام پێى وتوم دەبێت ئەم کارانە بکەم. ئەو زۆر زیرەکە و لەسەر حەقە”.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئیڤانکا لە باوکى زیاتر قایمەکارە، لە ئینستاگرام نزیکەى ١.٥ ملیۆن فۆلۆوەرى هەیە و وێنەى خێزانى و وتەى گەشبنیانە بڵاودەکاتەوە، لە کاتێکدا مێلانیاى هاوسەرى ترەمپ و خانمى یەکەمى ئەمەریکا تەنها ١٢ هەزار و ٥٠٠ فۆلۆوەرى هەیە.
ڕەنگە ئیتر وێنەى هیلارى و بیل کلینتۆن لە مەراسیمى هاوسەرگیرى ترەمپ و ملانیادا نەبینینەوە، بەڵام ئیڤانکا هێشتا هاوڕێیەتى خۆى لەگەڵ چێڵسى کچى کلینتۆندا پاراستووە. هەرچەندە بە پێى ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا ئەوان پەیوەندییەکانى نێوانیان ڕاگرتووە.
ئیڤانکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤارى پیوپڵ وتى “پەیوەندى ئێمە هاوڕێیانەیە، بەڵام لە ئێستا هەردووکمان فشارێکى زۆرمان لەسەرە”.
لە مانگى ئابدا، یەکێک لە میدیاکانى ئەمەریکا لە دۆناڵد ترامپى پرسیى بوو، ئەگەر ببى بەسەرۆکى ئەمەریکا، کام ژن لە کابینەکەتدا پۆست وەردەگرێت؟
ئەو لە وەڵامدا وتبوى “ژمارەیەکى زۆر ژن هەیە کە دەتوانم یەکێکیان هەڵبژێرم، بەڵام هەمووان دەڵێن ئیڤانکا هەڵبژێرە”.
ئیڤانکا هیچ ئەزمونێکى لە مەیدانى سیاسەتدا نییە، بەڵام باوکیشى هیچ ئەزمونێکى سیاسى نەبوو کە وەک سەرۆک هەڵبژێردرا، بۆیە دوورنییە ئیڤانکا ببێت بە یەکێک لە کەسە گرنگەکان لە بازنەى کەسە نزیکەکانى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکادا.
لە وەڵامى پرسیارێکى گۆڤارى کوزموپولیتندا کاتێک لێیان پرسى ئایا ڕۆژێک دێت ئەویش کاندیدى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بێت؟ ئیڤانکا وتى گریمانەیەکى ئاوا ڕەتناکەمەوە و ئاماژەى بۆ ئەوەکرد “بەدوورى دەزانم، بەڵام فێربووم لە ژیاندا نابێت بڵێیت نا، چونکە وتنى نا مروڤ سنوردار دەکات”.
لیندسى براون – بی بی سی